خێزانەکانی دیلی جەنگ: هیچ باوەڕێکمان بە پێوەرەکانی هەتەشە نییە
دایکان و ژنانی ئەو شەڕڤانانەی کە لەلایەن چەتەکانی هەتەشەەوە بە دیل گیراون، هەڵوێستی خۆیان لە دژی ئازادنەکردنی دیلەکان دەربڕی و دەڵێن: دیلەکان لە هەموو شەڕێکدا هەن، بەڵام مرۆڤ ناتوانێت متمانە بە پێوەر و نزیکبوونەوەی چەتەکانی هەتەشە بکات.
نورشان عەبدی
کۆبانێ- ڕۆژی ٦ی کانوونی دووەم بە ڕەزامەندی هێزە نێودەوڵەتییەکان، چەتەکانی هەتەشە هێرشێکی بەرفراوانیان بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان دەستپێکرد و لە ئەنجامدا شەڕ و پێکدادانی قورسی لێکەوتەوە، ئەو چەتانە کە بەپێی بنەماکانی شەڕ مامەڵە ناکەن، سەرجەم ڕێککەوتنەکانی نێوان حکومەتی دیمەشق و هێزەکانی هەسەدەیان پێشێل کرد، هەزاران شەڕڤانانیان بە دیل گرت و بە شێوەیەکی دڕندانە کوشتیانن.
ئەو چەتانەی لە شێخ مەقسود، دێرەزوور، تەبقا، ڕەققە، حەسەکە و کۆبانێ، دڕندانەترین کردەوەی دژ بە شەڕڤانان و هاوڵاتییانی کوردیان ئەنجامدا، کە هەموو ئەمانە بە شێوەی گرتە ڤیدیۆیی دۆکیومێنت کراون و لەگەڵ ڕای گشتی و کەسوکاری شەهیدان و بارمتەکاندا بڵاوکراونەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا هێزەکانی هەسەدە و دیمەشق ڕێککەوتنێکیان واژۆ کرد، پرسی ئازادکردنی بارمتەکان ماوەیەکە لە بەرنامەی کاردایە، تا ئێستا هەندێک گروپ گۆڕدراون و ژمارەیەکی زۆریان هێشتا ماون.
لە شاری کۆبانێ لە ڕۆژئاوای کوردستان کە دەیان منداڵ لە لایەن چەتەکانی هەتەشە بە دیل گیراون، خێزانەکانیان داوای دەستبەجێ ئازادکردنیان کردووە و لە ڕێگەی ئاژانسەکەمانەوە نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە.
”تەندروستی هاوژینەکەم لە مەترسیدایە’
سەباح خالید میستیق، کە هاوژینەکەی عەدنان عارف میستیق لە شاری دێرەزوور بە دیل گیرا، وتی: هاوژینەکەم، عەدنان عارف میستیق لە دێرەزوور بە دیل گیراوە و ئێستا لەگەڵ دیلەکانی دیکەدایە، عەدنان کێشەی تەندروستی زۆری هەیە، یەکێک لە گورچیلەکانی کارناکات و ئەوی دیکەیان تووشی کێشە بووە، بۆیە بارودۆخی لە زیندان دۆخی زیندانیان خراپتر دەکات و ئێمەش زۆر نیگەرانین لەم بارەیەوە.
سەباح، وتی: ئێستا چی بەو منداڵانە بڵێم و چ جۆرە بەڵێنێکیان پێبدەین؟ ئاخر ئێمەش وەک خێزانەکانی دیکە وێنەی ئەومان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی بینیوە، لەگەڵ هاوڕێکانیدا گیراوە.
سەباح میستیق داواکاری خۆی بەم قسانە دەربڕی: دڵی دایکەکان دەسووتێت، ژن و منداڵی دیلەکان باش نییە، نە ڕۆژیان ڕۆژە و نە شەویشیان شەوە، هەر لەبەر ئەم هۆکارەش تاکە داواکاریمان ئەوەیە کە دەستبەجێ ئازاد بکرێن و هەموو کەسێک بتوانێت بگەڕێتەوە خێزانەکەی، هیوامان لەم بابەتە زۆر بەرزە و چاومان لەسەر ڕێگایە.
”ئێمە لە بێباکی بەرامبەر شەڕڤانانمان دەترسین”
ڕانیا محەمەد خەلیل، وتی: محەمەد شێخ بەهای کوڕم لە هێزی پاراستنی خۆ بوو و لە شارۆچکەی مەنسورە لە ڕەققە بە دیل گیرا، دوایین جار کە قسەی لەگەڵ کردم، وتی کە گەمارۆ دراون و ناتوانن بڕۆن و نازانین دوای ئەوە چی ڕوویداوە، تەنها لە وێنەی بارمتەکاندا بینیمان کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی بڵاوکرانەوە.
”ئێمە چاوەڕێی مژدەی بینین و باوەشکردنی منداڵەکانمانین لەم جەژنەدا”
ڕانیا محەمەد خەلیل ترسی خۆی لە دڕندەیی چەتەکان لە دژی شەڕڤانانیان دەربڕی و وتی: ئێمە منداڵەکانمان دەوێت، نازانین بارودۆخیان چۆنە، چییان بەسەر هاتووە، بەتایبەتی کە چەتەکانی هەتەشە هەموو شتێکیان بەرامبەر شەڕڤانان کردووە و بە دڕندانەترین شێوە ئەشکەنجەیان داون و کوشتوویانن، بێگومان لە کاتی شەڕدا هەموو شتێک ڕوودەدات، بەڵام ئەم چەتانە هیچ سنوورێکیان نییە و توانای ئەوەیان هەیە هەموو شتێک بکەن، کاتێک وێنەی کار و پێشێلکارییەکانیان دەبینین، دڵمان دەسوتێت و زیاتر خەمی منداڵەکانمان دەخۆین، هەر بۆیە چاوەڕێی مژدەی بینین و باوەشکردنی منداڵەکانمانین لەم جەژنەدا.