کۆنفرانسی ژنانی گەنجی تێکۆشەر بەڕێوە دەچێت
سێیەمین کۆنفرانسی ژنانی گەنجی تێکۆشەر بۆ گفتوگۆکردن دەربارەی کار چالاکییەکانیان بەڕێوەدەچێت، تێیدا گیروگرفتەکانی ژنانی گەنج دەخرێتە بەر باس.
ناوەندی هەواڵ
سەر لە بەیانی ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی ڕێکخراوی ژنانی گەنجی تێکۆشەر سێیەمین کۆنفرانسیان بە دروشمی "بە ڕیکخستن بوونی ژنانی گەنج ئازادیی بەدەستدەهێنین" دەستپێکرد، کە پێشکەش دەکرێت بە ڕۆحی تێکۆشەری گیانبەختکردوو ڤیان سۆران.
ئامانجی بەستنی سێیەمین کۆنفرانسی ژنانی گەنجی تێکۆشەر گفتوگۆ کردنە لەسەر کار و چالاکییەکانی ڕێکخراوەکەیان لە ماوەی نێوان کۆنفرانسی دووەم و سێیەم، هەروەها تێیدا کێشە و ئاڵنگارییەکانی ژنان لە ناو کۆمەڵگادا دەخرێتە بەر باس و چارەسەریی بۆ کێشەکان دەخریتەڕوو، هەروەها ڕەوشی سیاسی و کار و خەباتی ژنان گەنگەشە دەکرێت.
وتاری دەستپێکی کۆنفرانس لە لایەن کانی چیا، پێشکەشکرا و وتی: سێیەمین کۆنفرانسی ژنانی گەنجی تێکۆشەر پێشکەش دەکەین بە ڕۆحی بەرزە فڕی گیانبەختکردوو ڤیان سۆران، کە لە پێناو ئازادیی ژناندا ئاگری لە جەستەیی پیرۆزی خۆی بەردا.
کانی وتیشی: سیستمی سەرمایەداریی ئێمە لە ناو بازنەیەکی بچوکدا دەستبەسەر دەکات و بە شەڕی ئابووریی، میدیایی، دەروونیی و فیزیک هەوڵدەدات ئیرادەمان بشکێنن، ئێمەی ژنانی گەنجی تێکۆشەر سەرەتا شەڕی ئەم سیستمە دەکەین، دواتر لە ناو کۆمەڵگادا بە ڕێکخستنکردنی ژنان، لە ناو سیستمێکی کۆیلایەتی پیاوسالارییەوە ژنانی گەنج دەکەین بە ژنێکی خاوەن ئیرادە و کۆڵنەدەر و تێکۆشەر لە پێناو ئازادبوونی ئیرادەی ژنان.
دواتر پەیامی هەر یەک لە ژنانی گەنجی مەخمور، شەنگال و ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێشکەشکرا و کۆنفرانسێکی لەم چەشنە تایبەت بە کێشەکانی ژنانی گەنجیان بە گرنگ و پێویست پێناسە کرد.
لە درێژەی کۆنفرانسەکەدا ڕاپۆرتی دوو ساڵی کار و خەباتی ژنانی گەنجی تێکۆشەر خرایەڕوو، هەروەها پەرسپەکتیڤی ڕێبەری گەلی کورد بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەلان لە بارەی تێکۆشانی ژنان و گەنجان، بە ڤیدیۆ لە ڕێگای داتاشۆوە پێشکەشکرا.
لە کۆنفرانسەکەدا ١٠٠ ئەندام لە تەواوی شار و شارۆچکەکانی باشووری کوردستانەوە بەشدارییان کردووە، لە ناویاندا ژنانی گەنجی مەخمور، شەنگال و ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەن.
ت.پ