لەناوبردنی دارستانەکانی زاگرۆس لەلایەن هێزەکانی ڕژێمی ئێران

دارستانەکانی زاگرۆس ڕووبەڕووی ئاگرکەوتنەوەی بەردەوام دەبنەوە، چالاکوانانی ژینگەپارێزی پێیان وایە ئەم ڕووداوانە بەهۆی لەناوبردنی بە ئەنقەست لەلایەن هێزەکانی ڕژێمی ئێرانەوە ڕوودەدەن.

سەردەشت

هەرچەندە وەرزی هاوین بەرەو کۆتا دەچێت، بەڵام ئاگرکەوتنەوەیەکی زۆر لە دارستانەکانی زاگرۆس بە تایبەتی لە شاری سەردەشت بەردەوامە و لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا لانیکەم ٩ ئاگر لە شاری سەردەشت کەوتوونەتەوە.

 

بە وتەی چالاکوانانی ژینگەپارێز، ئەم ڕووداوانە بە هۆی وێرانکردنی بە ئەنقەست لەلایەن هێزە ئەمنیەتی و نیزامییەکانی ڕژێمی ئێرانەوە بووە و ئەم هێرشانە بۆ سەر دارستانەکان بە شێوەیەکی ڕێکوپێک و زیاتر لە ڕابردوو ڕوودەدەن.

 

سارارا "ناوی خوازراو" یەکێک لە چالاکوانانی ژینگەپارێزی ئەم بوارە دەڵێت: "ئەوان ڕێگەی جیاواز بەکاردەهێنن بۆ زیانگەیاندن بە دارستانەکان، هەندێک جار هێزەکانی حکومەت یان کەسانێک کە بۆ ئەو مەبەستە بەکرێگیراون، ئاگر لە شوێنە جیاوازەکانی دارستانەکە دروست دەکەن و دواتر دەستبەجێ ناوچەکە بەجێدەهێڵن، لە هەندێک حاڵەتدا ئەم کەسانە بە بیانووی کۆکردنەوەی میوەی کێوی دەچنە ناو دارستانەکەوە و ئاگر دەکەنەوە."

 

ئاماژەی بەوەشکرد: "بەداخەوە چالاکوانانی ژینگەپارێز لە بەرامبەر ئەم جۆرە ڕووداوانەدا دەستی بەتاڵن و تەنها گژوگیا و گەڵای دار بەکاردەهێنن بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاگرەکان، ئەو ئیمکاناتانەی کە هەیانە، ستاندارد نین و تەنانەت هەندێکجار مەترسیدارن، وەک ئەو بەنزینە هەڵکەرانەی کە بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە بەکاریدەهێنن."