١٥ کەسی لە بنەماڵەکەی لەدەستدا: ڕێزیان لە تەرمەکان نەگرت

مەلەک ڕوشەن، هاوسەرۆکی کۆمەڵەی عەلەوی دیموکراتی، کە لە بومەلەرزەکەی سەمسور ١٥ کەسی لە بنەماڵەکەی لەدەستدا، وتی: "لە هیچ قۆناغێکدا ڕێز لە تەرمەکان نەگیراوە تەرمەکان بە بێ کفن و شوشتن نێژران".

مەدینە مامەدئۆغڵو

 

سەمسور-بەپێی لێدوانی فەرمی، ٤١ هەزار و ٢٠ کەس لە بوومەلەرزەکەی ٦ی شوبات کە ١٠ پارێزگای باکوری کوردستان و تورکیای گرتەوە گیانیان لەدەستداوە، لە سەمسور کە کاری گەڕان و ڕزگارکردن کۆتایی هات ژمارەی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە هێشتا نادیارە.

 

بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوە خۆجێییەکانەوە بەدەست گەیشتووە، تەنها ٧ هەزار کەس لە گۆڕستانی شارەوانیی ناوەندەکە نێژراون،  لە ناوەندی شار بەڵگەنامەی مردن بۆ  ٦هەزارو ١٥٠ کەس ئامادەکراوە، تەرمەکان بە کۆمەڵ لە گۆڕستانەکان نێژراون و ژمارەیەکی زۆریان تۆمارنەکراون، لەسەمسور خێزانەکان گۆڕەکانیان بەو ژمارانە دەناسنەوە کە پێیان دەدرێت.

 

"تەرمەکان بە کرداری نامرۆڤانە براون"

لەو گۆڕستانانەی کە گوایە تەرمەکان تێکەڵ بوون وەرگرتنی نمونە لەلایەن دادگاوە ڕەتکرایەوە، مەلەک ڕوشەن، هاوسەرۆکی کۆمەڵەی عەلەوی دیموکراتی رایگەیاند، کە دوای کارەساتەکە، تەرمەکان هەم لەژێر بینا ڕووخاوەکان و هەم لەکاتی بەخاک سپاردن بە خراپی مامەڵەیان لەگەڵ کراوە، تەرمەکان چەند ڕۆژێک لە سەر شۆستە دانران، پاشان لە جانتا ڕەشەکاندا دایاننا و بە کۆمەڵ لە چاڵی گەورەدا نێژران.

 

"هاواری یارمەتی بە بیدەنگی مایەوە"

مەلەک ڕوشەن ئاماژەی بەوەکرد کە هاواری یارمەتیدانی ئەو کەسانەی کە لە ڕۆژانی یەکەمدا گیانیان لە دەست نەدابوو چەند ڕۆژێک بەردەوام بوو و دواتر بە بێدەنگی مایەوەو بۆ هاوکاری دۆست و بنەماڵە چوار ڕۆژ چاوەڕێ بوون، مەلەک ڕوشەن وتی: "هیچ ئینتەرنێتێک و تۆڕ و ئاو و کارەبا نییە، ئێمە وەک مردوویەک لە شارێکی مردوو دەژیاین، خەڵکی مردوو لە دەوروبەری ئێمە بوون، تا ڕۆژی چوارەم کەس نەهات، ١٥ کەس لە خێزانەکەم گیانیان لەدەستدا، باوکم بە برینداری لەژیر داروپەردوو دەرهێندرا، ماڵەکەمان ڕووخا، تەرمەکان چەند ڕۆژێک لە سەر شۆستە جێمابوون و هیچ شوێنێک نەبوو بۆ تەرمەکان لە نەخۆشخانەکان ئەو لاشانەی کە گەیەنرابوون بۆ نەخۆشخانەکان لەوێ پێکەوە فڕێدران، لەو کاتەی گەڕانەکە دەستی پێکرد، ناوەوەی نەخۆشخانەکە پڕبووە لە تەرم هیچ کەس نەیدەتوانی هیچ بکات، هەموو شوێنێک لە ناو خوێندا بوو".

 

"بەهۆی ئەوەی ئاو نەبوو تەرمەکانمان نەشست"

مەلەک ڕوشەن، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، کە نە ئۆتۆمبێل و نە کفن بۆ بەشێک لە تەرمەکان نەدراوەو وتیشی: "کاتێک زۆر ئازارمان چەشت، لە خۆمان پرسی کە ئایا ئۆتۆمبێلی پرسە نەبوو؟ هەموو ئەوانەی گیانیان لە دەست داوە لەسەر زەوی بوون ، نەماتوانی بیانبەینە نەخۆشخانەو بردمانن بۆ گۆڕستان، دیسان بەهۆی کەمی ئاوەوە نەمانتوانی تەرمەکان بشۆین، هەندێک کەس نەیانتوانی بەتانی دابین بکەن کاتێک بەخاک سپێردران، پاشان بەتانییان خستە سەر گۆڕەکانیان بۆ ئەوەی ڕێگریان لێبکەن کە لە سەرمادا بیانبەستێ.

"کەسانێک هەن کە ناتوانن بگەنە تەرمی کەسوکاریان"

مەلەک ڕوشەن، ڕایگەیاند کە دوای بەخاکسپاردنەکە ژمارەیەکی زۆر تەرمی بێسەروشوێن و بێکەس هەبوون و وتی: "لێرە گۆڕستانێکی گەورە هەیە ئەوانەی کە هاتن  نەیاندەزانی کە چ تەرمێک هی ئەوانە، تەرمەکان لە چاڵە قوڵەکاندا نێژران، نەدەبوو ئاوا بوایە، ئێمە دەمانتوانی دوای ئەم کارەساتە تەرمەکانمان بەڕێکوپێکی بەخاک بسپێرین، هێشتا کەسانێک هەن کە ناتوانن بگەنە تەرمەکان، خەڵک دەڵێن تەرمەکانیان بێسەروشوێنن، خەڵک بەدوای لاشەیاندا دەگەڕێن، بەڵام ناتوانن بیانبینن ئەمە دۆخێکی زۆر خەمناک و بەداخەوە ڕاستە".