کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی ژن لە شاری مێرسین دامەزرا

ژنە ڕۆژنامەنووسانی شاری مێرسین، بۆ درێژەدان بە خەباتی ڕێکخراو لە دژی نایەکسانی ڕەگەزی، نادادپەروەری، پێشێلکردنی مافەکان لە ژیانی پیشەیی خۆیاندا، کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی ژنیان دامەزراند.

ناوەندی هەواڵ

 

ژنانی ڕۆژنامەنووس لە مێرسین، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە لە لقی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ "İHD" لە مێرسین بەڕێوەچوو، "کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی ژن"یان ڕاگەیاند، ڕۆژنامەنووس گەمزە شیمشەک، کە بەیاننامە ڕۆژنامەوانییە هاوبەشەکەی خوێندەوە، ڕایگەیاندووە، ڕۆژنامەنووسانی ژن ناچار دەکرێن لە هەفتەیەکدا زیاتر لە ٤٥ کاتژمێر کار بکەن لە هەلومەرجێکدا کە زۆرێک لە مافەکانیان لێ زەوت دەکرێت، هەروەها بە مووچەیەکی کەم.

 

"ژنان زیاتر تووشی نەخۆشییە پیشەییەکان دەبن"

گەمزە شیمشەک وتی: لەم ڕۆژانەدا کە پیاوسالاری وەک تۆڕێک ژیانی ئێمەی گەمارۆ داوە، هەموو لایەنەکانی ژیانمان گۆڕاوە بۆ دۆزەخ و هەر هەناسەیەک کە بۆ ژیان دەیدەین گۆڕاوە بۆ خەبات، ژنانی ڕۆژنامەنووس کە لە ژێر فشار و سانسۆر و دەستبەسەرداگرتنی مافەکاندا درێژە بە پیشەکەیان دەدەن، بەردەوام دەبن لە خەباتیان بۆ مانەوە لە پیشەکەیاندا بە کرێی کەم کە کۆی گشتی کاتژمێری کارکردن درێژ دەبێت، ئەو ژنانەی بەبێ ئاسایش کاردەکەن، زیاتر لە پیاوان ڕووبەڕووی نەخۆشییە پیشەییەکان دەبنەوە.

                                                         

"ژنانی ڕۆژنامەنووس بە تەنیا ماونەتەوە"

گەمزە شیمشەک ڕایگەیاند، لە ناو ڕۆژنامەنووساندا ڕێژەی ئەو ژنانەی کە بەهۆی پیشەکەیانەوە تووشی کێشە دەبن ٥٩%یەو پیاوانیش ٢٦.٨%ە وتی: ئەو ژنانەی لەم بارودۆخە نایەکسانەدا کاردەکەن ناچارن بەرەنگاریی جەماوەر ببنەوە لە شوێنی کارەکانیاندا، ئەو ژنە ڕۆژنامەنووسانەی کە بە تەنیا لەگەڵ چەندین کێشەدا خەبات دەکەن و کەناڵەکانیان بە سزای دەرکردن و گرتن داخراوە، بە تەنیا دەمێننەوە.

 

"هەنگاوێکە بۆ کۆتاییهێنان بە ناڕێکخراوی"

گەمزە شیمشەک ئاماژەی بەوەکرد، بەو هەنگاوەی کە لە مێرسین نراوە، ئامانج ئەوەیە کە کۆتایی بە ناڕێکخراوییەکەیان بهێنرێت کە گەورەترین بەربەستە لەبەردەم خەباتی کۆمەڵەی ژنانی ڕۆژنامەنووسان، لە بەرامبەر میدیای پیاوان شان بە شانی یەکتر بوەستن، وتیشی: ئامانجە سەرەکییەکانی کۆمەڵەکە پێکەوە وەستانەوە لە بەرامبەر هەموو جۆرە فشار و هەراسانێک، بۆ ئەوەی بتوانین پیشەکەمان جێبەجێ بکەین، کە لەلایەن بەڕێوەبەرانی پیاوەوەو سیاسەتە پیاوسالارییەکانی حکومەتەوە دەستیان بەسەردا گیراوە، بۆ ئەوەی بتوانین بڵێین 'ئێمە پێکەوە بەهێزین'، شەرەفی پیشەیی خۆمان بپارێزین و پیشەکەمان لە چوارچێوەی 'ڕەوشتی پیشەیی'دا بەڕێوەببەین.

 

گەمزە شیمشەک داوای لەو ژنە ڕۆژنامەنووسانە کرد کە هێشتا ئەندامی کۆمەڵەکە نین، پێکەوە خۆیان ڕێکبخەن.

 

"زمانی هەواڵ لەسەر بنەمای یەکسانی ڕەگەزی بونیاد دەنێین"

گەمزە شیمشەک وتی: چاوەڕێی ئێوەین کە لەگەڵ ئێمەدا چاپەمەنییەکی فێمینیست لە دژی چاپەمەنی پیاوان دروست بکەن و بڵێن پێکەوە بەهێزین، کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی ژن لە دژی پێوەرە کۆمەڵایەتییە پیاوسالارییەکان، هاوکاریی سەرمایە و پیاوان، بەڕێوەبەران تێدەکۆشن، پێکەوە هاودەنگی پیشەیی و مافی ژنان و ڕۆژنامەنووسان و زمانی هەواڵ لەسەر بنەمای یەکسانی ڕەگەزی بونیاد دەنێین.