دوو هەزارو ٥١٧ باڵەخانە لە عێراق مەترسی ڕووخانیان لەسەرە

دوو ھەزار و ٥١٧ باڵەخانە لە عێراق مەترسی ڕووخانیان لەسەرە کە بەشێکیان یەکەی نیشتەجێبوونن، ئەوەش مەترسی زیاتر بۆ سەر ژیانی هاوڵاتیان دروست دەکات.

 

ناوەندی هەواڵ

 

بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرگری شارستانی عێراق ڕایگەیاندووە، لەماوەی ڕابردوودا بە فەرمانی ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، لیژنەیەک لە چەند لایەنێکی پەیوەندیدار پێکھێندرا بە مەبەستی دیاریکردنی ئەو خانوو باڵەخانانەی مەترسی ڕووخانیان لەسەرەو دوای تەواوبوونی کارەکانی لیژنەکەش لە بەغداد و پارێزگاکانی تر، بە ڕاپۆرتێک کۆی زانیارییەکان ئاڕاستەی ئەمیندارێتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کرا.

 

ئاماژە بەوەکراوە، بە پێی ئەو ڕاپۆرتەی ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیران کراوە، لە ئێستا دوو ھەزارو ٥١٧ باڵەخانە لە عێراق کە بەشێکیان یەکەی نیشتەجێبوونن، مەترسی ڕووخانیان لەسەرە.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا ئەوەش هاتووە کە ھۆکارەکەی ئەوەیە بەشێکیان مێژووی دروستکردنیان زۆر کۆنە و بەشێکی تریشیان بەھۆی شەڕەوە زیانی زۆریان بەرکەوتووە.