نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری بەرزبوونەوەی پلەی گەرما لەسەر منداڵان دەدات

نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریدا لەوەی سێ لەسەر چواری منداڵان لە باشووری ئاسیا مەترسی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرمایان لەسەرە کە لەسەر ئاستی جیهان بەرزترینە.

ناوەندی هەواڵ

 

نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریدا، لەوەی سێ لەسەر چواری منداڵان لە باشووری ئاسیا مەترسی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرمایان لەسەرە کە بەرزترین پلەی گەرمایان هەیە لە جیهان، ئەمەش بەهۆی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا.

 

سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ منداڵان-یونیسێف ڕایگەیاند، نزیکەی ٤٦٠ ملیۆن منداڵ بەرکەوتەی گەرمای توند دەبن لە باشووری ئاسیا واتە ٪ ٧٦ی منداڵان، کە دەکاتە یەک لەسەر سێی منداڵان لە نێو دانیشتوانی زەوی.

 

سانجای ویێسکێرا، بەڕێوەبەری هەرێمی یونیسێف بۆ باشووری ئاسیا دەڵێت: "لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرمای جیهان، داتاکان بە ڕوونی نیشان دەدەن کە مەترسی لەسەر ژیان و خۆشگوزەرانی ملیۆنان منداڵ لە سەرانسەری باشووری ئاسیادا بەهۆی شەپۆلی گەرما و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما توندتر دەبێتەوە".

 

نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری داوە کە منداڵان لە ئەفغانستان، بەنگلادیش، هیندستان، ماڵدیڤ و پاکستان ڕووبەڕووی ئاستێکی بەرزی مەترسی دەبنەوە بەهۆی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و بەرزی پلەکانی گەرما کە ٨٣ ڕۆژ یان زیاتر لە ساڵێکدا لە ٣٥ پلەی سەدی تێدەپەڕێت.

 

منداڵان ناتوانن بە خێرایی خۆیان لەگەڵ گۆڕانی پلەکانی گەرما بگونجێنن، هەروەها ناتوانن لە گەرمای زیادە لە جەستەیان ڕزگاریان بێت. سانجای ویێسکێرا جەختی لەوە کردەوە: "منداڵانی بچووک بەرگەی گەرما ناگرن، ئەگەر ئێستا هەنگاوی پێویست نەنێین، ئەم منداڵانە لە ساڵانی داهاتوودا بەردەوام دەبن لە هەڵگرتنی قورسایی شەپۆلی گەرمای زیاتر و چڕتر".

 

لە کۆتایی سەدەی نۆزدەهەمەوە پلەی گەرمی زەوی بە ڕێژەی ١.٢ پلەی سەدی بەرزبووەتەوە لە ئەنجامی سووتانی سووتەمەنی بەردینی، ئەمەش وایکردووە شەپۆلەکانی گەرما بۆ ماوەیەکی درێژتر و زۆرتر گەرمتر بن، ئەمە جگە لەوەی کارەساتە ژینگەییەکانی وەک زریان و بارانبارینی بەخوڕی چڕتر کردووەتەوە.

 

مانگی تەمموزی ڕابردوو گەرمترین مانگ بوو کە تۆمارکرابێت لە جیهاندا، چونکە پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبوونەتەوە بەهۆی گەرمبوونی جیهانەوە کە کاریگەری لەسەر ملیۆنان کەس لە بەشێک لە ئەوروپا، ئاسیا و ئەمریکای باکور دروستکردووە.

 

زانایان جەخت لەوە دەکەنەوە کە جیهان پێویستی بە خۆگونجاندن دەبێت لەگەڵ گەرما و کاریگەرییەکانی تری دەردانی گازی ژەهراوی، هەروەها پێویستە لەم دەیەدا پیسبوونی کاربۆن بە شێوەیەکی بەرچاو کەم بکرێتەوە بۆ ئەوەی لە داهاتوودا خراپتر نەبێت.