کۆنگرەی ستار کۆبوونەوەیەکی بۆ ٨ی ئادار لە حەسەکە ڕێکخست

بە دروشمی "بە ئیرادەی ژنانی ئازاد، سیاسەتەکانی قڕکردن و داگیرکردن و گۆشەگیری تێکدەشکێنێنین"، کۆنگرەی ستار لە شاری حەسەکە کۆبوونەوەیەکی ئەنجامدا.

 

حەسەکە

 

بەبۆنەی ٨ی ئادار ڕۆژی جیهانی تێکۆشانی ژنان، کۆنگرەی ستار کۆبوونەوەیەکی سەبارەت بە مێژووی ٨ی ئادار بۆ ژنانی کرێکار و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە هۆڵی TEV-DEM لە گەڕەکی تل هەخەر ئەنجامدا.

 

کۆبوونەوەکە لەلایەن هەڵەبجە ئەحمەد، ئەندامی بەڕێوەبەرایەتی کۆنگرەی ستار لە شاری حەسەکە بەڕێوەچوو.

 

هەڵەبجە ئەحمەد لەبارەی مێژووی ٨ی ئادار وتی: لە ٨ی ئاداری ١٨٥٧ نزیکەی ۴٤٠ هەزار ژن لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ویلایەتی نیویۆرک مانگرتنیان دەستپێکرد بۆ باشترکردنی بارودۆخی کارکردنیان و داوایان کرد کە کاتژمێرەکانی کارکردنیان ٨ کاتژمێر بێت و کرێی یەکسان وەربگرن، بەڵام لە ئەنجامی مانگرتنەکەدا، کارگەی ژنان سوتێندرا و نزیکەی ١٢٩ ژن بەهۆی ئاگرەکەوە گیانیان لەدەستدا. لە ساڵی ١٨٥٧ نەتەوە یەکگرتووەکان ٨ی ئاداری وەک ڕۆژی جیهانی ژنانی کرێکار پەسەند کرد.

 

"تێکۆشانی ژنان مێژووییە"

سیلاڤا ئەحمەد، ئەندامی تەڤگەری کۆمەڵگەی دیموکراتیک، جەختی لەوە کردەوە کە خەباتی ژنان لە مێژووەوە تا ئەمڕۆش بەردەوامە و وتی: ژنان میراتێکی گەورەیان هەیە لە بەرخۆدان و خەبات و مێژوو تا ئەمڕۆش، ئەمڕۆ شۆڕشی ڕۆژئاوا لەسەر بنەمای دەستکەوتەکانی ساڵی ١٨٥٧ بەردەوامە، بۆیە دەبینین ئەو دەستکەوتە پیرۆزانەی ئەمڕۆ لە لایەن کاری ژنانەوە بەدەستیان هێناوە، ئەنجامی خەبات و تێکۆشانێکی گەورەی ژنانە، بۆیە پاراستنی دەستکەوتەکان ئەرکی سەرەکی هەموو ژنانە.