ڕاپەڕین لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕۆژی ١٠٧ەمیندا بەردەوامە

ئەو چالاکیی و ڕاپەرینەی دوای کوشتنی ژنیا ئەمینی لە شارەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستیپێکرد، شەوی ڕابردوو بەردەوام بوو، چالاکوانان کاردانەوەیان بەرامبەر بەسیاسەتی سەرکوت و کۆمەڵکوژی هەبوو و دروشمیان لەدژی حکومەت دەوتەوە.

ناوەندی هەواڵ

ڕاپەڕین بە ڕەنگی شۆڕش لە ئێران کە لە دوای کوشتنی ژینا ئەمینی دەستیپێکردەوە بەردەوامە، ئەو هاوڵاتیانەی شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە سەنگەریان دامەزراند، دروشمیان دژی ڕژێمی ئێران بەرزکردەوە، چالاکوانان لە چەندین گەڕەکی شارەکە ئاگریان کردەوەو داوایان لە خەڵک کرد بڕژێنە سەر شەقامەکان، ئەوانەی پشتگیری چالاکوانان دەکەن چوونە مەیدانەکان و فشارەکانی دەوڵەتی ئێرانیان شەرمەزارکرد.

 

چالاکییەکان لە سەرتاسەری وڵات بەردەوامن

جگە لەڕۆژهەڵات چەندین هاووڵاتی لەچەندین شاری ئێران خۆپیشاندانیان بۆ ئیدانەکردنی سیاسەتی سەرکوت و کۆمەڵکوژی کە لە لایەن حکومەت ئەنجام دەدرێت ئەنجامدا، بەپێی ئەو زانیارییانەی دەستکەوتووە خەڵکی تاران و ڕۆدسەر و ئەسفەهان و سامیرام و چەندین شاری دیکە ڕوویان لە مەیدانەکان کردووە و دروشمیان دژی دەوڵەتی ئێران بەرزکردووەتەوە.

 

زانراوە کە لەکاتی چالاکیەکاندا شەڕوپێکدادان لەنێوان خۆپیشاندەران و پۆلیسدا ڕوویداوە و چەندین کەسیش برینداربوون.

 

لە تارانیش پۆلیس گازی فرمێسکڕێژی بەکارهێنا و بە دار هێرشی کردە سەر خۆپیشاندەران، هیچ زانیارییەک لەبارەی ژمارەی بریندارەکانی شارەکەوە بەدەست نەخراوە.