ڕێکخراوەکانی مافەکانی منداڵان داوای هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدانی شەریفە دەکەن
کۆمەڵێک لە ڕێکخراوەکانی داکۆکیکردن لە مافەکانی منداڵان ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە، داوای هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدانی شەریفە محەمەدی دەکەن.

ناوەندی هەواڵ
١٠ ڕێکخراوی داکۆکیکردن لە مافەکانی منداڵان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دژی پەسەندکردنی سزای لەسێدارەدانی شەریفە محەمەدی زیندانی سیاسیی لە زیندانی لاکان و چالاکوانی کرێکاران ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە، داوای هەڵوەشاندنەوەی دەستبەجێ و بێ مەرجی سزای لەسێدارەدانی شەریفە محەمەدی دەکەین، کارکردن بۆ دادپەروەری و مافەکانی مرۆڤ و پشتیوانیکردنی منداڵان تاوان نییە، بوونی سزایەکی لەو شێوەیە و جێبەجێیکردنی هەڕەشەیە بۆ سەر کۆمەڵگە و چالاکوانەکان.
ئاماژە بەوەشکراوە، دەرکردنی بڕیارێکی لەو شێوەیە بۆ ژنێک کە ژیانی خۆی بۆ بەخێوکردنی منداڵان تەرخان کردووە بێ بنەمایە و داوای ژیانێکی مرۆڤانە دەکەین بۆ هەموو تاکەکان دوور لە جیاکاری.
باس لەوەشکراوە، لە دۆخێکدا کۆمەڵگە ڕووبەڕووی هەژاری، نایەکسانی و کێشەی بژێوی ژیان دەبێتەوە، منداڵان کەمترین سەرچاوەی ژیان و گەشەکردن و پشتگیرییان نییە، سروشتییە ویژدانی بەئاگاهاتنی وەک شەریفە محەمەدی بۆ باشترکردنی کرێکاران و منداڵان تێبکۆشن و وەک چالاکوانانی مەدەنی و بەرهەڵستکارانی منداڵ بە ئاشکرا داوای مافەکانی هەموو تاکەکان بکەن.
ئەو ڕێكخراوانەی بەشدارن لە ڕاگەیەندراوەکە بریتین لە، ئەنجوومەنی داکۆکیکردن لە مافەکانی منداڵان، ئەنجوومەنی باڵندەکان و داری بچووک، دامەزراوەی پاڵپشتی کارکردنی منداڵان”پویا”، دامەزراوەی تواناسازی “مێهرومانگ”، گرووپی داکۆکیکارانی منداڵانی کرێکار “ڕەنگی خودا”، کۆمەڵەی پشتگیری منداڵان لە دۆخی مەترسیدا، کۆمەڵگەی بەرگری لە منداڵانی کرێکار و منداڵانی سەر شەقام، گرووپی کلتووری و کۆمەڵایەتی “کیان”، گرووپی یارمەتیدەرانی پاڵپشتی، ئەنجوومەنی توێژینەوەی پەروەردەیی “پویا”.
لە ٥ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣، شەریفە محەمەدی خەڵکی شاری ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دانیشتووی شاری ڕەشتی ئێران لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی شارەکە بە بێ فەرمانی دادوەر لە ماڵەکەی خۆیدا دەستگیر کرا، دواتر بۆ زیندانی لاکانی ڕەشت گواسترایەوە، لە٥ـی تەممووزی ٢٠٢٤ بە تۆمەتی “یاخیبوون” سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا، لە ١٦ـی ئابی ئەمساڵدا، لە لایەن لقی ٣٩ـی دادگای باڵای ئێران بڕیارەکە بە تەواوی پەسەند کرا.