کۆنفرانسی ژنانی ئابیا یالا و کورد لە بۆگۆتا بەڕێوەدەچێت

ئێوارەی دوێنێ لە بۆگۆتا بە بەشداری ٤٠٠ نوێنەر ژنانی ئەندامی ئابیا یالا "ئەمریکای لاتین" و کوردستان کۆنفرانسی "گەشەدەکەین چونکە شەڕ ناتوانێت ڕیشەکێشمان بکات" دەستیپێکرد و بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ بەردەوام دەبێت.

ناوەندی هەواڵ

 

بە پێشەنگایەتی تۆڕی "ژنان ئایندە دادەڕێژنەوە'" و بزووتنەوەکانی ژنانی ئەمریکای لاتین لە بۆگۆتای پایتەختی کۆڵۆمبیا لە دژی ڕەهەند و دەرنجامەکانی سیاسەتە تێکدەرەکانی کۆڵۆنیالیزم، پیاوسالاری و سەرمایەداری و هەڵسەنگاندنیان، ئێوارەی ١١ی شوبات بە بەشداری ٤٠٠ ئەندام ژنانی ئەندامی ئابیا یالا "ئەمریکای لاتین" و کوردستان کۆنفرانسی "گەشەدەکەین چونکە شەڕ ناتوانێت ڕیشەکێشمان بکات" دەستیپێکرد و بڕیارە ئەمڕۆ بەرنامەی کۆنفرانسەکە کە بۆ ماوەی چوار ڕۆژی تر بەردەوام دەبێت، بە سێ دانیشتنی پلینۆم و ڕۆژێک وۆرک شۆپ بەڕیوەبچێت.

 

کۆنفرانسەکە پێشکەشی ڕۆحی گیانبەختکردوانی ئازادیی ژن ئەلینا سانچێز، بەرتا کاسەریس، ڕۆزا لۆکسمبۆگ و ساکینە جانسز کرا.

 

نوێنەرانی ژنانی کوردی بەشداربووی کۆنفرانسەکە بەم شێوەیە:

- بێریڤان خالید، لە کۆنگرەی ستار لەسەر تەوەری "چۆن دەتوانرێت سیستەمێکی ئەڵتەرناتیڤ لە دژی ئەم هێرشانە بنیات بنرێت، بەبێ ئەوەی بکەوێتە داوی دەوڵەتەوە؟"، هەڵسەنگاندن دەکات.

- مەریەم فاتیحی، ئەندامی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان "کژار"، بەشدار دەبێت لە دانیشتی یەکەم کە بە ناونیشانی 'سیاسەتەکانی کۆلۆنیالیزەکردن و تێکۆشان بۆ بەرگریکردن' بەرێوەدەچێت'

دەنگیر گونەش، بە نوێنەرایەتی تەڤگەری ژنانی کوردستان لە تەوەری سێهەمی کۆنفرانسەکە کە بریتییە لە "بەشداری ڕەنگی ژنان لە بەرخۆدان" بە ناونیشانی "هاوپەیمانی نێوان باوکسالاری، دەوڵەت، کۆلۆنیالیزم و سەرمایەداری" هەڵسەنگاندن دەکات.

- هەروەها نوێنەری ژنۆلۆژی لەسەر لەسەر تەوەری "چۆن زانست و نەریتی ژنان ببنە بناغەیەکی بەهێز بۆ بەرخۆدان" هەڵسەنگاندنی دەبێت.

- لەسەر تەوەری "ڕێکخراوی سەربەخۆ وەک بنەمایەکی بنەڕەتی" ژیان دۆغان، ئەندامی تەڤگەری ژنانی ئازاد "تەژەئا" هەڵسەنگاندن دەکات.

 

دوای نزیکەی ساڵێک لە ئامادەکاری، داواکاری بەشداریکردن زۆر بوو؛ بەڵام ئۆرگانیزەکردنی کۆنفرانسەکە، جێگە و بەشداری گەلانی ڕەسەن، بزووتنەوە فێمینیستەکان، بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، سەندیکاکان، بزووتنەوە ئیکۆلۆژییەکان و کۆمەڵە میدیاییە جێگرەوەکانی لە پێشینەدا دانا.

 

لە کۆنفرانسەکەدا کە تا ١٥ی شوبات بەردەوام دەبێت، ژنان باس لە سیاسەتە تێکدەرەکانی کۆلۆنیالیزم و پیاوسالاری و سەرمایەداری دەکەن و تیشک دەخەنە سەر ئەوەی کە چۆن دەتوانرێت بەرخۆدانی کۆمەڵایەتی لەسەر بنەمای ڕزگاری ژن ڕێکبخرێت. بەرنامەکە بە سێ دانیشتنی پلینۆم و ڕۆژێک وۆرک شۆپ بەردەوام دەبێت

 

کۆنفرانسەکە بە ڕێوڕەسمێک بە پێشەنگایەتی سەرکردە ڕۆحییەکانی ماپوچی، کیچوا، لێنکا، ئایمارا و گەلانی ڕەسەنی دیکە دەستی پێکرد. لە کۆنفرانسەکەدا چەندین ژن  هاوشانی شاندی ژنانی کوردستان بە ڕەنگ و جلوبەرگی نەتەوەیی خۆیانەوە ئامادەبوون.