کۆمەڵەی هاوکاری بۆ منداڵان: سەرکوتی منداڵان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ناتوانرێت پشتگوێ بخرێت
کۆمەڵەی هاوکاری بۆ منداڵان لە ڕاگەیاندراوێکی خوازیاری کۆتایی هێنان بە پێشێلکردنی مافەکانی منداڵان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بوو، ڕایگەیاند: ناتوانرێت چاوپۆشی لە کوشتنی زیاتر لە ٢٠٠ منداڵ، برینداربوونی کەسانی دیکە بکرێت.
ناوەندی هەواڵ
منداڵان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران باجی سەختی دەدەن بۆ ئەو سووڕی سەرکوتکردنەی کە لەگەڵ شەپۆلەکانی ئەم دواییەی ناڕەزایەتییەکان بووە، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کوشتنی دەیان منداڵی خوار تەمەنی یاسایی و بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێی کەسانی دیکەیان بەڵگەدار کردووە لە چوارچێوەی پەرەسەندنی سەرکوتکردنی ئەمنیدا، ئەمەش بووەتە هۆی شەرمەزارکردنی بەرفراوان و داوای کۆتاییهێنان بە ئامانجکردنی گروپە لاوازەکان.
کۆمەڵەی هاوکاری منداڵانی مەترسیدار لە ڕاگەیاندراوەکەیدا ئەو کۆمەڵکوژییانەی لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە تاوانێک پیناسە کرد کە داوای لێپرسینەوە دەکات، هەروەها کوشتنی زیاتر لە ٢٠٠ منداڵ، جگە لە بریندارکردن و دەستبەسەرکردن و بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێی زۆر کەسی دیکە، شتێکە کە ناتوانرێت پشتگوێ بخرێت.
"پێشێلکردنی ئاشکرای مافی منداڵان ڕابگرن"
ئاماژە بەوە کراوە، کە ئەو کۆمەڵکوژییە ترسناکانەی لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا ڕوویانداوە کە زیانی گیانی هەزاران کەسی لێ کەوتووە، نەک هەر لە ڕوانگەی مافی منداڵانەوە پێشێلکارییەکی ڕوونی مافەکانی منداڵان نیشان دەدات، بەڵکو تاوانێکە کە دەبێت دەسەڵات لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکرێت، لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: کوشتنی زیاتر لە ٢٠٠ منداڵ و برینداربوونی زۆرێک و دەستبەسەرکردنیان و بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێیان شتێک نین کە بە ئاسانی چاوپۆشییان لێبکرێت.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا شەرمەزارکردنی لەسێدارەدان و ئەشکەنجەدان و هەراسانکردنی دەستگیرکراوان کراوە، لە نێوانیاندا ئەوانەی تەمەنیان لە خوار ١٨ ساڵەوەیە، هەروەها دەستگیرکردنی خۆپیشاندەران بە منداڵەوە و پرۆفایلکردنیان بە پشتبەستن بە ڕەگەزیان نەتەوەی، چ لەکاتی سەرکوتکردنی ناڕەزایەتیەکان یان دوای سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان، جێگای قبوڵ نییە و دەبێت دەستبەجێ بوەستێت، نابێت هیچ منداڵێک تەنها لەبەر بەشداریکردن لە ناڕەزایەتییەکان یان دەربڕینی بۆچوونەکان هەڕەشەی لێبکرێت یان ڕابگیرێت.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا زیاتر ڕوون کراوەتەوە کە دەرکردنی سزای لەسێدارەدان لە دژی خۆپیشاندەران پێشێلکارییەکی ڕوونی مافی ژیانە و نابێت کەس تووشی ئەم جۆرە توندوتیژییە نامرۆڤانە بکرێت، هەروەها ئەمنی خوێندنگە و بوونی هێزەکانی ئەمنی ڕژێم لە شوێنە پەروەردەییەکان، تەنانەت لە ژێر پەردەی ئامۆژگاری یان هاوکاری بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکە، جێگەی قبوڵکردن نییە، شاردنەوەی ژمارەی ئەو مامۆستا و منداڵ و خوێندکارانەی کە کوژراون یان دەستگیرکراون، بەشێکە لە سەرکوتێکی ڕاستی و سیستماتیکی.
جەخت لەوە کراوەتەوە، ئەوانەی دەستیان لە کوشتنی خۆپیشاندەراندا هەیە، لەوانەش منداڵان، هیچ دەسەڵاتێکیان نییە بۆ بڕیاردان سەبارەت بە تەندروستی، پارێزراوی یان پەروەردەکردنی منداڵان، هەروەها ناتوانن بەرپرسیارێتی خۆیان لە پەروەردە و فێرکردن بگرنە ئەستۆ، لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، پاریزراوی و مافەکانی منداڵان دووپات دەکەینەوە و داوا دەکەین دەستبەجێ هەموو توندوتیژی و دەستبەسەرکردنی نایاسایی بەرامبەریان کۆتایی پێبهێنرێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، کە بەردەوامی ئەم جۆرە هەڵسوکەوتانە نەک هەر مەترسی لەسەر خۆشگوزەرانی دەروونی منداڵان و کۆمەڵگە دروست دەکات بەڵکو توڕەیی گشتیش هەڵدەگیرسێنێتەوە، ئەوانەی ئەم کارانە ئەنجام دەدەن بەرپرسیارێتی لێکەوتەکانی لە ئەستۆ دەگرن، هەر هەوڵێک بۆ ڕەوایەتیدان بەو جۆرە ڕەفتارانە بەناوی دوژمنەوە، شێواندنی بیروڕای گشتییە و جێگای قبوڵکردن نییە، پاراستنی منداڵان بەرپرسیارێتییەکی مرۆیی و ڕەوشتییە و هیچ سازشێک قبوڵی ناکات، کۆمەڵگەیەک کە مسۆگەری پارێزراوی منداڵەکانی نەکات، داهایوویەکی سەقامگیری نابێت.