جیهان دەتوانێت لە چارەسەرەکانی کەشوهەوای بەنگلادیش فێر ببێت
لافاوی وەرزی بەشێکە لە ژیانی ئەو کەسانەی لە باکووری بەنگلادیش دەژین، ساڵی ڕابردوو بەنگلادیش ڕووبەڕووی سەختترین لافاو بوەوە کە وڵاتەکە لە ماوەی ٦٠ ساڵدا ئەزموونی کردووە.
ناوەندی هەواڵ
لافاوی وەرزی بەشێکە لە ژیانی ئەو کەسانەی لە ناوچە کەناراوییەکانی ڕووبارەکان لە باکووری بەنگلادیش دەژین، هەموو بەهارێک، کاتێک بارانبارینی وەرزی دەگات، تۆڕێک لە ڕووبارە باریکەکان، بەهۆی بارانبارینی بەخوڕ دەبنە دەریایەکی قووڵ و زیان لە کشتوکاڵی ڕابردوو دەدەن ساڵی ڕابردوو بەنگلادیش ڕووبەڕووی سەختترین لافاو بوەوە کە وڵاتەکە لە ماوەی ٦٠ ساڵدا ئەزموونی کردووە.
لە مانگی حوزەیران، ئاستی ئاو بە هێواشی لە کەنارەکان بەرزدەبێتەوە و پاشان بە یەکجار وەک لافاوێک ناوچەکانی دەوروبەریی و ماڵەکانی کە لە بامبۆ دروستکراوە دادەماڵێت.
زانایان ئاماژەیان بەوەداوە کە بەنگلادیش وڵاتێکی هەژارنشینە، سەرەڕای ئەوەش باشترین کاردەکات، بە باکرهێنانی تەکنەلۆژیا و چارەسەری کۆمەڵایەتی کە ژیانی خەڵک لە بەرەکانی پێشەوەی گۆڕانی کەشوهەوا ڕزگار دەکەن.
بەنگلادیش زۆرجار بە قوربانی کەشوهەوا ناودەبرێت، لە کاتێکدا تەنها بەشێکی کەم لە دەردانی کاربۆنی جیهانی بەشدارە ٪٠.٥٦ بەڵام بە شێوەیەکی ناڕێژەیی بەدەست کاریگەرییەکانیانەوە دەناڵێنێت و گۆڕانی کەشوهەوا زیانێکی بەرچاوی بە وڵاتەکە گەیاندووە.
جوگرافیا نزمەکەی وڵاتی بەنگلادیش کە دەکەوێتە باشووری شاخەکانی هیمالایایە، بەو مانایە دێت کە بەهۆی توانەوەی سەهۆڵبەندانەکان و بەرزبوونەوەی ئاستی دەریاکان بەتایبەتی ڕووبەڕووی لافاو دەبێتەوە، کشتوکاڵەکەی پشت بە بارانبارینی وەرزی دەبەستێت.
بەڵام ئاستی گیانلەدەستدانەکان بەهۆی ئەو باران و زریانانە بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە، بۆ نموونە: لە ساڵی ١٩٧٠ زریانی بۆلا بووە هۆی گیانلەدەستدانی نیو ملیۆن کەس لە ناوچەکانی ئێستای بەنگلادیش، لە کاتێکدا زریانی سیترانگی ساڵی ڕابردوو بووە هۆی گیانلەدەستدانی ١٦ کەس.