ڕێکخراوەکانی ژنان لە سودان داوای کۆتایی هێنان بە ململانێکان دەکەن
لەچوارچێوەی هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، ڕێکخراوەکانی ژنان لە سودان لە بەیاننامەیەکدا داوای وەستاندنی دەستبەجێ و بێ مەرجی ململانێ کارەساتبارەکەیان کرد، هەروەها داوایان لە لایەنە ناکۆکیەکان کرد کە لە بەرژەوەندی گەلی سودان کار بکەن.
ناوەندی هەواڵ
لە بەیاننامەیەکدا کە ئەمڕۆ ٢٦ی تشرینی دووەم بڵاویکردەوە، یەکێتی ژنانی سودان و یەکەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و منداڵان داوای کۆتاییهێنان بە ململانێکان و گەڕاندنەوەی ئاسایش و سەقامگیری وڵاتەکەیان دەکەن.
یەکێتی ژنانی سودان داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان کرد، لە چوارچێوەی مرۆڤایەتی و دەستوەردانی بەپەلە بکەن و بەرپرسیارێتی خۆیان لە ئەستۆ بگرن بۆ دابینکردنی خۆراک و دەرمان و پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی.
هەروەها لە بەیاننامەکەدا هاتووە: ئاشتی بەدی ناهێندرێت و ئازاری هەموو خەڵکی سودان و ژنان و منداڵان بەتایبەتی کۆتایی پێنایەت، جگە لە کۆتاییهێنان بە جەنگ و کارکردن بۆ گەڕاندنەوەی سودان وەک دەوڵەتێکی پارێزراو کە دادپەروەری و یەکسانی تێیدا زاڵ بێت.
هەروەها یەکەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و منداڵان لە سودان لە بەیاننامەیەکدا داوای کرد پارێزگارییەکی گونجاو بۆ ڕزگاربووان دابین بکەن لەگەڵ دەستەبەرکردنی دەستڕاگەیشتنیان بە دادپەروەری، لە چوارچێوەی ئەو هەڵمەتە ١٦ ڕۆژەی کە ئەمساڵ بە دروشمی “ئێوە تەنیا نین” بەڕێوەدەچێت.
جەخت لەوەکرایەوە، پێویستە تیشک بخرێتە سەر ئەو ئاستەنگانەی کە ڕووبەڕووی ژنان دەبنەوە لە وڵاتەکەماندا، بەتایبەتی لە بارودۆخی شەڕ و ئاوارەبووندا، هەروەها پێشخستنی هەنگاوی کردەیی و جددی بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و کارکردن بۆ باشترکردنی وەڵامدانەوەی ژنان میکانیزمەکان و دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییەکانی ڕزگاربووان.
ئاماژە بەوەکراوە، ١٦ ڕۆژی چالاکیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان هەڵمەتێکی نێودەوڵەتییە کە لە ٢٥ی تشرینی دووەمی هەموو ساڵێکەوە دەستپێدەکات، واتە ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، و لە ١٠ی کانوونی یەکەم کۆتایی دێت.
لە بەیاننامەکەی یەکەکە ئاماژە بەوە کراوە، ئەمساڵ ئەم هەڵمەتە لەناو ئەو بارودۆخە دڵتەزێنەدایە کە ژنان لە سودان ئازار دەچێژن لە ئەنجامی ئەو ململانێیەی کە لە مانگی نیسانی ٢٠٢٣ سەریهەڵداو هێشتا لەلایەن هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە ویلایەتی غەزیرە، دافور و خەرتوم ئەنجام دەدرێت.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، ئەم هەڵمەتە بە دەرفەتێکی گرنگ دەبینین بۆ بەبیرهێنانەوەی گرنگی دەزگا جیاوازەکانی حکومەت لە ئەنجامدانی ئەرکەکانیان بۆ دابینکردنی پاراستن بۆ هاوڵاتیانی مەدەنی، پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری دۆستی ژنان و منداڵان، و ئاسانکاریکردنی ڕێکارەکانی وەڵامدانەوە بۆ حاڵەتەکانی ڕەگەزپەرستی، توندوتیژی، بە تایبەت توندوتیژی ڕەگەزی پەیوەست بە ململانێ.
لە بەیاننامەکەدا جەختی لەسەر گرنگی یەکڕیزی کراوەتەوە بۆ پەسەندکردنی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە زووترین کاتدا بۆ دەستەبەرکردنی پاراستنی ژنانی سودان لە هەموو جۆرەکانی توندوتیژی.