ڕێکخراوە کوردییەکان لە ڕووسیا داگیرکاری و خیانەتیان شەرمەزار کرد
ڕێکخراوە کوردییەکان لە ڕووسیا لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا داگیرکاری و خیانەتیان شەرمەزار کرد و ڕایانگەیاند، پێویستە پەدەکە واز لە خیانەت و هاوکارییەکانیان لەگەڵ دوژمنی گەلی کوردستاندا بهێنێت.
ناوەندی هەواڵ
ڕێکخراوە کوردییەکان لە ڕووسیا بە بەیاننامەیەکی هاوبەش هێرشەکەی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیان بۆسەر شارۆچکەی سەیدسادقی سنوورى شاری سلێمانی شەرمەزار کرد، کە لە ئەنجامدا بوو بەهۆی گیان لەدەستدانی دوو ڕۆژنامەنووسی کورد بەناوەکانى گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین.
لە بەیاننامەکەدا سەرەخۆشی لە کەسووکاری ئەو دوو ڕۆژنامەنووسەو گەلی کورد کرا، هاوکات هاوکارییەکانی پەدەکە و بنەماڵەی بارزانی لەگەڵ دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە توندی شەرمەزار کراو داوا کرا واز لە خیانەت و هاوکارییەکانیان لەگەڵ دوژمنی گەلی کوردستان بهێنن.
هەروەها ئاماژەیان بەوەشکرد، لە ئەنجامی خیانەت و هاوکارییەکانی پەدەکە، دەوڵەتی فاشیستی تورک چووەتە ناو خاکی هەرێمی کوردستان و بە شێوەیەکی دڕندانە هێرش دەکاتە سەر کوردان، شۆڕشگێڕ و سیاسەتمەداران، چالاکوان و ڕۆژنامەنووسان، هێرشی دوایی بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان لە ٢٣ی ئاب دژی ڕۆژنامەنووسانی کورد ئەنجامدرا، هێرشەکە بە پشتیوانی و هاوکاری پەدەکە ئەنجام درا و لە ئەنجامدا ڕۆژنامەنووسان گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین گیانیان لەدەستداو ڕۆژنامەنووسێکی ئازادیش بریندار بوو.