ڕێکخراوی سارا بەیاننامەیەکی سەبارەت بە کوژرانی گوماناوی لە عەفرین بڵاوکردەوە

ڕێکخراوی سارا بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، عەفرین-شەهبا، لەبارەی کوژرانی گوماناوی لە عەفرینی داگیرکراو، بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە.

شەهبا

 

لە عەفرین کە لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە داگیرکراوە، ڕۆژانە هەواڵی کوشتن و ڕفاندن و کوژرانی گوماناوی خەڵک بڵاودەبێتەوە، لەم دواییانەدا حاڵەتی گیان لەدەستدانی گوماناوی لە عەفرینی داگیرکراو زیاتر دەبێت و ئەم حاڵەتانە وەک خۆکوشتن تۆمار دەکرێن.

 

 لە بەرامبەر ئەم دۆخە گوماناوییە، ڕێکخراوی سارا بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنانی عەفرین-شەهبا لە کامپی سەردەم لە ناوچەی شەهبا بەیاننامەیەکی داو ژنانی ئەندام و نوێنەری دامودەزگاکان بەشداریان کرد،  بەیاننامەکە لەلایەن گوڵستان مستەفا، ئەندامی ئەنجومەنی کامپی سەردەم خوێندرایەوە.

 

"حاڵەتی خۆکوشتن لە زیادبووندایە"

گوڵستان مستەفا تیشکی خستەسەر کردەوەی داگیرکەرانی عەفرین و وتی: لە ساڵی ٢٠١٨ەوە ناوچەی عەفرین پێشێلکاری و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی بەخۆیەوە دەبینێت و ڕۆژ بە ڕۆژ ئەم ڕووداوانە ڕوو لە زیادبوون دەکەن، لەم چوارچێوەیەشدا سێڤین مستەفا ڕەسولۆ، تەمەن ١٧ ساڵ، خەڵکی گوندی کۆباکای ماباتایە، لەگەڵ دەستگیرانەکەی لە هەیوانەوە بازیان دابوو، دوای گەیاندنی بۆ نەخۆشخانەی شار گیانی لەدەستداوەو دەستگیرانەکەی باری تەندروستی سەختە، هەروەها دڵشان شێخ محەمەد کە تەمەنی ٣٢ ساڵە و دانیشتووی  ماباتایە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا، ئەمە یەکەمجار نییە کە ڕووداوی خۆکوژی لە عەفرینی داگیرکراو ڕوودەدات، ئەم ڕووداوانە خۆبەخۆ نین، بەڵکو بەهۆی داگیرکاری و فشاری دەوڵەتی تورک و چەتەکانی سەر بە دەوڵەتی تورکیاوەیە.

 

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا، گوڵستان مستەفا داوای لە ڕێکخراوەکان بۆ پاراستنی مافەکانی ژنان کردو وتی: ئێمە بەناوی ڕێکخراوی سارا بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە عەفرین-شەهبا، دژی ئەو تاوانانەین کە دژی ژنان لە عەفرین ئەنجام دەدرێن، داوا لە هەموو ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکەین بەپێی ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان مامەڵە بکەن و  لێپرسینەوە لەگەڵ تاوانباران بکەن.