خەونی ژنانی تل تەمر جیهانێکە کە ژنان بەڕێوەی ببەن
ژنانی تل تەمر دەربارەی بونیادنانی سیستمی ئابووری ئاماژەیان بەوەکرد، خەونی ئەوان جیهانێکە کە ژنان بەڕێوەی ببەن.
سۆرگوڵ شێخۆ
حەسەکە-لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا شۆڕشی ژنان پێدەنێتە ١٣ ساڵەوە، بەقەد ئەو هێرشانەی لە ساڵانی شۆڕشدا هەبووە، هێرشی گەورەش هەیە بۆ سەر هەرێم لە ڕێگەی ئابورییەوە، ژنانی خاوەنی شۆڕشی ژنان، کە لە خۆپاراستنەوە بۆ سیاسەت و لەسەر بنەمای خۆپاراستن پێشەنگایەتییان کرد، هەوڵی هەنگاوی گەورە لە بواری ئابووریدا دەدەن.
دەربارەی ئەوەی ژنان چۆن دەیانەوێت سیستمی ئابووری خۆیان بونیاد بنێن و چ جۆرە جیهانێکیان دەوێت، ژنانی تل تەمر لە کانتۆنی جزیرە لە هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا قسەیان کرد.
"بونیادنانی ئابوورییەکی کۆمەڵایەتی لە ڕێگەی شۆڕشی ژنانەوە"
زەهرا محەمەد، بەڕێوەبەری کۆمیتەی ئابووری ژنانی کۆنگرەی ستار ڕایگەیاند، لەگەڵ شۆڕشی ١٩ی تەمووز شۆڕشێکی ئابووری ژنانیش دەستیپێکردووە وتیشی: شۆڕشی ژنان شۆڕشێکی جیاوازە و ئەزموونێکی سەرنجڕاکێشە لە جیهاندا، شۆڕشی ژنان ئابوورییەکی کۆمەڵایەتیشی پەرەپێدا، ژنان هەوڵیاندا کولتووری دایکایەتی زیندوو بکەنەوە لە ساڵانی شۆڕشدا، لە ساڵانی شۆڕشدا ژنان هەوڵیان دەدا و زانستەکانیان لە بواری ئابووریدا بەخشی، کە لەلایەن پیاوی دەسەڵاتدارەوە دزرابوو، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە بیگەڕێننەوە و بیکەن بە موڵکی خۆیان.
"ئابووری ژنان دەبێتە سەرچاوەی چارەسەر و بەدیل بۆ قەیرانی ئابووری"
زەهرا محەمەد ئاماژەی بەوەدا، ئەوەی ڕێگە بە ژنان دەدات ئابوری خۆیان پەرەپێبدەن ئەوەیە کە دەبێتە چارەسەر و بەدیل بۆ قەیرانی ئابوری هەرێمەکە، وتیشی: ئەو قەیرانە ئابوورییەی لە ئەنجامی شەڕ و گەمارۆدا ڕوودەدات بەدڵنیاییەوە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ژنان دەبێت، بۆیە ژنان بەپێی کات و پڕۆسەکە هەنگاوەکانی خۆیان بەو هەستەوە دەنێن، بونیادنانی سیستمێکی ئابووری سەربەخۆ لە هەرێمێکدا کە هەمیشە لە شەڕدایە، لە ئاسایی دەرناچێت، سەرەتا بە چالاککردنی کۆمیتە ئابوورییەکانی ناو کۆمۆنەکان دەستمان پێکرد، تا ئەمڕۆ گەیشتوینەتە ئەو ئاستەی کە پڕۆژەکانی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری و بازرگانی و هتد. لەسەر ئاستی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دامەزران، دانپێدانانی کۆمەڵگە و تێگەیشتن لە سیستمی هاوکاری و پڕۆژەکان ئابووری ژنانی بەهێزتر کردووە، هاوکات لەگەڵ پاراستنی هەنووکەیی، خۆبژێوییش پێشکەوتووە.
