ملیۆنان ژن کاری بێ مووچە دەکەن

ژنان ٧٥٪ی کاری چاودێری بێ مووچە ئەنجام دەدەن، ئەرک و ڕۆڵیان لە ناو ماڵدا بە گرنگ تەماشا ناکرێت.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ڕاپۆرتێکی ساڵی ٢٠١٩ی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کاردا دەردەکەوێت، ژنان ٧٥٪ی کاری چاودێری بێ مووچە ئەنجام دەدەن، لەگەڵ ئەوەی بەرپرسیاریەتی تەواوی خێزانەکانیان لە ئەستۆ دەگرن.

 

چاودێری بێ مووچە بریتییە لە چاودێریکردنی منداڵان یان گەورەساڵانی نەخۆش، یان کاری ناوماڵ وەک چێشت لێنان و پاککردنەوە، کە ٪ ٤٥ی کۆی کاتژمێرەکانی کارکردنی هەفتانەی ژنان و پیاوان لە سەرانسەری جیهاندا پێکدەهێنێت.

 

ژنان دوو لەسەر سێی ٢٢.٢ ملیۆن کرێکار پێکدەهێنن کە کەمترین موچەیان پێدەدرێت، بەشێکی زۆریان دایکن و ڕۆژانە ناچاردەبن بۆ چەندین کاتژمێر منداڵەکانیان بەجێبهێڵن.

 

کاری بێ مووچەی ژنان لە ناو " بە بازرگانی هەژمار ناکرێت" بۆیە بەهای بۆ دانانرێت و بێبەرامبەرە، هەرچەندە ژنان ئەرکێکی پڕ بەرپرسیارێتی و قورسیان لە ئەستۆگرتووە، بەڵام ڕۆڵی دایکان بە گرنگ تەماشا ناکرێت، هەر بۆیە بە درێژایی مێژوو زیانی لە پێشکەوتنی ئابووری ژنان داوە.

 

ژنانی ڕەشپێست، لاتینی و ژنانی هیندی ئەمریکی یان ڕەسەنی ئەلاسکا  زۆرترین ڕێژەی هەژاری لە ئەمریکا پێکدەهێنن، ژنانی لاتینی ٢٧.١، ژنانی ڕەشپێست ٪٢٢.٣ی ئەو ژنانە پێکدەهێنن کە لە هەژاریدا دەژین.

 

توێژینەوەیەکی دیکەی دامەزراوەی بیرکردنەوەی سەنتەری سیاسەتی پێشکەوتنخوازانە دەریخستووە، ژنان لە بەریتانیا دوو هێندەی پیاوان لە ساڵێکدا بێ مووچە چاودێری منداڵان دەکەن.