کۆمەڵەی ژنانی عێراق ئیدانەى پێشێلکارییەکانی سەر ژنانى ڕۆژئاوا دەکەن
کۆمەڵەی ژنانی عێراق، ئیدانەى ئەو پێشێلکارییانەی سەر ژنانی ڕۆژئاواى کوردستان دەکەن، کە لەلایەن چەتەکانەوە دەکرێن و دەڵێن: پێشێلکارییەکی ئاشکرای سەرجەم ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتیی و مرۆییەکانە، هەروەها داوا دەکەن بەپەلە هەنگاو بنرێت بۆ پاراستنی ژنان.
ناوەندی هەواڵ
کۆمەڵەی ژنانی عێراق سەبارەت بە هێرش و داگیرکارییەکانى دەوڵەتى تورک و چەتەکانى جۆلانى دژ بە ڕۆژئاواى کوردستان بە تایبەتى دژى ژنان، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.
دەقی ڕاگەیاندراوەکە بەم شێوەیەیە:
ناوچەکانى ڕۆژئاواى کوردستان بە قۆناغێکی سەختدا تێدەپەڕێت، بەهۆی دەستێوەردانەدەرەکی و کاردانەوەی ناوچەیی و نێودەوڵەتیییەکان دۆخەکە ئاڵۆزتر بووە، ئەم کاردانەوەیە کاریگەرییەکی ڕوونی لەسەر بارودۆخی کۆمەڵایەتی، مرۆیی و ئابووری هەبووە، خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان تێکچوون و بارودۆخی ژیان تادێت قورستر دەبێـت، جگە لەوەش ژنانی ڕۆژئاوا لە ناوچەکانی ململانێ و ئاوارەبووندا ڕووبەڕووی سەختییەکی ئاڵۆزتر دەبنەوە.
شەڕە بەردەوامەکان و هێرشە سەربازییەکانى سووریا کاردانەوەى قورسی لێکەوتەوە، دەرئەنجامەکەى لەڕادەبەدەر مەترسیدارە و هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیری ژنانی ئەو ناوچەی دەکات، کە بوونەتە دیارترین قوربانیانی ئەو ململانێیانە.
ئەو پێشێلکارییە قورسانەی لە پارێزگاکانی حەسەکە و دێرەزۆر و ڕەققە ڕوویاندا، لەوانەش بێڕێزیکردن بە جەستەی ژنە شەڕڤانان و ژن و کچانی کورد، پێشێلکارییەکی ئاشکرا و قبوڵنەکراوی هەموو ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتی و مرۆییەکان و پێشێلکردنی ئاشکرای بنەماکانی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی و کەرامەتی مرۆڤایەتییە.
کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکان بە شێوەیەکی سیستماتیک دەکرێنە ئامانج، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی هەستی پاراستن و ئاسایش و سەقامگیرییان لەدەست بدەن، بە تایبەتی منداڵان کاریگەری توندوتیژی و تاوانە دڕندەکانیان لەسەرە، کە زەبرێکی دەروونی و کۆمەڵایەتی بەردەوامیان بۆ درووست دەکات، ئەمەش پێویستی بە دەستێوەردانی خێرا هەیە بۆ وەستاندنی ئەم تاوانانە و لێپرسینەوە لە تاوانباران و دادگاییکردنیان.
هاوڵاتیانى ئەو ناوچانە پێویستیان بە هاوکاری هەیە بۆ دابینکردنی ژینگەیەکی سەلامەت، هەروەها پێویستیان بە هەوڵی هاوبەش هەیە، بۆ دامەزراندنی بنەماکانی هاوڵاتیبوونی یەکسان و ڕێزگرتن لە فرەچەشنی و پێشخستنی کولتووری پێکەوەژیان وەک سەرچاوەی هێز بۆ کۆمەڵگا سەقامگیر و پێشکەوتووەکان.
کۆمەڵەی ژنانی عێراق ئیدانەی ئەو ڕووداوانە دەکات، کە لە هەندێک ناوچە و شارەکانی ڕۆژئاواى کوردستان و سووریا ڕوودەدەن و هاوسۆزی خۆیان لەگەڵ ژنانی ڕۆژئاوا دەردەبڕن، داوا دەکەن هەنگاوی بەپەلە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم ئاڵنگارییانە بنرێت، بە بەهێزکردنی مافەکانی مرۆڤ و سەروەری یاسا و پشتیوانیکردن لە چارەسەری ئاشتیانە و پەرەپێدانی هاوکاری بنیاتنەر لە نێوان کەسایەتى نیشتمانی و ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان بۆ پاراستنی مافەکانی مرۆڤ، بەتایبەتی مافی ژنان.