" لە ڕێگەی ژەهراویکردنی خوێندکاران شۆڕشی ژنان دەکرێتە ئامانج "

مامۆستایانی عەفرین ڕایانگەیاند، ئیدانەی ژەهراویکردنی کچە خوێندکارەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەن و ئەمە واتای بەئامانجگرتنی شۆڕشی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی ئێران و دەستبەسەرداگرتنی مافەکانی ژنان دێت.

حەسنا محەمەد

 

شەهبا- لە مانگی تشرینی دووهەمەوە گازی کیمیاوی لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە لەسەر قوتابخانەکانی کچان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەکارهێنراوە، زیاتر لە ٥ هەزار خوێندکاری کچ ژەهراوی بوون و باری تەندروستییان خراپە، ئەم هەوڵانە بە مانای کپکردنی شۆڕشی ژنان دێت و دوورخستنەوەی ژنان لە زانست و پەروەردەیە.

 

لە هەموو جیهان و لە کوردستان ژنان ڕژاونەتە مەیدانەکان و بە چالاکی و خۆپیشاندان ئیدانەی ژەهراویکردنی کچە خوێندکارەکانیان کردووە، مامۆستایانی کۆمیتەی پەروەردەی کۆمەڵگەی دیموکراتیک لە عەفرین-شەهبا ناڕەزایی خۆیان لە بەرامبەر ئەم کردەوەیە دەربڕی.

 

"بە ڕۆحی ژن، شۆڕش سەردەکەوێت"

دانیال بێکۆ مامۆستای زمانی ئینگلیزی سەرنجی بۆ دۆخی خوێندکاران کچ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕاکێشا و ناڕەزایی خۆی لە بەرامبەر ئەمە دەربڕی و ڕایگەیاند: " دۆخی ژەهراویبوون لە ڕۆژهەڵاتی ئێران زیاتر لە نێو خوێندکارە کچەکاندا باوە،   ژەهراویکردنی خوێندکارانی کچ بە واتایی کوژاندنەوەی پریشکی شۆڕشی ژنان دێت، بەمەش دەیانویست هەڕەشە بخەنە سەر کۆمەڵگەوە کە هیچ کەسێک ناتوانێت دژی سیستەمەکانی دەسەڵات بوەستێتەوە و داوای مافی خۆی بکات، بەڵام هەرگیز لە ژێر کاریگەری ئەم ڕووداوانە نابین و دەستبەرداری دۆزی خۆمان بۆ ئازادی ژنان نابین، هاوکات دەیانەوێت ژنان لە خوێندن و ژیان داببڕن و ڕێگەیان پێنادەن درێژە بە خوێندن بدەن، قوتابیانی ڕۆژهەڵاتی ئێرانیش خوێندکاری ئێمەن و زۆر دڵتەنگین کە دەستدرێژی بە خوێندکارەکانمان دەکرێت، ئێمە ئەم دەستدرێژیکردنە بۆ سەر ژنان قبوڵ ناکەین و پشتگیریان دەکەین کە پێکەوە دژی ئایدۆلۆژیاکانی دەسەڵاتدار بوەستن و تەسلیمبوون قبوڵ نەکەن، ئێمە بە ڕۆحی ژنان لە شۆڕشەکەمان سەردەکەوین”.

 

"ناوی شۆڕشگێڕانەی ژینا ئەمینی لە هەموو جیهان بڵاودەکەینەوە"

مامۆستا مەریەم خان هێرشەکانی سەر ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان شەرمەزار کرد و وتی: " ئێمە مامۆستایانی عەفرین هێرشەکانی سەر ژنان لە ڕۆژهەڵاتی ئێران ئیدانە دەکەین، ئەمەش لەو ڕووداوانەشدا دەبینرێت کە لە قوتابخانەکانی کچان ڕوودەدەن، نزیکەی ٥٠ قوتابخانە کراونەتە ئامانج و خوێندکارانی کچ ژەهراوی کراون، زۆربەیان لە دۆخێکی مەترسیداردان و تەندروستییان باش نییە، هەموو ئەم هەوڵانەش کە بۆ ملکەچکردنی شۆڕشی ژنان لەژێر ناوی ژینا ئەمینی دەستی پێکردووە دەدرێن، هەمیشە دەیانەوێت ژنانی ئێران و هەموو جیهان ملکەچ بکەن، ئێمە ناڕەزایی خۆمان بەرامبەر بە هەوڵەکانی حکومەت دەردەبڕین و بە چالاکییەکانمان پشتیوانی ژنانی ئێران دەکەین، ناوی شۆڕشگێڕانەی ژینا ئەمینی لە هەموو جیهاندا بڵاودەکەینەوە."

 

"ژنانی سەرکردە و سیاسییەکان دەکرێنە ئامانج"

مامۆستا سێڤین ئیبدۆ دووپاتی کردەوە کە هەر ژنێک دژی توندوتیژی بوەستێتەوە ئەشکەنجە دەدرێت و دەڵێت: "هەر ژنێک دژی توندوتیژی و ستەم بوەستێتەوە لەلایەن دەسەڵاتەوە ئەشکەنجە دەدرێت، ئەوان نایانەوێت ژن ماف و بڕیاری هەبێت و دەیانەوێت هەمیشە لە ژێر کۆیلایەتی پیاودا بژین، بەڵام ئێمە هەرگیز ئەمە قبوڵ ناکەین، ژنانی پێشەنگ و سیاسەتمەدارانی پێشەنگ هەمیشە لە سەرتاسەری کوردستان دەکرێنە ئامانج، کەیسی ژەهراوی کردنی خوێندکارە کچەکانیش ئەمە نیشان دەدات و ئێمە بە توندی ئیدانەی بەئامانجکردنی ژنان دەکەین."