"ڕێکخستنبوون پاراستنە لە هەموو پلانەکانی جینۆساید"

شیرین ئۆسۆ، ئەندامی ئەنجومەنی ژنانی پارتی یەکێتی دیموکراتیک "پەیەدە" کردەوەی نامرۆڤانەی ئیدارەی کاتی جیهادی لە دژی خەڵکی سوەیدا شەرمەزار کرد و وتی: ڕێکخستنبوون پاراستنە لە هەموو پلانەکانی جینۆساید.

ڕۆنیدا حاجی

 

حەسەکە- ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، لە شەڕ و پێکدادانەکانی بەڕێوەبەری کاتی جیهادی هەتەشە کە لە ١٣ی تەموززەوە دەستی پێکردووە لە سوەیدا نزیکەی ٢٥٠ کەس کوژراون، شێرین ئۆسۆ، ئەندامی ئەنجومەنی ژنانی پارتی یەکێتی دیموکراتیک "پەیەدە" اسی لەو کۆمەڵکوژییانە کرد کە لەلایەن هەتەشە لە سووریا ئەنجام دەدرێن و سەرنجی بۆ گرنگی ڕێکخستنی گەلان و ژنان ڕاکێشا.

 

"هەتەشە پلانی جینۆساید دژی گەلی سووریا ئەنجام دەدات"

شێرین ئۆسۆ ڕایگەیاند، گەلی سووریا سیستمێک قبوڵ ناکات کە مافەکانیان لێ زەوت بکات و لەدژی شەڕ دەکەن و وتی: گەلی سووریا بە هەموو نەتەوە و بیروباوەڕەکانیەوە لە ساڵی ٢٠١٢ەوە راپەریون لە ڕژێمی بەعس و داوای ناسنامە و بوونی خۆیان دەکەن. گەلی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا خۆیان ڕێکخست، خەباتێکی گەورەیان ئەنجامدا و جێپەنجەی خۆیان لەسەر مێژوو بەجێهێشت، بەڵام لە دوای ڕوخاندنی ڕژێمی بەعس، هیوای گەلی سووریا ئەوە بوو کە بە ڕەنگ و دەنگی خۆیان بەپێی ئایین و باوەڕەکەیان بژین، دەبینین کە ئیدارەی کاتی جیهادی هیوا و باوەڕی خەڵکی لەناوبردووە و بە شێوەیەکی ناڕەوشتی و نامرۆڤانە پلانی جینۆساید دژی گەلی سووریا ئەنجام دەدات.

 

"سیستمی نەتەوەی دیموکراتیک هەموو گەلان لەخۆدەگرێت"

شێرین ئۆسۆ لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا کە ئەو پرۆسەیەی کە سوریا پێیدا تێدەپەڕێت پرۆسەیەکی هەستیارە و وتی: خەڵکی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لەم قۆناغە گرنگ و هەستیارەدا بەئاگا هاتونەتەوە، چونکە قۆناغێکی بوون و نەبونە، ئەو سیستەمەی ئێمە داوای دەکەین نەتەوەیەکی دیموکراسییە، سیستەمێکە کە هەموو نەتەوەیەک لە باوەش بگرێت و دەیپارێزێت. بەم سیستەمە هەوڵدەدەین ئاشتی و... دیموکراسی ئێمە ئامادەین بۆ ئەوەی هەرکەسێک بێت لەسەر مێزەکە دابنیشێت و بەشداری گفتوگۆ بکات، بەڵام ئێمە بڕیارمانداوە کە سیستەمی سوریا سیستەمێکی لامەرکەزی دەبێت و ئیدارەی کاتی جیهادی هەنگاو نانێت بۆ گەیشتن بە ئاشتی و کردەوەی نامرۆڤانە دژی گەل ئەنجام دەدات.

 

"ئازار و دۆزی گەلی سووریا یەکن"

شێرین ئۆسۆ بە توندی ئیدانەی هێرش و کردەوەکانی هەتەشەی دژی خەڵکی سوەیدا کرد و وتی: ئەو ڕووداوانەی لە سوەیدا ڕوویانداوە بۆ ئێمە بە ئازارە، ئێمە زۆر ئازارمان چەشت، ئەوەی ئەمڕۆ خەڵکی سوەیدا ئەزموونی دەکەن، ئێمەش بە هۆی هێرشەکانی چەتەکانی داعش و دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە ساڵانێک ئازارمان چەشت، بەڵام لە بەرامبەر ئەو هێرشانەدا خۆمان ڕێکخست خۆمان و هێزی خۆمان بونیاد نا، هەموومان لەسەر ئەم خاکە دەژین، ئازار و دۆزی ئێمە یەکن، بۆ ئەوەش هەموومان پێویستمان بە یەکگرتن و بونیادنانی ڕێکخراوەکەمان هەیە مێژوو شایەتحاڵی ئەو پرۆسەیەیە کە گەلی سوریا لەم ڕۆژە هەستیارانەدا پێیدا تێدەپەڕێت، بۆیە دەبێت ژیانێک بە کەرامەتەوە هەڵبژێرین، ناسنامەیەکمان هەبێت و بەرپرسیارێتی داهاتوو بگرینە ئەستۆ.

 

"تەنها قەسەدە دەتوانێت سوریا لە پلانەکانی جینۆساید و داگیرکاری بپارێزێت"

شێرین ئوسۆ لە درێژەی قسەکانیدا بەم شێوەیە وتی: لە شۆڕشی ڕۆژئاوادا زۆر باجی قورس درا، تا خەڵکی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا گەیشتنە ئەم ئاستە و دەسەڵاتی خۆیان بنیاتنا، ئەمڕۆ لەگەڵ بوونی هێزەکانی قەسەدە گەلی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە ئارامی دەژین چونکە قەسەدە خۆی لەسەر بیرۆکەی ئازاد و دیموکراتیک بونیاد ناوە هەروەک چۆن قەسەدە جیهانی لە تیرۆر پاراست، ئەمڕۆش دەتوانێت ئیدارەی سووریا بکات و گەلەکەی لە جینۆسایدی کولتووری و سیاسی بپارێزێت.

 

"بانگەوازێک بۆ ژنان بۆ ڕێکخستن و پێشەنگایەتی"

شێرین ئۆسۆ داوای ڕێکخستنی ژنانی سوەیدای کرد و لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: شۆڕش بە پێشەنگایەتی ژنان سەرکەوت. ژنان لە هەموو بوارێکدا پێشەنگ بوون و ڕۆڵی خۆیان بینی، داوا لە ژنانی سوەیدا و کەنارەکانی سووریا و هەموو ژنانی سووریا دەکەین کە ڕێکخراوەکەیان بەهێز بکەن و پێشەنگایەتی بکەن لە ڕزگارکردنی کۆمەڵگەکەیان لە جینۆساید، هەتەشەی جیهادی دەیەوێت ڕۆڵی ژنان لە سووریا لەناوببات، ئەمەش شتێکی قبوڵ نییە دوای ئەو بەرخۆدان و خەباتە، هەروەها باجی قورسیشیان پێدەدات.