ڕێکخراوی کەشناسیی جیهانی: زەوی گەرمترین قۆناغی مێژووی خۆی تۆمار دەکات
ڕێکخراوی کەشناسیی جیهانی هۆشداری دەدات، پرۆسەی گەرمبوونی زەوی و تووانەوەی سەهۆڵبەندانی جەمسەرەکان بە خێرایییەکی زۆر بەردەوامە و پێشبینی دەکرێت تێکڕای پلەی گەرمیی زەوی لە ماوەی پێنج ساڵی داهاتوودا بگاتە بەرزترین ئاستی تۆمارکراو لە مێژوودا.
ناوەندی هەواڵ
ڕێکخراوی کەشناسیی جیهانیی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە بەرزبوونەوەی پرۆسەی گەرمبوونی زەوی و توانەوەی سەهۆڵبەندانی جەمسەرەکان ڕاپۆرتێکی ساڵانەی بڵاو کردەوەو تێیدا هاتووە: پرۆسەی گەرمبوونی زەوی و توانەوەی سەهۆڵبەندانی جەمسەرەکان بە خێرایییەکی زۆر زیاتر لەوەی چاوەڕوان دەکرا بەردەوامە، بە جۆرێک شارەزایان پێشبینی دەکەن تێکڕای پلەی گەرمیی زەوی لە ماوەی پێنج ساڵی داهاتوودا بگاتە بەرزترین ئاستی تۆمارکراو لە مێژوودا، هەروەها ناوەندە ژینگەیییەکان ئامادەیی خۆیان نیشانداوە بۆ چڕکردنەوەی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی کارەساتە نەرێنییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا.
ئاماژە بەوەشکراوە، تێکڕای ساڵانەی پلەی گەرمیی نزیک لە ئاستی زەوی لە پێنج ساڵی داهاتوودا، لە نێوان ١.٣ بۆ ١.٩ پلەی سەدی بەرزتر دەبێت بەراورد بە سەردەمی پێش پیشەسازی و نیشانەکان زۆر ڕوونن کە گەرمبوونی گۆی زەوی بە بێوەستان بەردەوامە و ئەگەری تێپەڕبوونی لەم هێڵە سوورە واتە ١.٥ پلە زۆر بەرزە و لە چوار ساڵی داهاتوودا ڕوودەدات. پێشبینی کراوە کە لەم ماوەیەدا، پلەی گەرمیی زەوی بۆ چەند ساڵێک ڕیکۆردی ساڵی ٢٠٢٤ کە وەک گەرمترین ساڵی مێژوو تۆمار کرابوو بشکێنێت.
چاودێرانی ژینگە هۆشداری دەدەن کە گەرمبوونی جەمسەرەکان دەبێتە هۆی تێکچوونی سیستمی گشتیی کەشوهەوا و دروستبوونی دیاردەی سروشتیی توندوتیژ وەک لافاو و وشکەساڵی، بەتایبەت لە نیوەگۆی باکووردا.