لە کاری شۆفێری بارهەڵگر ژنان ڕووبەڕووی ئاستەنگی دەبنەوە

ئوسترالیا لە ئێستادا کەمی شۆفێرانی بارهەڵگری هەیە، گروپەکانی داکۆکیارانی مافی ژنانیش جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە دەرفەتی کارکردن بەو ژنانە بدرێت کە مۆڵەتی شۆفێری گشتییان هەیە، نەک بیر لە هێنانی شۆفێر لە دەرەوەی ناوخۆی وڵاتەکە بکرێتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

ژنانی پیشەسازی بارهەڵگر کە کاری گواستنەوەی بەرهەمە پیشەسازییەکان ئەنجامدەدەن هانی زیاتری ژنە بارهەڵگرەکان دەدەن بۆ ئەوەی بچنە ناو هێزی کارەوە، ئەمەش لەکاتێکدایە لە ئوسترالیا کە ترسی کەمی شۆفێرانی نیشتمانی هەیە، سەرەڕای ئەوەی زۆرێک لە ژنان مۆڵەتی شۆفێری بارهەڵگر و ئۆتۆمبێلی گەورەیان هەیە، بەڵام شۆفێرانی بارهەڵگری ژن دەڵێن هەندێکیان بەهۆی کەمی ئەزموونەوە لە دەستکەوتنی هەلی کار دووردەخرێنەوە.

 

گروپی داکۆکیکارانی ژنان، بۆ پڕکردنەوەی کەلێنی مۆڵەت و دامەزراندن لە بارهەڵگرەکانی ئوسترالیا، پاڵپشتی داراییان دەستەبەرکردووە بۆ دەستپێکردنی گەورەترین دامەزراندنی ژنان لە کاری شۆفێری بارهەڵگر و ئۆتۆمبێلی گەورە لە مێژووی ئوسترالیا.

 

لیندال دێنی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای Women in Trucking Australia ئاماژەی بەوەداوە سەرەڕای دابینکردنی پاڵپشتی دارای بۆئەوەی ژنان بۆ کاری شۆفێری بارهەڵگر دابمەزرێن، بەڵام چەندین ئاستەنگی و بەربەستی دیکە دێتە ڕێگایان وەک ئەوەی داوای ئەزموونی کاریان لێدەکەن لە کاتێکدا ئەگەر دەرفەتی دەستکردن بە کاریان پێنەدرێت ناتوانن ئەزموون پەیدابکەن، بە گشتی ئاستەنگییەکان دەگەڕێتەوە بۆ تێڕوانینی کۆمەڵگە و جیاوازی جێندەری کە کاری شۆفێریی بارهەڵگر و ئۆتۆمبیلی گەورە بە کاری ژنان نازانن بە تەواوی کارکردنەکان لەلایەن پیاوانەوە قۆرخکراوە.

 

ڕاگەیاندنی پڕۆژەیەک لە ئوستراڵیان بە ناوی Foot in the Door یەکێک دەبێت لە ١٣٢ پڕۆژە کە لەلایەن دەستپێشخەری حکومەتی ئوسترالیاوە بە بڕی ٣٣ ملیۆن دۆلار پارەی بۆ دابینکراوە و ژنانی شۆفێری بارهەڵگر و ئۆتۆمبێلی گەورە کە ئەزموونیان نیە بە خاوەنکارەکانی ناوچە ناوخۆییەکانیانەوە دەبەستێتەوە و هانی زیاتری ژنان دەدات کە ڕاهێنان لە شوێنی کاردا ئەنجامبدەن.

 

ئوسترالیا لە ئێستادا کەمی شۆفێری بارهەڵگری هەیە و چارەسەرەکەی هێنانی شۆفێران نیە لە دەرەوەی وڵات، بەڵکو ڕەخساندنی هەلی کارە بۆ ژنان کە بتوانن وەک شۆفێری ئۆتۆمبێلی گەورە و بارهەڵگر دابمەزرێن.