عێراق لە ساڵی ٢٠٢٣ بەرهەمی گەنم بە ڕێژەی ٪٦٠ زیاد دەکات

عێراق بەنیازە ئەمساڵ بەرهەمی گەنمی ناخۆ بەڕێژەی نزیکەی ٪٦٠ زیاد بکات، پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ عێراق سێ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار تۆن گەنم بەرهەمبهێنێت، لەکاتێکدا ساڵی ڕابردوو نزیکەی دوو ملیۆن و ٢٠٠ هەزار تۆن گەنمی بەرهەمهێناوە.

ناوەندی هەواڵ

 

عێراق بەنیازە ئەمساڵ بەرهەمی گەنمی ناخۆ بەڕێژەی نزیکەی ٪٦٠ زیاد بکات، هاوکات بەردەوامیش دەبێت لە پشتبەستن بە هاوردەکردن بۆ پڕکردنەوەی خواستی ناوخۆ کە پێویستی هاوڵاتیان پڕبکاتەوە.

 

حەیدەر نوری، بەڕێوەبەری دەستەی دانەوێڵەی عێراق ڕاگەیاندووە، پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ عێراق سێ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار تۆن گەنم بەرهەمبهێنێت، لەکاتێکدا ساڵی ڕابردوو نزیکەی دوو ملیۆن و ٢٠٠ هەزار تۆن گەنمی بەرهەمهێناوە.

 

جووتیارانی عێراق دەستیان بە دروێنەکردنی گەنم کردووە و لە ڕۆژی سێشەممەوە دەستیان بە هەڵگرتنی گەنم لە سایلۆکانی وەزارەتی بازرگانی دەکەن، چونکە حکومەت بەرهەمی ناوخۆیی گەنم بە نزیکەی دوو هێندەی نرخی جیهان دەکڕێت بۆ ئەوەی هانی جووتیارانی ناوخۆیی بدات بۆ بەرهەمهێنان.

 

حکومەتی عێراق پرۆگرامێکی پاڵپشتی خۆراکی بەڕێوەدەبات کە ساڵانە چوار ملیۆن و ٦٠٠ هەزار تۆن گەنم لەخۆدەگرێت.

ساڵی ڕابردوو عێراق یەک ملیۆن تۆن گەنمی کڕیوە بۆ قەرەبووکردنەوەی کەمی بەرهەمهێنانی گەنمی ناوخۆ کە پێویستی هاوڵاتیان بەتەواوی پڕناکاتەوە، ئەمەش تاڕادەیەکی زۆر پەیوەستە بە باران و لێشاوی ئاوی ڕووبارەکانی دیجلە و فوراتەوە، لەم ساڵانەی دواییدا حکومەتی عێراق گەنم لە ئەمریکا و ئوسترالیا و کەنەدا دەکڕێت.

 

ڕۆژی دووشەممە بۆ یەکەمجار لە ماوەی هەفتەیەکدا نرخی ئایندەی گەنم بەرزبووەوە، چونکە ڕووسیا هەڕەشەی هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنی هەناردەکردنی دانەوێڵەی ئۆکرانیای کرد ئەگەر داواکارییەکانی بۆ هەناردەکردنی پەینی کیمیای جێبەجێ نەکرێن.

 

دەستەی دانەوێڵەی عێراق کار لەسەر مۆدێرنکردنی سایلۆکانی هەڵگرتنی دانەوێڵە دەکات و بەنیازە تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٣ سایلۆیەک بە توانای ٦٠ هەزار تۆن لە پارێزگای دیوانیە لە باشووری عێراق دروست بکات.

 

پێنج لە ٢٧ سایلۆی عێراق پێشتر لە کاتی شەڕ لەگەڵ گرووپی تیرۆریستی داعش زیانیان بەرکەوتووە و پێویستیان بەوەهەیە کە بودجەی پێویست بۆ نۆژەنکردنەوەیان دابینبکرێت، تا خواستی هاوڵاتیان بۆ بەرهەمەکانی دانەوێڵە پڕبکاتەوە.