"ئەو ئاست و گۆڕانکارییەی ژنانی ڕۆژئاوا تێیدا دەژین دەگەڕێتەوە بۆ کارەکانی ڕێبەر ئاپۆ"
نەهلا خەڵەف وتی: ژن لە دوای هەموو شکستێک دەژین، بەهێزتر دەبن، ئێمە لە کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتیدا دەژین و پیاوان هەمیشە بە پێچەوانەی کۆمەڵگەی ڕۆژئاوایی زاڵن، هاتنی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجەلان و فەلسەفەی ئازادی ژنان دیارییەکی گەورەیە بۆ ژنانی ڕۆژئاوا، ئەگەر ئەمڕۆ ببینین ژنان خۆیان بەڕێوەدەبەن و خۆیان له قەیرانە ئابوری و مرۆییەکان و قەیرانەکانی تر دەپارێزن، هەموو ئەمانە کاری ڕێبەر ئاپۆیە، بەڕێوەبردنی خێزان لەسەر بنەمای ڕێز و دیموکراتیکردنیش کۆمەڵگە دەگۆڕێت و کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی بونیاد دەنێت، ئەوەی پێشەنگایەتی دەکات دیسان ژنە، بۆیە پێویستە پیاوان ڕێز لەو بڕیارانە بگرن کە ژنان دەیدەن و لە هەمووی گرنگتر بەدیهێنانی پێکەوەژیانی ئازاد لەنێوان هەردوو ڕەگەزەکەدا، بەبێ پێکەوەژیانی ئازاد، ئەستەمە هەنگاوێکی ئەرێنی بندرێت.
"ئەو جیهانەی کە عەقڵی پیاو بەڕێوەی دەبات ژن دەکوژێت"
نەهلا خەڵەف ئەو شەڕ و ئاژاوە و قەیرانانەی بەبیرهێنایەوە کە ڕوودەدەن و سیاسەتی جینۆسایدی پێکهاتەکان و سروشت لەگەڵ خۆیان دەهێنن وتی: ئەمڕۆ جیهانەکەمان بە هۆشیاری پیاوو دەسەڵاتداری ئەو بەڕێوەدەچێت، و جیهان بەرەو جینۆساید دەبات، ژنان دەیانەوێت و دەتوانن هێرش و قەیرانەکان چارەسەر بکەن و بڕیاری گونجاوی بۆ بدەن، بەڵام ژنان لە پۆستەکانی بڕیاردان دوورخراونەتەوەۆ ئەوەی ڕۆڵیان لە ئاشتیدا نەبینێت و دەنگیان نەبیسترێت، لە ڕاستیدا ئەگەر ژنان حوکمڕانی ئەم جیهانەیان بکردایە، ئەوەندە شەڕ و کۆمەڵکوژی و جینۆسایدی کۆمەڵگە و ژنان نەدەبوو.
"پێویستی بە یەکگرتنی ژنانی جیهان هەیە"
نەهلا خەڵەف لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: من بەو هیوایە دەژیم ئەو خەونەم بەدی بهێنم کە ژنان بە حیکمەت و زانستی خۆیان ئەم جیهانە بەڕێوە ببەن، کاتێک ژن جیهان بەڕێوە ببات ئەوەندە شەڕ و کۆمەڵکوژی و کوشتن و ڕفاندن و دەستدرێژی و توندوتیژی و خراپ بەکارهێنانی ماف و ناسنامەی خۆیان زۆر نابێت، بێگومان تا ئێستا دەستکەوتەکانی ژنان کەم نین، بەڵام پێویستی بە یەکڕیزی ژنانی جیهان بە گشتی هەیە بۆ ئەوەی بتوانین پێکەوە کێشە و کەیسەکانی ژنان و کۆمەڵگەکەمان چارەسەر بکەین.