پەدەکە هاوڵاتی بە پاسپۆرتی تورکیاوە هێناوە بۆ دەنگدان

لە شارۆچکەی سۆران پەدەکە بۆ ئەنجامدانی ساختەکاری بەدەستهێنانی دەنگی زیاتر، هاوڵاتی بە پاسپۆرتی تورکییەوە لە تورکیا و باکووری کوردستانەوە هێناوە تا بەشداری دەنگدانیان پێبکات.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ، ٢٠ی تشرینی یەکەم، هەڵبژاردنی گشتی بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت، بە گوێرەی داتاکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، دوو ملیۆن و ٦٨٣ هەزار و ٦١٨ دەنگدەری هەرێمی کوردستان، مافی بەشدارییان لە دەنگدانی گشتیدا هەیە. هەزار و ٢٦٦ بنکە و شەش هەزار و ٣١٨ وێستگەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی گشتیی پەرلەمانی کوردستان کردووەتەوە.

 

لە هەڵبژاردنی تایبەتدا ڕێژەی بەشداریکردن ٪٩٧ بوو، پێشبینی دەکرێت لە هەڵبژاردنی گشتیدا ئاستی بەرزی بەشداربوون تۆمار بکرێت.

 

پەدەکە کە بە هۆی پەلکێشکردنی سوپای تورکیا و هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بە تایبەت لە ناوچەی بادینان لەناو خەڵکدا متمانەی لەدەستداوە، دەخوازێت لە ڕێگای هێنانی هاوڵاتی ناعێراقییەوە، کە کارتی دەنگدانی ساختەی بۆ دروستکردوون، دەنگە لە دەستچووەکانی بەدەستبهێنێتەوە، بە پێی ئەو زانیارییانەی کە ئاژانسی ڕۆژنیوز بڵاوی کردووەتەوە، پەدەکە بە هاوکاری تورکیا لە دهۆک و بادینان سەرقاڵی تەزویرکردنی دەنگە و دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ ڕزگارکردنی پەدەکە لەو بارودۆخەی تێی کەوتووە زیاتر لە ١٥٠٠ هاولاتی لە هەرێمی هەکاری کە ناوچەکانی گەڤەر و شەمزینان دەگرێتەوە هێناوەتە باشووری کوردستان بۆ ئەوەی دەنگ بدەنە پەدەکە.

 

بە پێی ئەو وێنانەی کە بڵاویش کراونەتەوە، لە شارۆچکەی سۆران پەدەکە هاوڵاتی لە تورکیاوە بە کۆمەڵ هێناوە بۆ دەنگدان، کە پاسپۆرتی تورکییان پێیە.