ڕێکخراوەکانی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان: مانگرتنەکان نیشاندەری لێهاتوویی کۆمەڵگە بوون
ڕێکخراوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە پەیامێک سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ مانگرتنی گشتیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەربڕی و ڕایانگەیاند، ئەم هاودڵی کۆمەڵایەتیی و بوێرییە مەدەنییە، تەنها سیمایەک لە بەرگریی ڕێکخراوەیی خەڵک نەبوو، بەڵکو نیشاندەری لێهاتوویی کۆمەڵگە بوون.
ناوەندی هەواڵ
پێنج ڕێکخراوی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە پێکهاتوون لە؛ ڕێکخراوی ئازادیی ژنانی کوردستان "نینا"، ڕێکخراوی ئاسۆی ژنی کورد-ژنانی کۆمەڵە، ڕێکخراوی ئافرەتانی خەباتی کوردستانی ئێران، کۆمەڵگای ژنانی ئازادیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان "کژار" و یەکێتی ژنانی دیموکراتی کوردستانی ئێران، بە پەیامێک سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ بەڕێوەچوونی مانگرتنی گشتیی دەربڕی کە لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە چوارچیوەی ناڕەزایتییەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، وەک کاردانەوەیەک دژی ستەمی دەوڵەتی ئێران بەڕێوەچوو.
لە پەیامەکەدا ڕێکخراوی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە هەمووکات خەبات دژ بە زوڵم و زۆری پێکهاتەیی بەرامبەر بە ژنانیان بە داواکاری نەتەوەیی و کۆمەڵایەتی گەلەکەیانەوە گرێداوە، جەختیان کردووەتەوە، وەک ڕێکخراوەکانی ژنان باوەڕیان بەوە هەیە کە ژنان، رۆڵی سەرەکییان بۆ گەیشتن بە دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، نەهێشتنی جیاکاری رەگەزی و بەرەنگاربوونەوەی هەموو جۆرەکانی ستەمێک هەبووە. هەر لەو چوارچێوەیەدا، ژنانی تێکۆشەری کۆمەڵگەی ئێران، بە تایبەتی ژنانی کورد، هەمووکات وەک پێشەنگی ئەم تێکۆشانانە ناسراون و بەشداریی چالاکانەیان، یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی خۆڕاگری کۆمەڵایەتی بووە.
ئەم ڕێکخراوانە خۆیان بە هاوبەش و هاوڕێی خەبات و تێکۆشانی گەلەکەیان دەزانن و بە ڕێز و پێزانینەوە، سوپاسی هاونیشتمانییانی هۆشیار بە تایبەت، دوکانداران و کاسبکارانی بەڕێزدەکەن کە بە هۆشیاری و ئاگاییەوە هەنگاوێکی کۆمەڵایەتی و بەرپرسیارانەیان بە داخستنی دوکان و بازاڕ، هاوخەباتی و هاوبەشیی خۆیان لەگەڵ هاونیشتمانییانی ئیلام و کرماشان و لۆڕستان و بەختیاری ڕاگەیاند، لە پەیامەکەیاندا هاتووە: “ئەم کردەوە ناڕەزایەتییە، وەڵامێک بوو بە داواکاری حەوت حزبی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دەرخەری ئاستی بەرزی وشیاریی کۆمەڵایەتی، ویژدانی ئاگا و ئیرادەی گشتیی ئێوە بە ناڕەزایەتی بەرامبەر بە قەوارەی نادادپەروەرو چەوسێنەری دەسەڵات.
ڕێکخراوەکانی ژنان لە بارەی مانگرتنەوە دەڵێن: “ئەم مانگرتن و هاودەنگییە، هەڵگری پەیامێکی ڕوون لە خۆڕاگری مەدەنیی دژ بە سیاسەت و کردارەکانی رژیم و سیستەمی کۆماری ئیسلامی بوو، پەیامێک کە جەختی لەسەر داوای مافی رەوا، کەرامەتی مرۆڤایەتی و ئازادی بۆ هەموو نەتەوە بندەستەکانی ژێر دەسەڵاتی رژیمی ئێران، کرد. ئەم هاودڵی کۆمەڵایەتیی و بوێریی مەدەنییە، تەنها سیمایەک لە بەرگریی ڕێکخراوەیی خەڵک نەبوو، بەڵکو نیشاندەری لێهاتوویی زۆری کۆمەڵگەیە ،بۆ کرداری کۆمەڵایەتیی لە راستای بەدەستهێنانی دادپەروەری و یەکسانی.
لە کۆتایدا ڕێکخراوەکانی ژنان بەم شێوەیە سوپاس و پێزانینی خۆیان دەربڕیوە: “ئێمە رێکخراوەکانی ژنان لەگەڵ سوپاس و پێزانینێکی زۆر، جەخت لەسەر بەردەوامبوونی هاوبەش و هاودەنگ و ڕۆڵی چارەنوسسازی هۆشیارانەی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین لە بەرەوپێشبردن و دەستەبەرکردنی خەباتێکی دیموکراتێک و ئازادیخواز