کەلار، منداڵێک بەهۆی یاریکردن بە چەک کۆتایی بە ژیانی هات

پۆلیسی گەرمیان ڕایگەیاند شەوی ڕابردوو منداڵێک گەیەندراوەتە نەخۆشخانەی شەهید هەژار یاری بە چەک کردووە و بەهۆیەوە فیشەکێکی بەخۆیەوە ناوە.

پۆلیسی گەرمیان ڕایگەیاند شەوی ڕابردوو منداڵێک گەیەندراوەتە نەخۆشخانەی شەهید هەژار یاری بە چەک کردووە و بەهۆیەوە فیشەکێکی بەخۆیەوە ناوە، بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.

ناوەندی هەواڵ

 

علی جەمال قدووری، مقدەمی مافپەروەر لە پۆلیسی گەرمیان ڕایگەیاند، ئێوارەی دوێنێ، پێنج شەممە، لە گەڕەکی حەمرینی قەزای کەلارە منداڵێکی هەشت ساڵان بە ناوی ئایە حەسیب سەلاح گەیەندراوەتە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی شەهید هەژار کە بەهۆی بەرکەوتنی فیشەکەوە بریندار ببوو.

 

پۆلیسی گەرمیان ئاماژەی بەوەشداوە "بەوتەی کەسوکارەکەی منداڵەکەیان یاری بە دەمانچەکەی باوکی کردووە و نەیانزانیوە فیشەک لەبەر کاربووە لە ئەنجامدا فیشەکی لەدەست دەرچووە و خۆی بریندار کردووە"، دوای چارەسەری خێرا لە بەشی فریاکەوتنی شەهید هەژار لە کەلار بەهۆی سەختی برینەکەیەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەی سلێمانی کرا و گیانی لەدەستدا..

 

دیاردەی هەبوونی چەک لە ماڵەکاندا لە زیادبووندایە، چالاکوانان باس لەوەدەکەن نەبوونی مۆڵەت و فرۆشتنی چەک لە بازارە نایاساییەکاندا هۆکارە بۆ زیادبوونی کوشتن و خۆکوشتن، لە ماوەی ڕابردووشدا چەندین حاڵەتی بەکارهێنانی چەک لەلایەن منداڵان و ئەندامانی خێزانەوە تۆمارکراوە کە دەگەڕێتەوە بۆ نائاگاداری کەسانی بەرپرسیاری خێزان.

ت.پ

.