کەمپەینی یەکڕیزی ژنان: بە یەکڕیزی بەرەنگاری توندوتیژی دەبینەوە
کەمپەینی یەکڕیزی ژنان دژی توندوتیژی و داگیرکاری وێنەی ژنانی کوژراویان هەڵواسی، لە بەیاننامەیەکیشدا ڕایانگەیاند مێژووی خوشکانی میراباڵ بەردەوام دووبارە دەبێتەوە، بە ئەرکی سەرجەم لایەنەکانی دەزانن هۆشیاری بڵاوبکەنەوە و کۆتایی بە توندوتیژییەکان بەرامبەر ژنان بهێندرێت.
سلێمانی
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنوسیدا کەمپەینی یەکڕیزی ژنانژی توندوتیژی و داگیرکاری بەیاننامەیەکیان بە بۆنەی ٢٥ی تشرینی دووەم لە پارکی نالی شاری سلێمانی خوێندەوە.
ئەندامانی کەمپەینەکە وێنەی ئەو ژنانەی کوژراون یاخود ناچار بە خۆکوشتن کراون، هەڵواسی، سەرجەم بەشداربووانیش سیمبولی ٢٥ی تشرینی دووەمیان لە مل کرد، دروشمەکانی "ژن ژیان ئازادی، ژن ژیانە مەیکوژە"یان دەوتەوە.
بەیاننامەکە لەلایەن فەوزیە عەبدولکەریم ئەندامی کەمپەینەکە خوێندرایەوە، تێیدا ئاماژە بە ڕەنج و ماندووبوونەکانی ژنان نابیندرێت، "زهنیەتی تووندووتیژی بەرامبەرژنان تووندوتیژیە بۆسەر تەواوی کۆمەڵگە، چونکە ژن کرۆک و ژیانی کۆمەڵگە و خێزانە و داهێنەرە".
لە بەشێکی دیکەدا باس لەوەکرا "ژنان لە ژێر ناوی ناموس دەکوژرێن، تا ئەمڕۆ لە ژێر زهنیەتی پیاوسالاریەوە دەچەوسێندرێتەوە، ژنانی کوردیش لە سەرجەم شەڕ و جەنگەکاندا زەرەرمەندی یەکەمن، توندوتیژی دژی ژنان لە ئەقڵیەتی ناموس پەرستیەوە سەرچاوەی گرتووە".
هاوکات جەخت لەسەرئەوە کرایەوە، دەبێت ڕێکخراوەکان و سەرجەم لایەنە پەیوەندارەکان هۆشیاری بڵاو بکەنەوە و کار لەسەر یاساکان بکەن تا مافی ژنان پارێزاوبێت، "مێژووی خوشکانی میراباڵ تائێستاش دووبارە دەبێتەوە، کە ژنی کورد بەشی هەرە سەرەکی بەرکەوتووە بۆ ئەو کوشتارە، چونکە لە ئازادی خاک بێ بەشین، با بە یەکڕیزیمان کۆتایی بە کوشتاری ژنان بێنین".
ئەمڕۆ چالاکییەکان لە باشوری کوردستان بۆ ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان بەڕێوەچوو، هەڵمەتی ١٦ ڕۆژەی بەرەنگاری و هۆشیاری لەسەر توندوتیژی دژی ژنان ڕاگەیەندرا.
ت.پ