پلەکای گەرما لە عێراق ٥٠ پلەی سیلیزی تێدەپەڕێنێت

بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، نەبوونی کارەبا و کەمی ئاو دژوارییەکان بۆ هاووڵاتیانی عێراقی زیاد دەکات.

ناوەندی هەواڵ

 

بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و کەمی کارەبا کێشەی بۆ هاووڵاتیانی عێراق دروستکردووە.

 

عێراق یەکێکە لە وڵاتانی جیهان کە زۆرترین زیانی بەرکەوتووە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا، ڕووبەڕووی شەپۆلی گەرمای سووتێنەر و کەمبوونەوەی بارانبارین، کەمی ئاو و بیابانبوون بووەتەوە.

 

بەپێی ڕێکخراوی کەشناسی عێراق، پلەکانی گەرما لە سەرانسەری چەند پارێزگایەکی عێراق لەوانە میسان، زیقار، موسەننا، دیوانیە، و نەجەف، لە بەشی باشووری وڵاتەکە ٥٠ پلەی سیلیزی تێپەڕاندووە.

 

پلەکانی گەرما لە شارەکانی هەرێمی کوردستان بە بەراورد بە شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق نزمتربوون، بەڵام شەقامەکان لە نیوەڕواندا سووتێنەر بوون، کرێکارە بیناسازییەکان کە لە ژێر خۆری سووتێنەری عێراقدا کاردەکەن و سێبەرێکی کەمیان هەیە، هیچ ئاسایشێکی کۆمەڵایەتی و ڕێسای دامەزراندنیان نییە کە ئاماژەی پێبکرێت.

 

دانیشتووانی عێراق بە نزیکەی ٤٣ ملیۆن کەسە و پێشبینی دەکرێت تا ساڵی ٢٠٣٠ ژمارەکە بۆ٥٣  ملیۆن کەس و تا ساڵی ٢٠٥٠ بۆ ٨٠ ملیۆن کەس زیادبکات، عێراق یەکێکە لە گەرمترین وڵاتەکانی جیهان، کەمی کارەبا و پشتبەستنی خەڵک بە کارەبای مۆلیدە بۆ کارپێکردنی سیستمی فێنککەرەوە دۆخی هاووڵاتیانی دژوار تر کردووە.

 

عێراق مەترسی کارەساتە ژینگەییەکانی لەسەرە بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریا، بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی و زریانی تۆز کە هەموویان کاریگەرییان لەسەر عێراق دەبێت، لەگەڵ کەمبوونەوەی ئاستی ئاوی ڕووبارەکان بەهۆی دروستکردنی بەنداوەکان لەلایەن وڵاتانی تورکیا و ئێرانی دراوسێ.