"دوژمنانی کورد لە شۆڕش و ئیرادەی ژنانی ئازاد دەترسن"

ژنانی باشووری کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا جەختیان کردەوە، خەباتی ئازادی ژنان تا سەرکەوتن بەردەوامە و درێژە بە تێکۆشانی یوسرا دەروێش و لێمان شوێش و هەموو شەهیدان دەدەن.

سلێمانی

 

پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە پارکی ئازادی لە شاری سلێمانی ژنانی باشووری کوردستان بەیانامەیەکیان خوێندەوە لە دژی هێرشەکەی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر هەردوو ژنە شۆڕشگێڕ لێمان شوێش و یوسرا دەروێش و ئیدانەی ئەو هێرشەیان کرد.

 

بەیاننامەی ژنانی باشووری کوردستان لەلایەن فەوزیە عەبدولکەریمەوە خوێندرایەوە و ئاماژەی بەوەکرد، " ئێمەی ژنانی باشوری کوردستان بە توندی ئیدانەی ئەو هێرشەی دەوڵەتی تورکیا دەکەین کە  لە بۆردومانێکدا ژنانی پێشەنگی ڕۆژئاوای کوردستان یوسرا دەروێش سەرۆکی کانتۆنی قامیشلۆ و جێگرەکەی لێمان شوێش لە کاتی بە جێهێنانی ئەرکی خۆیاندا کرانە ئامانج، بێگومان لە دەستدانی ئەم ژنە  شۆڕشگێڕانە کەلێنێکی لە خەباتی ئازادی گەلەکەمان دروست کرد، چونکە دەستێکی باڵایان هەبوو لە بەرەوپێشچوونی پەیوەندیەکانی نێوان ژنانی باشور و ڕۆژئاوا، بۆیە بە دوژمنان دەڵێین ئێمە بەردەوامین لەسەر ڕێگای خەبات و تێکۆشانیان و سەرکەوتنمان نزیکە."

 

سارا ڕەزا، ئەندامی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، "نەیارانی کورد بە تایبەتی دەوڵەتی تورکیا چاویان بە خەباتی ئازادی کوردا هەڵنایەت و دەیانەوێت بە هەموو شێوەیەک ناسنامەی کورد نەهێڵن، لە شۆڕش و ئیرادەی ژنانی ئازاد دەترسن بۆیە هەمیشە ژنانی پێشەنگ دەکاتە ئامانج، بەداخەوە دەوڵەتە زلهێزەکان لەبەر بەرژەوەندی خۆیان بێدەنگن لە ئاست ئەم پێشێلکاریانەی بەرامبەر بە کورد دەکرێت، دووبارە هەڵبژاردنەوەی ئەردۆغانیش ئەوە دەردەخات کە بە ئامانجگرتنی ئازادیخوازان بەردەوام دەبێت و ئەو پلانەی هەیبوو دژی کورد جێبەجێی دەکات، ئێمەی ژنان دووپاتی دەکەینەوە کە تیرۆر و هێرش نامانترسێنێت و بەردەوام دەبین لەسەر خەباتی لێمان شوێش و یوسرا دەروێش و ڕێبازی ئەوان بەرنادەین".

 

لێمان شوێش نوێنەری پێشووی کۆنگرەی ستار بوو لە باشووری کوردستان و چەندین ساڵ خەباتی کرد، لەگەڵ ژناندا پەیوەندییەکی پتەوی هەبوو، بە هەوڵەکانی ژنانی باشووری هۆشیارکردنەوە لە خەبات و تێکۆشانی ژنان بۆ ئازادی، دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی شەهید کردنی لێمان شوێش و یوسرا دەروێش، ژنانی باشووری کوردستان هاوخەمی خۆیان دەربڕی و ئیدانەی هێرشەکەیان کرد، دووپاتیشی دەکەنەوە کە بەردەوام دەبن لەسەر ڕێبازی ژنانی شۆڕشگێڕ.

 

لە ٢٠ی حوزەیراندا دەوڵەتی تورکیا بە فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکان بۆردومانی ئۆتۆمبیلێکی کرد و تیایدا هەردوو ژنە پێشەنگ یوسرا دەروێش، هاوسەرۆکی کانتۆنی قامیشلۆ و جێگرەکەی لیمان شوێش کرانە ئامانج.