خەونی خوێندکارێک؛ لە فڕۆکەوانی بۆ پەرستاری
لە هەرێمی کوردستان دوای ١٢ ساڵ خوێندن، خوێندکاران ناتوانن بە دڵی خۆیان بەشی دڵخواز لە زانکۆو پەیمانگەکان دیاری بکەن، هەربۆیە زۆربەی کات لە بەشێک دەخوێنن کە هیج خواستییان لەسەری نییەو ئەمەش متمانە بەخۆبوونیان کەم دەکاتەوە.
شیا کۆیی
كۆیە- خوێندکاران لە هەرێمی کوردستان بەویستی خۆیان ناخوێنن و تا رۆژی هاتنەوەی ناوەكەی بە پێی كۆنمرەی لە شوێنێك وەك سوپرایز بۆی دەردەچێت لەكوی ماندووبونی ١٢ ساڵی خوێندنی دەگیرسێتەوە، جاری وایە بەشەكە ئەوبەشەیە خۆی دیاری كردووە زۆر جاریش وەك تیروپشکە، جاری واش هەیە بەهۆی پۆینتێكەوە یان كەمتر لە پۆینتێك دەبێت بە پارالێڵ بخوێنێت وساڵانە نزیكەی ٦ ملیۆن بدات بە حكومەت، لەكاتێكدا لەوڵاتان سیستەمی خوێندن بەشێوەیەكی دیكەیە هەر لە خوێندنی ناوەندیەوە قوتابی سەرپشكە لە چ بەشێكی دڵخوازی خۆی بخوێنێت، بۆیە خوێندنی بەشیك کە قوتابی حەزی لێی نییە و ئەوەش هەڵبژاردەی ئەو نییە، دەتوانێت ئەزموونێکی قورس و بێزارکەر بێت، کاتێک شتێک دەخوێنێت و لەجێێ حەزی تۆ نییە، لەوانەیە هەست بە بێ متمانەیی بكەی ، ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر ئاستی خوێندن دەبێت بەگشتی، هەروەها لەوانەیە خوێندكار تووشی فشار و ماندوێتی دەروونی بێت چونکە هەست بەخۆشی ناكات لەم بوارەدا. بە تێپەڕبوونی کات ئەمە دەبێتە هۆی لەدەستدانی متمانە بەخۆبوون یان تەنانەت حەزنەکردنی بە خوێندن، بۆیە گرنگە لە هەرێمی كوردستانیش چیدیكە بەو سیستەمە خوێندكار وەرنەگیرێت ڕێگایەکی نوێ دیاری بكەن، قوتابیش هەوڵبدات خۆگونجاندن یان بیر لە گۆڕینی پسپۆڕیەکەی بکاتەوە بۆ بەشێک کە لەگەڵ توانا و ئارەزووەکانیدا بگونجێت بۆ ئەوەی سەرکەوتنی ڕاستەقینە بەدەستبهێنیت.
بۆ خویندنی ساڵی ٢٠٢٥-٢٠٢٦ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەى زانستی، لە ڕێگەى سیستەمی زانکۆلاینەوە، ئەنجامی وەرگرتنی دەرچووانی ١٢ى ئامادەیی بۆ زانکۆ و پەیمانگا حکومییەکان بڵاو کردەوەو زیاتر لە ٥٠ هەزار قوتابی لە زانکۆ و پەیمانگاکان وەردەگیڕین، بەپێی ئامارەکانی وەزارەت، بۆ ئەمساڵی خوێندن، پلانی وەرگرتن بۆ ٦٥ هەزار و ٤٧٦ قوتابی ئامادە کرابوو، ٤٥ هەزار و ٤٣ قوتابی فۆرمی وەرگرتنیان پێشکەش کردووە و تەواوى پێشکەشکارانی ئەمساڵ و ٦ هەزار و ٦٨٢ دەرچووی ساڵی ڕابردوو کە ژمارەیان دەکاتە ٥١ هەزار و ٧٢٥ قوتابی، وەرگیراون.
