" هەست بە بەرپرسیاریەتی یارمەتیدانی ژنانی دیکە دەکەم"

لەم ڕاپۆرتەدا چاوپێکەوتنمان لەگەڵ ژنێک کردووە کە منداڵییەکی سەختی بەسەر بردووە، لە منداڵیدا ڕقی لە ڕەگەزی خۆی بووە، بەڵام ئێستا شانازی بەوە دەکات کە ژنە و ڕۆژی ٨ی ئادار دەکاتە دەرفەتێک بۆ یارمەتیدانی ژنان بۆ ئەوەی بە هەمان ئەزموونی ئەودا تێنەپەڕن.

هیما راد

 

سنە- ژنان چەندین ئەزموونی پڕ ئازاری هاوبەش و جیاوازیان هەیە، بۆ ئەوانەی شانسیان باشترە، چیرۆکی ژیانی تراژیدی و خەمناکیان دەتوانێت بیانگەیەنێتە شوێنێکی بەرز لە کۆمەڵگە، بەڵام گەیشتن بەو ئاستە ئاسان نیە، چونکە ژنبوون لە وڵاتێکی وەک ئێران ئاسان نیە و دەبێت بجەنگن بۆئەوەی ژیانێکی باشتر و مافەکانیان بەدەستبهێنن.

 

"تەمەن، ڕەگەز، نەتەوە هەمووی گرێدراوی دۆخی ئابوورییە"

پ.س، ناوی خوازراوی یەکێک لەو ژنانەیە کە دەربارەی ئەزموونەکانی خۆی بۆ ئاژانسی نوژنها قسەیکرد:  "ئێستا دەبێت بچمە ناو وردەکارییەکان بۆ ئەوەی بزانم بۆچی بیرۆکەکەم لەبارەی ژن بوونەوە گۆڕیووە، دۆخی ئابووری هەموو کات کاریگەری خۆی لەسەر ڕەوتی ژیان هەیە، وەک ئەوەی ئەگەر هەژاربین مافی ئەوەمان نیە ئەزموونی هیچ شتێکی باش بکەین، تەمەن، ڕەگەز و نەتەوە، هەمووی گرێدراوە بە ئابوورییەوە، ئەوە ئابوورییە کە تەنانەت سیاسەت، وڵات، کۆمەڵگە و ژیانی تاکێک بەرەو گۆڕان دەبات، تەمەنی منداڵی تا گەورەبوون لە خێزانێکی هەژاردابووم، من منداڵی سێهەم بووم و کۆتا کچی خێزانەکە بووم، ڕۆژانی قوتابخانەم بە کێشەکانمەوە بەڕێکرد لەگەڵ ئەوەشدا دەبوو لەگەڵ کەمترین پێداویستییەکانی بەردەستم خۆم بگونجێنم، پێڵاو و جانتا و پێداویستییەکانی دیکەم نەبوو یاخود دەبوو ئەوانەی ساڵانی پێشوو بەکاربهێنمەوە، بە بێ خواردن و پێداویستی دەبوو ڕۆژانی خوێندنم تێبپەڕێنم."

 

پ.س. لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: " یاریم لەگەڵ کوڕەکانی گەڕەک دەکرد، ئیرەییم بە هێزی جەستەیی ئەوان دەبرد، کە لە من زیاتر بوو، چونکە ئەگەر وەک ئەوان بوومایە، کارم دەکرد و پارەم پەیدا دەکرد و ژیانێکی وەک هاوڕێکانم دەژیام، بەو کوڕانەم دەوت کە زۆربەیان خوێندکاری دوکانەکان بوون، بۆ ئەوەی کارم بۆ بدۆزنەوە، پێدەکەنین گاڵتەیان پێدەکردم."

