ڕێکخراوی نوێ: لەکۆی ٥٧٨ ژن، ٢٩٧ ژنیان خەتەنە کراون

ڕێکخراوێ نوێ بۆ پاراستنی ژینگە و مافەکانی ژنان، ئاماری پڕۆژەیەکی خۆی لە گوندەکانی پارێزگای هەڵەبجە خستەڕوو کە لە کۆی ٥٧٨ ژن، ٢٩٣ ژنیان خەتەنەکراون، ٧٧ حەڵەتی هاوسەرگیری دووەم و ٤٢ ژن جیابوونەتەوە.

هەڵەبجە

 

لە هەڵمەتی شانزە ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، ڕێکخراوی نوێ بۆ پاراستنی ژینگە و مافەکانی ژنان بە هاوبەشی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، پانێڵێکیان لە هۆڵی خوێندنگەی شەهیدانی کیمیاباران سەبارەت بە دۆخی ژنان لە پارێزگای هەڵەبجە و دەوروبەری ڕێکخست.

 

لە پانێڵەکەدا ئاماری ساڵێکی پڕۆژەی ڕێکخراوەکە خرایەڕوو، تێیدا لە کۆی ٦٨ گوند ٥٧٨ ژن بینراوە، لەو ژمارەیە ٢٩٣ ژن خەتەنەکراون، ٧٧ حاڵەتی هاوسەرگیری دووەمی هاوژینی ژنەکان تۆمار کراوە، ٤٢ حاڵەتی جیابوونەوە و ٢ حاڵەتی دەستدرێژی سێکسی و ١٢٨ حاڵەتی پچڕانی پەیوەندییەکانی خێزانی و لێدان تۆمارکراون.

 

لە درێژەی پانێڵەکەدا هۆکارەکانی زۆربوونی توندوتیژی و خراپی دۆخی ئابوری بە هۆکاری زیادبوونی توندوتیژییەکان دانرا.

 

شارا عەبدول کەریم، لێپرسراوی یەکێتی ژنانی کوردستان-هەڵەبجە، ئاماژەی بەوەدا کە هەڵەبجە دوور نییە لە توندوتیژی بەراورد بە شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان، بەڵام جۆری توندوتیژییەکان گۆڕاوە، "داواکارین کە حکومەتی هەرێمی کوردستان کارەکانی خۆی ئەنجامبدات و یاسا و دادگاکان سەروەر بن، ئێمە دژایەتی پیاوان ناکەین، بەڵکو دەمانەوێت یەکسانی پەیڕەو بکەین لە سەرجەم سێکتەرەکاندا، ژنان بتوانن کاربکەن تاکو خاوەن کۆمەڵگەیەکی تەندروست بین.

 

ئەمڕۆ ٢٥ی تشرینی دووەم، ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی باشوری کوردستان چالاکی، سیمینار و پانێڵ بەڕێوەدەچێت بۆ هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە لە توندوتیژییەکان و بەرەنگاربوونەوەیان.

 

ت.پ