کۆمینەکان نموونەیەکی کۆمەڵایەتی بۆ ژیانی ئازاد و بەشداری چالاکانەی ژنانن
سیستمی کۆمینی ڕۆڵی هەیە لە بەرەوپێشبردنی ژیانی ئازاد و پاراستنی مافەکانی ژنان لە ڕێگەی بنەمای هاوسەرۆکایەتییەوە. ژنان ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن لە گفتوگۆ و لیژنەکان و گەشەپێدانی کۆمەڵگەدا، دامەزراندنی کۆمینەکانی ژنان گرنگییەکی زۆری هەیە.
نەغم چاچان
قامیشلۆ-سیستمی کۆمینی ڕێبازی کۆمەڵایەتی ئایدیاڵە بۆ بونیادنانی ژیانێکی ئازاد و شکۆدار، بەتایبەت لە پاراستنی مافەکانی ژنان،کاتێک تاکەکان هەست دەکەن دەنگیان دەبیسترێت و بەشداریکردنیان جیاوازی دروست دەکات، کۆمینەکە دەگۆڕێت بۆ شوێنی ڕۆژانە بۆ دەستپێشخەری و کۆردیناسیۆن و چارەسەرکردنی کێشە هاوبەشەکان، ژنان ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن لە ڕێگەی ئامادەبوونیان لە گفتوگۆکان، بونیادنانی ژیانی متمانەپێکراو لەناو کۆمەڵگەدا و بەشداریکردن لە چەسپاندنی بەها هاوبەشەکان.
بەشداری چالاکانەی ژنان ڕەهەندێکی کردەیی و کاریگەر بە سیستەمی کۆمین لە ژیانی هەمووان دەبەخشێت و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتییان دەکاتە بەردی بناغەی ڕێگای ئازادی، غالیە ئەحمەد، سەرۆکی ئەنجومەنی تل مەعروف دووپاتی کردەوە، کە ئەم سیستەمە دەتوانێت ببێتە شێوازێکی ژیان.
سەرنجی بۆ ڕۆڵی ژنان لەناو کۆمینەکاندا ڕاکێشا و ڕایگەیاند، ژنان لەگەڵ پیاوان ڕۆڵێکی بنەڕەتی دەگێڕن و بەرپرسیارێتی گرنگ لەناو کۆمەڵگەکانیاندا هەڵدەگرن، لە ڕابردوودا ڕۆڵی ژنان تەنها لە کاری ناوماڵدا سنووردار بوو، بەڵام ئەمڕۆ دەبینین ژنان چالاکانە بەشداری لە دامەزراوەکان و کۆمینەکاندا دەکەن، ئەوان ئامادەیییەکی دیار و پێگەیەکی ڕوونیان هەیە لە هەموو ئەو لیژنانەی کە لەناو کۆمینەکاندا دامەزراون.
سیستەمی کۆمین لەسەر بنەمای هاوسەرۆکایەتی دامەزراوە، وتی: کاتێک ژنان ڕووبەڕووی کێشەیەک دەبنەوە، پیاوان بە تەنها ناتوانن چارەسەرێک بدۆزنەوە، چونکە ژنان زیاتر لەم بابەتانە نزیک دەبنەوە و بە قووڵی لێیان تێدەگەن، زۆرجار دەوترێت کە ژن سەرۆکی کۆمینە، بەڵام ئەمە نادروستە، هەردوو ژن و پیاو پێکەوە پۆستی سەرکردایەتییان هەیە، پیاوان بەبێ ژنان ناتوانن هیچ شتێک بە ئەنجام بگەیەنن و ئەگەر هەوڵی ئەوە بدەن بە تەنها کار بکەن، ئەوا دەبێتە سیستەمێکی پیاوسالاری، سیستەمی هاوسەرۆکایەتی، لە سەرەتای هاتنە ناو پێکهاتەی کۆمینیەوە، ڕێگەی بۆ ژنان کردۆتەوە کە داوای مافەکانیان بکەن و بەشداری کاریگەرانە لە ژیانی گشتیدا بکەن.
سەبارەت بە سەردانەکانی ئەندامانی خۆبەڕێوەبەری بۆ کۆمینەکان وتی: لە وەڵامی بانگەوازەکەی ڕێبەر ئۆجالان، خۆبەڕێوەبەری بڕیاریدا کە ئەندامەکانی هەموو شەممەیەک سەردانی کۆمینەکان بکەن بۆ پێشکەشکردنی پێشنیارەکانیان، بەشداری بکەن لە چارەسەرکردنی کێشەکان بە شێوەیەکی دەستەجکۆمەڵی گفتوگۆی ئەو پلانانە بکەن کە لە گوند و شارەکاندا پێکەوە جێبەجێ دەکرێن، هەروەها کار لەسەر ئاوەدانکردنەوەی کۆمینەکان بکەن بە شێوەیەکی باشتر.
غالیە ئەحمەد جەختی لەوە کردەوە، کە ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان پێگەیەکی تایبەتی بە ژنان بەخشی و مافەکانیانێ بۆ گەڕاندنەوە، وتی: پێش ئەوەی بیر و فەلسەفەی خۆی بخاتەڕوو، ماف و بوونی ژن پەراوێز خرابوو، بەڵام ئازادی کۆمەڵگە بەدی نایەت تا ژن ئازاد نەکرێت ئەمڕۆ دەبینین ژنان لەناو کۆمینەکان گەیشتوونەتە ئاستێکی پێشکەوتوو، مێژووی خۆیان دروستکردووە و بەشێوەیەکی بەرچاو ڕۆڵی خۆیان لە کاری کۆمینیدا پەرەپێداوە، ئەگەر بەڕێوبردنەکانی کۆمینەکان تاکلایەنە بڕیار بدەن، ئەوا ئەم بڕیارانە بەتاڵن و بێ سوودن، چونکە ئێمە ناوەندگەرایی ڕەتدەکەینەوە، بەڵام کاتێک بیروڕای ئەندامانی کۆمینەکان و پێکهاتەکە لەبەرچاو بگیرێت و بڕیارەکە بەکۆمەڵ دەدرێت، ئەوە دەبێتە بڕیارێکی کاریگەر و ئەنجامێکی بەرجەستەی لێدەکەوێتەوە.
هەروەها خواستی خۆی بۆ دامەزراندنی کۆمینەکان لە هەموو شوێنێک دەربڕی، هەروەها کۆمین بناغەی کۆمەڵگە و بەهای ڕاستەقینەیەتی بەرهەمی ئەم گفتوگۆ هاوبەشە، کە ڕۆڵی ژنان بەهێز دەکات و شوێنی فراوانتریان پێدەبەخشێت لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا.
زەکیە محمد، ئەندامی ئەنجومەنی دادپەروەری ژنان لە تل مەعروف ڕوونیکردەوە، کە ئەنجومەنەکە سیمینار و خولی پەروەردەی بۆ ژنان ڕێکدەخات، وتی: پێشتر ژنان کاریان دەکرد، بەڵام هەوڵەکانیان نەدەزانرا و نە بینرا، بە بیرکردنەوە و فەلسەفەی ڕێبەر ئۆجالان، بوونە بڕیاردەر و بوونی جۆیان سەلماند، تەنانەت تا ئەمڕۆش هەندێک لە ژنان تووشی توندوتیژی دەبنەوە، هەر بۆیەش ئێمە سیمینار و خولی پەروەردەی ئەنجامدەدەین بۆ ئەوەی یارمەتیان بدەین بە قووڵی لە خۆیان تێبگەن و هۆشیارییان بۆ مافەکانیان بەرزبکەنەوە