 

پ.س بارودۆخی منداڵی و هەرزەکاری خۆی ڕوونکردەوە و وتی: " لەو ڕۆژانەدا کە خەونم بە کوڕ بوونەوە دەبینی، لەبەردەم ئاوێنەدا قژم دەتاشی و دواتر زۆر لێم دەدرا، بەڵام دیسانەوە پێم وابوو دەتوانم لەسەر ئەو پێداگرییە ببمە کوڕ، لەگەڵ گەورەبوونمدا بە دوودڵییەوە کچبوونم قبوڵکرد و لە دۆخی هەژاری و ژینگەیەکی خێزانی ئاڵۆز و شەڕی بەردەوامی دایکم و باوکم بەردەوامبووم لە ژیان، کرێچی بووین بە هۆی نەدانی کرێوە ساڵی دووجار ماڵمان دەگواستەوە و خوشک و براکانم لە ژیانی منداڵیدا نە دەژیان و کاریان دەکرد، خێزانەکەم بەو مەرجەی لە دوای کاتی خوێندن یارمەتی دایکم بدەم ڕێگەیان پێدام لە خوێندن بەردەوامبم."

 

باسی لە ڕۆژانی سەختی خوێندنی کرد و وتی: " ئێمە لە گوند دەژیاین و کلتووری ئەوێ لەگەڵ شار زۆر جیاوازبوو چونکە کچەکان سنووردارییەکی زۆریان هەبوو، لە سەرەتادا باوکم لەگەڵ ئەوەی باوەڕی بە خوێندنی کچ نەبوو بەڵام من زۆر هەوڵم دەدا و پێداگیریم دەکرد و کاتێک باوکم پێشکەوتنەکانی منی دەبینی دڵخۆش دەبوو، هاوسەرگیری بۆ من ناچاری نەبوو چونکە من دەمخوێند و دواتر دەمتوانی کارم هەبێت ئەوەش یارمەتیدەر دەبوو بۆ خێزانەکەم، بەڵام خوشکەکانم هەردووکیان دەبوو هاوسەرگیری بکەن، بەردەوام هەوڵم دەدا دەبوو زیاتر بخوێنمەوە و دواتر دەبوو بچمە سەر کاری تایبەت بەخۆم بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت ئەو کچەی کە دەخوێنێت دەتوانێت بەهێز بێت و وەک کوڕەکان دەتوانێت ژیانی خۆی بونیاد بنێت."

 

پاشان باسی ڕۆژانی خوێندنی کۆلێژی کرد و وتی: " لە زانکۆ زۆر هاوڕێم ناسی، هاوڕێیانێک کە ڕەوتی ژیانمیان گۆڕی و پێکەوە کتێبمان دەخوێندەوە، ئەزموونمان پەیدا دەکرد، بە شێوازێک ڕۆیشتین کاتێک چالاکییەکانمان لە زانکۆ دەست پێکرد و خوێندکاری چالاک بووین و دەستمان کرد بە پلاندانان بۆ دەستپێکردنی وانەکان بۆ ناساندنی کتێب و فیلم."

 

پ.س. ئەوەشی خستەڕوو کە کە بەهۆی چالاکییەکانی لە ٨ی ئادار ئاستەنگیان بۆ دروستکراوە: " دەستمان کرد بە ناسینی جیهانی گەورەتر، کە تەنها لە جیهانی من و منداڵیدا قەتیس نەبوو، کە تێیدا ژنان شەڕیان دەکرد لە پێناو پێشخستنی ژیانی خۆیان، لە زانکۆ هەموو ساڵێک پلانمان بۆ ٨ی ئادار دادەنا چونکە بۆ ژنێکی وەک من ئەم ڕۆژە مانای ژیان بوو چونکە سەرسام بووم بەو ژنانەی کە هۆکاری ناونانی ئەم ڕۆژە بوون وەک نمونەیەک لێم دەڕوانین، نزیکەی ٢٠ ساڵ لەمەوبەر، ژمارەیەکی کەمی خوێندکار ئاشنای ٨ی ئادار بوون و ڕەنگە ئەم بەرنامانە دەرفەتێک بووبێت بۆیان کە پێی ئاشنا ببن، هەرچەندە ئاسایشی زانکۆ هەمیشە هەوڵی دەدا بە لێدانی سیاسی چالاکییەکانمان بوەستێنێت، بەڵام ئێمە بەردەوام بووین و بانگهێشتی زانکۆکانی دیکەمان کرد بۆ بەشداریکردن، چالاکییەکانی وەک بڵاوکردنەوەی نوسین، ئەنجامدانی پێشانگا، ڕێزلێنانی ژنە شاعیر و پرۆفیسۆرەکان و ئەم جۆرە بەرنامانەمان ئەنجامدا، هەرچەندە کێشەیان بۆ دروست دەکردین، تەنانەت هەندێکمان ڕێگەیان پێنەدەدرا تاقیکردنەوەی باڵا ئەنجام بدەین، بەڵام چالاکییەکانمان بەردەوام بوو."

