خەڵکی باکووری کوردستان: تیمەکانی گەڕان و ڕزگارکردن درەنگ گەیشتن

ئەو کەسانەی بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیانیان بەرکەوتووە، وەڵامی دواکەوتنی دەستپێکردنی هەوڵەکانی گەڕان و ڕزگارکردنیان دایەوە و ڕایانگەیاند، "زۆر درەنگ بووە".

مەدینە مامەدئۆغلۆ

 

سەمسور- ناوچەی سەمسور بووە بە داروپەردوو، لە چوارەمین ڕۆژی ئەو بوومەلەرزەیەی کە لە بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ٦ شوبات باکووری کوردستانی گرتەوە، کارەکانی گەڕان و فریاگوزاری دەستیپێکرد و تا ئێستاش کارەکانی لابردنی داروپەردوو لە ناوچەکە بەردەوامە و بەشێک لە هاووڵاتیانیش کاتێک دەگەیشتنە ئۆتۆمبێلەکانی بەڕێوەبردنی کارەسات و فریاگوزاری لە ناوچەکە و داوای هاوکارییان لێکردن، بەڵام ئۆتۆمبێلەکەیان بەبێ ئەوەی هاوکارییان بکەن تێپەڕین بەلایاندا.

 

"ئەوە خەڵکە ئاگاداری ئێمەن نەک دەوڵەت"

سۆنگوڵ مەتین، کە چاوەڕێی دەرهێنانی براکەی بوو لە داروپەردووی باڵەخانە هەشت نهۆمییەکە، وەڵامی دواکەوتنی دەستپێکردنی هەوڵەکانی گەڕان و ڕزگارکردنی دایەوە و ئاماژەی بەوەدا، " کەس دەنگی ناو باڵەخانەکانی نەدەبیست کاتێک خۆمان فڕێدەدایە بەردەم ئۆتۆمبێلەکانی تیمەکانی فریاگوزاری تا بتوانین بیانبەین بۆ پشکنینی داروپەردووەکانی ناوچەکە، ئەوە سەرۆکەی کە نوێنەرایەتی ئەم شوێنە دەکات، با بێت و لەم کەسانە بپرسێت، دەبووهەر لە ڕۆژی یەکەمەوە هەموو شتێکیان بکردایە، ئێمە لێرە سەرۆکی شارەوانی یان قایمقامی ناوچەکەمان نەبینیوە، دەوڵەت گرنگیمان پێنادات و ئاگاداری ئێمە نییە، ئەوە خەڵکن کە گرنگیمان پێدەدەن و هاوکاری و پشتیوانیمان دەکەن."

 

"لەبەردەم ئۆتۆمبێلی بەڕێوەبردنی کارەسات و فریاگوزاری وەستاین"

سۆنگوڵ مەتین ئاماژەی بەوەشکرد، سەرەڕای چەندین جار بانگەوازەکانیان، دەسەڵاتداران گوێیان پێنەداون و دوای تێپەڕبوونی چوار ڕۆژ، گەیشتنە ناوچەکە بۆ گەڕان لە ژێر داروپەردووی بیناکەدا، " لابردنی داروپەردووەکان لە ڕۆژی چوارەمەوە دەستیپێکرد، و خزمەکانمان لە ژێرزەمینەکەدا بوون، ئێمە لەم کاتەدا هیچ هاوکارییەکمان لە حکومەتەوە نەبینی و چوار ڕۆژ لەسەریەک تیمی فریاگوزاریمان نەبینی، تیمی فریاگوزاری لێرە تێدەپەڕین و ئێمەش لەو کاتەدا لەسەر ڕێگاکەیان دەوەستاین، بەڵام پارێزگار وتی بەسەر هەموویاندا تێبپەڕن، تیمەکانی گەڕان زۆر درەنگ گەیشتنە ئێرە، چەند ڕۆژێک چاوەڕێی ئەوە بووین کەسێک بێت و شتێک بکات، بەڵام کەس نەهات، ئێمەش منداڵەکانمان و ژیانی خۆمان لەدەستدا."

 

"ئازیزانم لەدەستدا و ماڵەکەم وێران بوو"

عایشە سوما باسی لەوە کرد کە ئازیزانی لەدەستداوە و ماڵەکەی وێران بووە، " ئێستا خوشک و براکانم لێرە چاوەڕێمن، منداڵەکانم لە ئۆتۆمبێلەکانی شەمەندەفەر لە بازاڕجیخ دەمێننەوە، هیچ شتێکمان نەماوە، چەند ڕۆژ تێپەڕیوە و لێرە هیچ کارێکیان نەکردووە، ئێمە لێرە هیچ ناتوانین بکەین، کارەکانی تیمەکان لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا دەستیان پێکردووە”.