تاژێ سەبارەت بە سیاسەتەکانی پەدەکە لێدوانی دا
تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی سەبارەت بە ڕفاندنی ژنانی ئێزدی لەلایەن پەدەکەوە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، کە پەدەکە سیاسەتی چەپەڵی خۆی لەسەر ئێزدیەکان پەیڕەو دەکات و دەیەوێت ئێزدی لە کەسایەتی ژندا لەناوببات.
ناوەندی هەواڵ
دوو ڕۆژ پێش ئێستا لە راپۆرتێکدا هات، کە دوو ژنی گەنجی ئێزدی لەلایەن پەدەکەوە ڕفێندراون و تا ئیستا نازاندرێت کە ئەوان لەکوێن، تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی "تاژێ" لێدوانێکی نوسراوی لەبارەی ڕفاندنی ژنانی ئێزدی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پەدەکە بڵاوکردەوە.
"خێزانەکان ناتوانن لە ترسی پەدەکە دەنگ بکەن"
تاژێ لە ڕاگەیەندراوێکدا رایگەیاند، کە لە ٣ی ئابی ٢٠١٤ەوە دەیان هەزار ئێزدی لە کامپەکانی باشوری کوردستان دەژین و لە کامپەکان وەک دیل لەلای پەدەکە ماونەتەوە، کە سیاسەتێکی پیس لەسەر خەڵک لە کامپەکاندا پەیڕەو دەکرێت و وتی: "پەدەکە سیاسەتێکی خراپ دژی ژنانی ئێزدی پەیڕەو دەکات و لە کلتور و باوەڕ و ڕەوشت بێبەشیان دەکات، لەم ساڵانەی دواییدا دەیان ژنی ئێزدی لەلایەن گروپەکانی سەر بە پەدەکە ڕفێندراون تا ئێستا چارەنووسیان نادیارە، لەم دواییانەدا دوو ژن لە کامپەکانی ئیزەدی و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پەدەکە ڕفێندران دەیان نموونە هەن کە خێزانەکان ناتوانن لە ترسی فشاری پارتی دەنگ بکەن".
"ڕێگریکردن لەو هێرشانە و چارەسەرکردنیان گەڕانەوەیە بۆ زێدی خۆیان"
تاژێ لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەی بەبیرهێنایەوە کە ئەم ڕێبازانە بۆ ژنانی ئێزدی و کۆمەڵگەی ئێزدی زۆر مەترسیدارە و وتی:" ئەم کردەوانەی پەدەکە هیچ جیاوازیەکی نییە لە کردەوەکانی داعش، داعش بە زۆر ژنانی لە ئایین و بیروباوەڕی خۆی لابرد بەڵام پەدەکە بە سیاسەتە پیسەکەی خۆی هەمان کار دەکات، بەم شێوەیە کچان و ژنانی ئێزدی دوورن لە باوەڕ و کۆمەڵگەکەیان دەیەوێت لە کەسایەتی ژناندا ئێزدی لە ڕەگ و ڕیشەی لابدات، ڕێگریکردن لەو هێرشانە و چارەسەرکردنیان گەڕانەوەیە بۆ زێدی خۆیان و ڕزگاربوونە لە دەسەڵات و سیاسەتی پەدەکە، هەتا گەلەکەمان دیلی سیاسەتی پەدەکە بن لە کامپەکانی باشوری کوردستان، کۆمەڵکوژیی کلتوری و ئەخلاقی بەردەوام دەبێت".
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا، تاژێ داوای لە کۆمەڵگە و بەتایبەتی ژنان کرد، کە بێدەنگ نەبن لە بەرامبەر ئەو کارە پیسانە و وتی: "ئێمە دەنگمان دەگەیەنینە ئەنجومەنی ڕۆحانی و دەڵێین لەبەرامبەر ئەو کارە بێدەنگ نەبن، خاوەنداری لە ئەرک و بەرپرسیارییەتی خۆی لە بەرامبەر کۆمەڵگەکەیدا بێت".