 

" هەست بە بەرپرسیاری دەکەم بەرامبەر یارمەتیدانی ژنانی دیکە "

لە وتەکانیدا ئاماژەی بەوەدا کە ئێستا کاری پارێزەری هەیە: " دواتر بە کارێکەوە چووینە ناو کۆمەڵگە و لە ڕێگەی کارەکانمانەوە خزمەتی ژنانمان لە کۆمەڵگەدا کرد، منیش بووم بە پارێزەر و ئیتر ئەو ژنەبووم کە مافی هەڵبژاردنی هەبێت، یارمەتی خۆممدا کە بیرکردنەوەکانم گەشە بکات، خۆمم خستە پۆستی زیاتر بۆ گەورەبوون و بەدەستهێنانی ئەزموونی زیاتر، ئێستاش نوێنەرایەتی زۆرێک لەو ژنانە دەکەم کە کێشەیان هەیە، لە زۆربەی کاتەکان بێ بیرکردنەوە بە بێ پارە ئەنجامی دەدەم، چونکە من خۆم لە هەژارییەوە گەیشتوومەتە ئێرە و تێگەیشتنێکم هەیە لە دۆخی سەختی بێ پارەیی، بەڵام ئەمە وایکردووە هەست بە بەرپرسیاری بکەم بەرامبەر ئەو کەسانی لە دۆخێکی سەختی ژیان دەژین، تا دەتوانم خزمەت بە ژنان دەکەم، لە ٨ی ئاداردا، هەموو ساڵێک، هەوڵ دەدەم کەیسەکانی ئەو ژنانە قبوڵ بکەم کە دێنە لام و ئامۆژگاری بێبەرامبەریان پێدەدەم، هەروەها ئاگاداری هاوڕێکانی تریشمم کە ئەوانیش لە پیشەی وانەوتنەوە، فرۆشیاری و ڕاهێنەرایەتی هاوکاری ژنان دەکەن و بەپێی بارودۆخی خۆیان کەمتەرخەمی ناکەن."

 

" شۆڕشی ژینا کۆمەڵگەی هۆشیار کردەوە"

ئاماژەی بەوەشکرد: " بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئەمساڵ ٨ی ئادار هاوکاتە لەگەڵ شۆڕشی ژینا، پێدەچێت خەڵک تێگەیشتنێکی باشتریان هەبێت بۆ ڕۆژی جیهانی ژنان، پێگەی ژنان زۆر زیادی کردووە و خۆشبەختانە زۆرێک لە پیاوان لەگەڵ شۆڕشی ژینادان و ڕاپەڕینی ئەم چەند مانگە ئەوە بووە کە هەمیشە هیوام پێی خواستووە، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بژیت و ژن بیت بەتایبەت لە ئێران زەحمەتی زۆرت دێت ڕێگای ژیان، دەبێت خۆت بونیاد بنێیت و بیرکردنەوەکانت بەرەو پێشببەیت، کە دەبێت بیرکردنەوە ژەنگاوییەکانی خێزان و کۆمەڵگە بگۆڕیتو لە شوێنیدا ئەو بیرکردنەوانە گەشە پێبدەیت کە لە خوێندن و پەروەردەکردندا بەدەستت هێناوە، بۆ ژنان گرنگە کە سەربەخۆیی دەروونی و دارایی بەدەست بهێنێت و هەست بە هێز و گرنگی ڕۆڵی خۆیان لە کۆمەڵگە بکەن."