چاودێری خراپی نەخۆشی شەکرە هۆکاری مردنی زیاتر لە ٧ هەزار کەسە

ڕاپۆرتێکی تەندروستی ئاماژە بەوە دەکات کە دواکەوتنی پشکنینی تەندروستی لەنێو ئەو کەسانەی کە نەخۆشی شەکرەیان هەیە، لە ساڵی ڕابردوو هۆکاری مردنی زیاتر لە  ٧ هەزار کەس بووە لە بەریتانیا.

ناوەندی هەواڵ

 

پشکنینی ڕۆتینی یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوەی مەترسیەکان لەسەر تەندروستی وەک جەڵتەی دڵ و نەخۆشی شەکرە، بۆیە شارەزایانی تەندروستی ئاماژەیان بەوەکردووە کە پشکنینی تەندروستی یارمەتیدەرە لە کەمکردنەوەی مەترسییەکانی پەیوەست بە نەخۆشی شەکرە.

 

ناوچە ناوخۆییەکان ٣٦ ملیۆن پاوەندیان پێدراوە بۆ یارمەتیدانی گەڕاندنەوەی خزمەتگوزارییەکانی نەخۆشی شەکرە، لە بەریتانیا زیاتر لە پێنج ملیۆن کەس بە نەخۆشی شەکرەوە دەژین، بەڵام نزیکەی یەک ملیۆن و ٩٠٠ هەزار کەس لە ساڵی ٢٠٢١ بۆ ٢٠٢٢دا لە پشکنینی ڕۆتینی بێبەش بوون.

 

پەکخستنی چاودێری تەندروستی لەکاتی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنادا پێدەچێت هۆکارێک بێت بۆ زیادبوونی گیان لەدەستدانەکان بە نەخۆشی شەکرە، کە ژمارەی مردنەکان زیاتر بووە بە بەراورد بە کاتی ئاسایی لە کەسانی تووشبوو بە نەخۆشی شەکرە.

 

بۆ نموونە لە نێوان مانگی کانوونی دووەم و ئاداری ٢٠٢٣دا، ١٤٦١ حاڵەتی مردنی زیادە هەبووە کە تووشی نەخۆشی شەکرە بوون، کە سێ هێندە زیاترە بە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە "پێویستە ڕێوشوێنی بەپەلە بۆ پێچەوانەکردنەوەی ئەم ڕەوتە بگیرێتەبەر بۆ پاڵپشتیکردنی هەموو ئەو کەسانەی لەگەڵ نەخۆشی شەکرەدا دەژین بۆ ئەوەی بە باشی لەگەڵ ئەو حاڵەتەدا بژین".

 

نزیکەی ٪٩٠ ی ئەو کەسانەی نەخۆشی شەکرەیان هەیە، جۆرێک لەو حاڵەتەیان هەیە کە پێی دەوترێت جۆری دووەمی شەکرە، واتە ئەنسۆلینی پێویست بەرهەم ناهێنن بۆ ئەوەی خۆراک بگۆڕن بۆ وزە، بەزۆری بە پەیڕەوکردنی خۆراکی تەندروست و ئەنجامدانی وەرزشی بەردەوام چارەسەر دەکرێت، هەرچەندە زۆربەیان پێویستیان بە دەرمان دەبێت کە ڕەنگە ئەنسۆلین لەخۆبگرێت.

 

نزیکەی ٨٪ نەخۆشی شەکرەی جۆری یەکەمیان هەیە کە باوترین جۆرە لە منداڵان و گەنجانی پێگەیشتوودا، لەناکاو دەست پێدەکات و ناتوانرێت ڕێگری لێبکرێت، بەڵام بە ژەمی ئەنسۆلینی ڕۆژانە چارەسەر دەکرێت.

 

هەردوو جۆرەکە دەتوانرێت بە پشکنینی تەندروستی ڕۆتینی بەڕێوەببرێت، بەڵام لە ڕاپۆرتە پزیشکییەکان هاتووە کە نزیکەی ٣٠٠ هەزار کەسی تووشبوو بە نەخۆشی شەکرە لە ساڵی ٢٠٢٢دا هەر هەشت پشکنینی پێشنیارکراوییان وەرگرتووە بە بەراورد بە ساڵی پێش پەتای کۆرۆنا.

 

ساڵی ڕابردوو ٧٠٠٠ حاڵەتی مردن زیاتر لە ئاسایی هەبووە کە تووشبووانی نەخۆشی شەکرە بوون، ٪١٣ زیادیکردووە بە بەراورد بە ئامارەکانی پێش پەتای کۆرۆنا.

 

تەنها ٪٤٧ی ئەو کەسانەی کە نەخۆشی شەکرەیان هەیە لە بەریتانیا لە ساڵی ٢٠٢١ بۆ ٢٠٢٢ هەر هەشت پشکنینی پێویستیان وەرگرتووە، لە کاتێکدا پێش پەتاکە ٪٥٧ بووە.