ڕێکخراوەکانی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەرکوتی خۆپیشاندەران شەرمەزار دەکەن

ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە پێشەنگی بەرخۆدانن لە دژی سەرکوتکردن، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەن مافەکانیان بپارێزن و لێپرسینەوە لەگەڵ بەرپرسانی ئەو توندوتیژییە بکەن.

ناوەندی هەواڵ

 

لە بەرامبەر پەرەسەندنی سەرکوتی ناڕەزایەتییەکانی گەل، پێنج ڕێکخراوی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی یەکگرتوویان بڵاوکردەوەو هێرشەکانی سوپای پاسدارانی ئێرانیان شەرمەزار کردو بە پێشێلکارییەکی ڕاستی مافەکانی مرۆڤیان پێناسە کرد.

 

٦ی کانوونی دووەم، پێنج ڕێکخراوی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕاگەیاندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و هێرشەکانی سوپای پاسدارانیان بۆ سەر خۆپیشاندەرانی بەشداربوو لە خۆپیشاندانەکانی گەلی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران شەرمەزار کرد.،داواشیان لە دامودەزگا نێودەوڵەتییەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کرد، بەپەلە هەنگاو بنێن و پاڵپشتی خۆپیشاندەران بکەن.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا کە لەلایەن تەڤگەری ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان "کژار"، ڕێکخراوی ژنانی کۆمەڵە "کۆمەڵەی ژنانی کورد"، ڕێکخراوی ژنانی خەباتی ئێران، یەکیەتی ژنانی دیوکراتی ئێران و ڕێکخراوی ژنانی ڕزگاریخوازی کوردستان "نینا" بڵاوکراوەتەوە، تێیدا هاتووە، شەپۆلێکی نوێی ناڕەزایەتی و گردبوونەوەی گەل لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە چەندین شاری ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، لەنێویاندا شارەکانی کوردستان، دژی پاشخانی خراپتربوونی قەیرانە سیاسی و ئابوورییەکان، بە خێرایی بڵاوبووەتەوە بۆ ناوچە جیاوازەکان.

 

ڕێکخراوە واژۆکارەکان دووپاتیان کرد، کە دەسەڵاتدارانی ئێران بەگوێرەی پراکتیکەکانی ڕابردوویان پەنایان بردە بەر توندوتیژی و سەرکوتی لە ڕادەبەدەر بۆ دامرکاندنەوەی ناڕەزایەتییەکان، ناوچە کوردنشینەکان کەوتوونەتە بەر ئامانجگرتنی توندتر و بەربڵاوتر.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا، هێرشەکانی هێزەکانی سپای پاسداران دژی خۆپیشاندەران بەتایبەتی لە ناوچەی مالکشاهی و لوڕستان بە "تاوانێکی ڕوون و پێشێلکارییەکی ڕاستی مافەکانی مرۆڤ" پێناسە کردووە و ئیدانەی توندی خۆی بۆ ئەو پێشێلکارییانە دەربڕی.

هەروەها جەخت لە سەر ڕۆڵی پێشەنگی ژنان لە تەڤگەری ناڕەزایەتی و خەباتی ڕزگاریخوازیدا کراوەتەوە، دووپاتی کردەوە، کە ژنان هەمیشە لە پێشەنگی بزوتنەوە کۆمەڵایەتییەکاندا بوون، لە دژی سیاسەتەکانی هەڵاواردنی نەتەوەیی و ڕەگەزی ڕاوەستاون.

ڕێکخراوەکان هاوسۆزی تەواویان لەگەڵ هەموو ئەو تاکانە ڕاگەیاند کە لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییەدا کرانە ئامانج و سەرکوت کران.

 

لە کۆتاییدا، ڕێکخراوەکانی ژنان داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، دامەزراوە دیموکراتیکەکان و هەموو هێزەکانی بەرگریکار لە ئازادی کرد، بێدەنگی خۆیان سەبارەت بەم ڕووداوانە بشکێنن و هەنگاوی کردەیی و کاریگەر بنێن بۆ پشتیوانی لە خەباتی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بۆ ئازادی و دادپەروەری