"زۆر گرنگە لەو بەشە بخوێنی کە بە دڵی خۆتە"
هایدە شلك، خوێندكارە لە بەشی ژنان و لەدایك بوون، لە پەیمانگای تەكنیكی كۆیە، سەبارەت بەوەی چەندە گرنگی خوێندكار لەو بەشە وەربگیرێت كە بەدڵی خۆی بێت وتی: من بەخواستی خۆم لەوبەشە وەرگیراوم و بەشێكی زۆرباشە لێی رازیم، بابەتەكانم زۆر لا خۆشە، سەبارەت بە پرسیارەكەتان گەر بچیە بەشێك بەدڵت نەبێت چەندە كاریگەری هەیە لەسەرت، پێم وایە زۆر كاریگەری نەرێنی هەیە بەسەر خوێندكار كاتێك دەبینێت لەبەشێك ناوی هاتۆتەوە هیچ حەزی لێی نیە، حەزناكات هەر بچێتە وانەكان ومەیلی لەسەر خوێندنیش نیە بەڵام گەر بەشەكەت بەدڵ بێت حەز دەكەی كە دەرچووی لە یەكەمەكان بی و زۆر هەوڵی بۆ دەدەی بۆیە زۆر گرنگە لەو بەشە بخوینی كە بەدڵی خۆتە.
هایدە پێشی وایە دەبێت سیستمی خوێندن رێك بخرێت گرنگی بە خواستی خوێندكاربدرێت، هەتا لەناو خێزانەكانیش دەبێت گوێ بە ئارەزوی منداڵەكەیان بدەن نەك هەر بڵێن ببە دكتۆر ئەویش نەیەوێت، نابێت بەزۆری لێبكەی تۆ بۆی هەڵبژێری، بۆیە وابەشە خۆی تواناو حەزی لەچیە بچێتە ئەوبەشە،چونكە گرنگە بەخواستی خۆت بخوینی بۆنمونە هەیە بە ژن و منداڵ بوون تێك دەچێت یان بەخوێن تێك دەچێت، ئەوەش كاریگەری نەرێنی دەبێت بۆ دەورو بەر ناتوا نێت وەك پێویست خزمەت بكات لە بوارەكەی.
شانیا نەوزاد، خوێندكار لەبەشی پەرستاری پەیمانگای تەكنیكی كۆیە، لەسەرهەمان بابەتی گرنگی دڵخوازی خوێندكار لەوبەشەی لێی وەردەگیرێت وتی: ئەو پرسیارە زۆر گرنگە بەراستی گرنگە ئەوبەشەی حەزت لێیەتی لەوە بخوێنی، چونكە ئەوە كاریگەری هەیە لەسەر ئیشكردنت لەناو كۆمەڵگا كاتێك كە دەردەچیت تۆ لەو بوارە خزمەت دەكەیت و چۆن دەتوانی بەكارامەیی برەو بەكارەكەت بدەی، من وەك خۆم زۆر حەزم لەبەشەكەمە بەشی پەرستاری.
شانیا وتیشی گەر حەزت لەبەشەكەت نەبێت لەوانەیە نەخۆشێك لەژێر دەستی تۆدا بمرێت، یان كارەكەت بە دڵسۆزییەوە نەبێت ئەوەش كاریگەری نەرێنی جێ دەهێڵێت، و زۆر جار بەهۆی ئەوەی بەشەكان نمرەی زۆری دەوێت خوێندكار ئەو نمرەی نەهێناوە هەوڵی خۆ كوشتن دەدات، هاوكات لێرە چینایەتیشدرووست دەبێت ئەوەی منداڵی دۆڵەمەندە بەپارە دەخوێنێت ئەوەشی هەژارە و ژینگەكەی وانیە بچێت بەپارە بخوێنێت، ئەوەش وادەكات بچێتە بەشێك دڵخوازی ئەونییە.
خولیای فڕۆکەوانی بووە
شانیا نەشی شاردەوە خولیای ئەو فرۆكەوانی بووە دەڵێت: من حەزم لەبەشی فرۆكەوانی بوو بەڵام ئەوكات ئەو بەشە هەرنەبووتەنیا ئەندازیاری فرۆكەوانی هەبوو، خۆشبەختانە ئەوساڵ فرۆكەوانی كراوەتەوە بەڵام بە پارەیەكی زۆر وخەیاڵی، ئەوەش بۆ هەموو كەسێك ناگونجیت، من وەك خۆم ئیستا قەناعەتم بەخۆك هێناوە وبەشەكەی خۆم زۆر لا خۆشە و باشە و هیوادارم دوو رۆژی دیكە خزمەت بەكۆمەڵگا بگەیەنم ودڵی دایك و باوكم بگەیەنم.