ڕێکخراوی کوردپا: ئێران جیاکاری سیستماتیک دژی ژنان پەیڕەو دەکات
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی کوردپا، ڕێژەی بەشداریکردنی ژنان لە هێزی کاردا تەنها ١٣٪یە، ڕێژەکە لە پۆستە باڵاکانی حکومەت سفرە، هەروەها ژنانی چالاکوانی کورد بە تۆمەتی ئەمنی سزای زیندانی درێژخایەنیان بەسەردا دەسەپێندرێت.
ناوەندی هەواڵ
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردپا لە هەڵمەتی ١٦ ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لەسەر ڕەوشی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە: ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە پێوانەی جیاوازی ڕەگەزیی جیهانی لە نێو ١٤٦ وڵاتدا لە پلەی ١٤٣ دایە، ئەوەش جیاکاری سیستماتیک دژی ژنان دەردەخات.
ئاماژە بەوەشکراوە، ڕێژەی بەشداریکردنی ژنان لە هێزی کاردا تەنها ١٣٪یە، زیاتر لە ٧٠٪ ژنانی بێکار دەرچوویی زانکۆن، واتە ئاستی ڕۆشنبیری ژنان کراوە بە ئامرازێک بۆ کۆنتڕۆڵکردن تا لە دۆخێکی قەیرانی ئابوورییدا ژیان بکەن.
باس لەوەشکراوە، ڕێژەی ژنان لە کورسی پەرلەمانی ئێران لە ٥٪ کەمترە و لە ئاستە باڵاکانی بەڕێوەبردن وەک سەرۆکایەتی، وەزارەت و ئەنجوومەن ڕێژەکە سفرە، هەروەها ژنان تەنانەت دەنگیان نییە لەو یاسایانەی بۆیان نووسراوە.
ئەوەشخراوەتەڕوو، ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران پارێزراو نین، بە تێکڕا هەر سێ ڕۆژ جارێک ژنێک دەكوژرێت بە بیانووی شەرەف، هەروەها سەردانی ساڵانەی ٧٥ هەزار ژن بۆ پزیشکی دادوەری بۆ نیشانەکانی دەستدرێژی کردنە سەریان تەنها بەشێکی بچووکە لە توندوتیژییەکان کە لە ژێر سێبەری یاسا و جیاکاری سیستماتیک شاردراوەتەوە.
لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردپادا هاتووە، ژنانی چالاکوانی کورد بە تۆمەتی ئەمنی دەستگیر دەکرێن و سزای زیندانی درێژخایەنیان بەسەردا دەسەپێندرێن، هەروەها لە زیندانەکاندا ڕووبەڕووی ئەشکەنجە دەبنەوە کە ناسنامەی سیاسی و ڕەگەزییان دەکرێتە ئامانج، هەروەها ژنانی کۆڵبەریش بەشێکن لەو قوربانیانە کە بەهۆی بارودۆخی ئابوورییەوە ڕوو لە کاری کۆڵبەری دەکەن.