یەکسانی جێندەری تەمەنی مرۆڤەکان زیاد دەکات

توێژەران ڕێژەی یەکسانی جێندەرییان لە ١٥٦ وڵاتدا خەمڵاندووە لە نێوان ساڵانی ٢٠١٠ بۆ ٢٠٢١ کە لە توێژینەوەکەدا جەخت لەسەر ئەوەکراوەتەوە کە تەمەنی مرۆڤەکان گرێدراوە بە ژینگەیەک کە یەکسانی جێندەری تیادا پەیڕەوکرابێت

ناوەندی هەواڵ

 

بەپێی توێژینەوەیەکی جیهانی نوێ ئاماژە بەوەدراوە کاتێک وڵاتێک هەنگاو بنێت بەرەو یەکسانی جێندەری، ئەگەری زۆرە لەگەڵیدا ژنان و پیاوان تەمەنێکی زیاتر بژین، لە کاتێکدا توێژەران ڕێژەی یەکسانی جێندەرییان لە ١٥٦ وڵاتدا خەمڵاندووە لە نێوان ساڵانی ٢٠١٠ بۆ ٢٠٢١ کە لە توێژینەوەکەدا جەخت لەسەر ئەوەکراوەتەوە کە تەمەنی مرۆڤەکان گرێدراوە بە ژینگەیەک کە یەکسانی جێندەری تیادا پەیڕەوکرابێت و ئەمەش سوودێکی بەرچاوی هەیە لەسەر پێشخستنی ژیان و تەندروستی ژنان.

 

بە گشتی لە ساڵی ٢٠٢١دا لە ئەنجامی کەمکردنەوەی جیاکارییە ڕەگەزییەکان بە ڕێژەی ١٠٪ زیادبوونی ٤.٣ مانگ لە تەمەنی ژنان و زیادبوونی ٣.٥ مانگ بۆ پیاوان هەبووە، جیاکارییە ڕەگەزییەکان جیاوازییەکی بەرچاوی هەبووە لە سەرانسەری ناوچە جوگرافییەکان، چونکە ئەوەی تیبینیکراوە لە وڵاتانی هەژرانشین جیاوازی ڕەگەزی بە شێوەیەکی زیاتر هەستپێکراوە.

 

لە تویژینەوەکەدا ئەوە خراوەتەڕوو کە چەندین هۆکار کاریگەری هەیە لەسەر ژیان و تەمەنی مرۆڤەکان، وەک بارودۆخی کارکردن و ژیان، پیسبوونی ژینگە، دەستڕاگەیشتن بە چاودێری تەندروستی، خوێندن، داهات و پشتیوانی کۆمەڵایەتی، لەگەڵیدا جیاوازی چینایەتی و ڕەگەزیی لە سەرانسەری جیهان.

 

 ئەنجامی توێژینەوەکەش ئەوەی خستوەتەڕوو کە یەکسانی جێندەری کاریگەری بەرچاو و سەرەکی هەیە لەسەر تەمەن درێژی مرۆڤەکان، لە کاتێکدا زیاتر لە دوو لەسەر سێی وڵاتان لە ساڵی ٢٠٢٠دا نزیکبوونەتەوە لە یەکسانی جێندەری، بەڵام جیاوازییەکی بەرچاو هەستپێدەکرێت لە بەشێک لە ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باشووری ئاسیا.

 

لە ئێستاشدا بەشداریکردنی ژنان لە کایە سیاسییەکان لە بەرەوپێشچووندایە، بەڵام لە زۆربەی هەنگاوەکانیان ڕووبەڕووی ئاستەنگی و بەربەست دەبنەوە بۆ ئەنجامدانی گۆڕانکاری، تەنها ٣١ وڵات تا مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٣ سەرۆکی دەوڵەت یان حکومەتی ژنیان بووە و ئەوەش پێش ڕاگەیاندنی دەستلەکارکێشانەوەی سەرکردە دیارەکانی ژن وەک جاسیندا ئاردرن لە نیوزلەندا و نیکۆلا ستۆرجیۆنی سکۆتلەندا بوو.

 

لە کۆتای توێژینەوەکەشدا ئاماژە بەوەدراوە کە ئەو ماوەیەی کە بۆ کۆتایهاتنی یەکسانی جێندەری جیهانی مەزەندەکراوە لە ژێر کاریگەری پەتای کۆرۆنا کە کارگیەرییەکی دیاری هەبووە لەسەر یەکسانی جێندەری و ماوەکەی لە ٩٩.٥ ساڵەوە بۆ ١٣٥.٦ ساڵ زیادکردووە.