کۆنفڕانسی "ژن، ژیان، ئازادی" له ستۆکهۆڵم دەستیپێکرد

کۆنفڕانسی "ژن، ژیان، ئازادی" لە ستۆکهۆڵم دەستیپێکرد، ژنانی نەتەوە ستەملێکراوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەشداری کۆنفرانسەکە دەکەن و دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ ٢٠ی کانوونی دووەم، کۆنفڕانسی "ژن، ژیان، ئازادی" بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی و خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانبەختکردووانی ئازادی لە ستۆکهۆڵمی سوید دەستیپێکرد و ژنانی زۆرێک لە نەتەوە ستەملێکراوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پرسی ژنان کۆبوونەوە.

 

مریەم فەتحی، ئەندامی کۆمەڵەی ئازادی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان "کژار"، بە وتاری کۆنفرانسەکە دەستی بە قسەکانی کردو بە ئاماژە بەو بەرخۆدانەی کە ئێستا لە زیندانەکانی ئێراندا ڕوودەدات، یادی ژنە زیندانییە سیاسییەکان و بەرخۆدانی زیندانییەکانی لە زیندانەکاندا کردەوە. 

 

لە سەرەتای کۆنفرانسەکەدا سیدینا بانکز، هونەرمەند و چالاکوانی سویدی بۆ بەبیرهێنانەوەی ساکینە جانسز، فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز، پێشەنگان و سیاسەتمەدارانی کورد کە لە ساڵی ٢٠١٣ لە فەڕەنسا تیرۆرکران، گۆرانییەکی پێشکەش کرد و یەکەم پانێڵی کۆنفرانسەکە بە وتەی شەهێن نەوایی دەستیپێکرد. 

 

شەهێن نەوایی، چالاکوانی سیاسی و چالاکوانی مافەکانی ژنان لە دەروەی وڵاتی خۆی، وتارەکەی تەرخان کرد بۆ مێژووی خەباتی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کە لە سەردەمی سەفەوییەکانەوە دەستیپێکرد و تا ئەمڕۆش بەردەوامە.

 

شەهرە قەنبەری، هونەرمەند و زیندانی سیاسی پێشوو، باسی خەباتی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانی کرد لە زیندانەکانی ڕژێمی ئیسلامی کە لە ساڵانی شەستەکاندا دەستیپێکرد و بەردەوامە لە بەرەنگاربوونەوە، ژنان ڕووبەڕووی جۆرەها هەراسانکردنی زایەندی و توندوتیژی، سەختی زیندان و ئەشکەنجە دەبنەوە.

 

کۆنفرانسەکە ئەمڕۆو ڕۆژی یەکشەممە ٢١ی کانوونی دووەم بەردەوام دەبێت.