ڕۆژانی سێ شەممەی ناڕەزایەتی خانەنشینانی ئێران

خانەنشینانی کرماشان و سنە، وەک سێشەممانی ڕابردوو، ئەمڕۆ دەستیان بە گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی کرد.

کرماشان- سنە

ئەمڕۆ لە بەردەم بینای سندووقی خانەنشینی نیشتمانی کرماشان و سنە، کاتژمێر ١٠:٠٠ی بەیانی، گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی خانەنشینان بەڕێوەچوو.

 

لەم گردبوونەوەیەدا کە تا کاتژمێر ١١:٣٠ بەردەوام بوو، خانەنشینان ناڕەزایەتی خۆیان لە بارودۆخی ژیان و لە پێنەدانی مافەکانیان و جێبەجێنەکردنی یاسا لە لایەن سیستەمی جێبەجێکردنەوە نیشان دا.

 

ژنان لە ڕیزی پێشەوەی ناڕەزایەتییەکان دەبینرا، لەلایەن چەند نوێنەرێکەوە وتار و دروشمەکان دەخوێندرایەوە، وەک هەمیشە خانەنشینەکان شایەتحاڵی بوونی هێزە ئەمنییەکان و هێزەکانی پۆلیس بوون لە شوێنی گردبوونەوەی ناڕەزایەتیەکەیان.

 

ئەنجومەنی هەماهەنگی ڕێکخراوەکانی سەندیکاکانی پەروەردەکاران، وێڕای بڵاوکردنەوەی بانگەوازێک بۆ بەردەوامبوونی ناڕەزایەتییەکانی سێشەممە، داواکارییە سەرەکییەکانی خانەنشینانی وڵات بۆ ماوەی شانزە ساڵ بەم شێوەیە دەژمێرێت:

 

 یەکسانکردنی مووچەی خانەنشینان، هەبوونی بیمەی کارا و بیمەی تەواوکەر لەلایەن دامەزراوەی پەیوەندیدارەوە لە ماوەی خزمەتدا، زیادکردنی ساڵانەی خانەنشینی بەپێی ڕێژەی هەڵاوسانی وڵات، بەپێی  ماددەی ١٢٥ لە یاسای بەڕێوەبردنی خزمەتگوزاری شارستانی.

 

لەم بانگەوازەدا ڕاگەیەندرا کە ڕۆژی سێشەممە، لە نێوان کاتژمێر ١٠:٠٠ بۆ ١٢:٠٠ خانەنشینانی نیشتمانی لە بەردەم سندوقەکانی خانەنشینی نیشتمانی لە تاران، ناوەندەکانی پارێزگا و شارەکان گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی ئەنجام دەدەن.