ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بانگەوازێکیان بۆ پاراستنی گەڕەکە کوردییەکان ڕاگەیاند
دوای ئەو هێرشەی کە چەکدارانی حکومەتی کاتیی سووریا ئەنجامیان دا، ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بانگەوازێکی مرۆییان بۆ پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە لە حەلەب ڕاگەیاند.

ناوەندی هەواڵ
سێ ڕێکخراوی مەدەنی نێودەوڵەتی ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشیان دەرکرد و تێیدا نیگەرانی قووڵی خۆیان دەربڕی سەبارەت بە تێکچوونی دۆخی مرۆیی لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە لە شاری حەلەب، لە ئەنجامی بۆردوومان و گەمارۆی سەپێنراو لەلایەن هێزەکانی حکومەتی کاتییەوە کە بووەتە هۆی زیادبوونی ئازار و مەینەتییەکانی دانیشتووان و هەڕەشە بۆ سەر ژیانی ڕۆژانەیان.
ئەو ڕێکخراوانە کە بریتین لە "ڕێکخراوی جیۆستراتیژیی کۆمەڵگەی مەدەنیی کوردی، کۆمەڵەی ژنانی کوردی-نەمساوی بۆ هونەر و ڕۆشنبیری، و ڕێکخراوی ئەڵمانی بۆ گەشەپێدان و ئاشتی" ئاماژەیان بەوە کرد کە هاوڵاتیانی مەدەنی لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە، بەتایبەتی منداڵان و ژنان و بەساڵاچووان، ڕووبەڕووی دۆخێکی کارەساتبار بوونەتەوە بەهۆی نەبوونی خۆراک و دەرمان و ئاو و کارەبا، و هۆشدارییان دا لە مەترسیی ڕوودانی کۆمەڵکوژیی نوێ دژی دانیشتووانی ئەو گەڕەکانە.
بانگەوازەکە ئەم داواکارییانەی خستۆتەڕوو:
“- پێویستیی ڕاگرتنی دەستبەجێی کردەوە سەربازییەکان لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە، و دوورخستنەوەی هاوڵاتیانی مەدەنی لە نەهامەتییەکانی جەنگ.
– دابینکردنی پاراستنێکی پێویست و بەپەلە بۆ هاوڵاتیانی مەدەنی لە ڕێگەی پابەندبوونی هەموو لایەنەکان بەوەی کە گەڕەکە نیشتەجێبووەکان نەکەنە ئامانجی بۆردوومان یان هەڕەشەی هێرشکردنە سەریان.
– کردنەوەی ڕێڕەوی مرۆیی ئارام لەژێر سەرپەرشتیی نێونەتەوەیی بۆ گەیاندنی خۆراک و پێداویستییە پزیشکییەکان، و دابینکردنی گواستنەوەی حاڵەتە مرۆییە مەترسیدارەکان.
– بانگهێشتکردنی لایەنە سوورییەکان، لە پێش هەموویانەوە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و حکومەتی سووریا، بۆ دیالۆگ و لێکتێگەیشتن لەپێناو چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیری لە شاری حەلەب و شارەکانی تری سووریا”
لە ڕاگەیەندراوەکەدا داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنجومەنی ئاسایش، کۆمیسیۆنی باڵای مافی مرۆڤ، و هەموو ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ڕێکخراوە مرۆییەکان کرد کە دەستوەردانی بەپەلە بکەن بۆ ڕاگرتنی کردەوە سەربازییەکان و دابینکردنی پاراستنی دەستبەجێ بۆ هاوڵاتیانی مەدەنی، لەگەڵ کردنەوەی ڕێڕەوی مرۆیی ئارام بە سەرپەرشتی نێونەتەوەیی.