پۆلیس دەستی بەسەر شارەوانی جۆلەمێرگدا گرت و هاوسەرۆکیشی دەستبەسەر کرد

بەیانی ئەمڕۆ پۆلیس هەڵیکوتایە سەر شارەوانی جۆلەمێرگ و محەمەد سدیق، هاوسەرۆکی شارەوانی دەستبەسەر کرا.

ناوەندی هەواڵ

 

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەستکەوتووە، شەوی ڕابردوو نزیکەی کاتژمێر ١١:٠٠ سەدان پۆلیس گەمارۆی شارەوانی جۆلەمێرگیان داوە، کە پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان "دەم پارتی" لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی ٣١ی ئادار سەرکەوتنی بەدەستهێنا.

 

ئەو شەقامەی شارەوانی لێیە و سەرجەم ئەو شەقامانەی بەرەو شارەوانی دەچن لەلایەن پۆلیسەوە بەڕووی هاتوچۆدا داخران، ئاماژە بەوەکراوە کە دوای گەمارۆدانەکە لە کاتژمێرەکانی سەرەتای بەیانیدا دەرگاکانی شارەوانی شکێندراون و شارەوانی دەستی بەسەردا گیرا و دەستبەجێ سەرجەم بەرپرسانی دامەزراوەکە بانگهێشت کران بۆ کارکردن.

 

ئەوەش زانرا کە محەمەد سدیق، هاوسەرۆکی شارەوانی جۆلەمێرگ لە شاری وان دەستبەسەر کراوە.