دوو ڕێکخراوی مافی مرۆڤ داوای ڕاگرتنی سێدارە لەلایەن ڕژێمی ئێران دەکەن

هیومان ڕایتس ۆوچ و تۆڕی مافەکانی مرۆڤی رۆژهەڵاتی کوردستانهۆشداری لە بارودۆخی هەزاران هاوڵاتیی دەستبەسەرکراو و زیندانییانیی سیاسی دەدەن و داوای ڕاگرتنی سزای لەسێدارەدان و ئازادکردنی زیندانییان دەکەن.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ هەر دوو ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ “هیومان ڕایتس ۆوچ” و تۆڕی مافەکانی مرۆڤی رۆژهەڵاتی کوردستان دەربارەی مەترسیی لەسێدارەدانی زیندانییانیی سیاسیی ڕاگەیاندراوێکیان بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە، زیندانییانیی سیاسیی ڕووبەڕووی مەترسییەکی دوولایەنە بوونەتەوە لەوانە مەترسیی هێرشە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسراییل و پێشێلکردنی بەربڵاوی مافەکانی مرۆڤ لە لایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە وەک لەسێدارەدانی بەکۆمەڵ یان نایاسایی و نهێنی، لەو ماوەیەدا نۆ زیندانیی سیاسیی بە تۆمەتی”چەکداری و یاخیبوون” لەسێدارەدراون و ئەگەری بەرزبوونەوەی ژمارەی لەسێدارەدانی زیندانییانیی سیاسیی لە ئارادایە.

 

ئاماژە بەوەش کراوە، دەسەڵاتدارانی ئێران نەک تەنها ئامادە نیین لە دۆخی شەڕدا زیندانییەکان ئازاد بکەن، بەڵکوو هەڵمەتی دەستبەسەرکردنی بەکۆمەڵ و هەڕەمەکی چالاکوانان و هاووڵاتییانیان چڕتر کردووەتەوە، هەزاران زیندانییکراو لە هەلومەرجێکدان کە دەرفەتی خۆپاراستنیان نییە و پەناگەیەکی ئارامیان بۆ دابین نەکراوەو لە بەردەم توندوتیژیی ناوخۆیی و هێرشی دەرەکیدان، کە هەندێک لە زیندانەکان پریشکی بۆردوومانەکانیان بەر کەوتووە.

 

باس لەوەشکراوە، سەرەکیترین کێشەکانی زیندانییکراوان بریتین لە کەمبوونی بەشەخواردن، دابەزینی کوالیتیی خزمەتگووزارییەکان، نەبوونی دەواودەرمان و چاودێریی پزیشکی و سنووردارکردنی پەیوەندیکردن بە بنەماڵەکانیانەوە.

 

ڕیکخراوی چاودێری مافی مرۆڤ و تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەن فشار بخەنە سەر ئێران تاکوو دەسبەجێی زیندانییانیی سیاسیی و ئەو کەسانە ئازاد بکات کە بە هەڕەمەکی دەستبەسەر کراون، هەروەها داوا ڕاگرتنی سزای لەسێدارەدان دەکەن.