خوێندکارانی مەخموور: ئێمە مافی خوێندنی زانکۆمان دەوێت

لە کامپی پەنابەرانی مەخموور، ئەمساڵ ۱۱۰ خوێندکار پرۆسەی ۱۲ ساڵەی خوێندنیان تەواو کرد و بە سازدانی ئاهەنگێک، کۆتاییهاتنی قۆناغی ئامادەیییان پیرۆز کرد.

بێریڤان تونچ

 

مەخموور – خەون و هیوای داهاتووی منداڵانی پەنابەر سەبارەت بە خوێندن ڕۆژ بە ڕۆژ کەمتر دەبنەوە و خوێندکاران ئیتر بێهیوا بوون. ئابڵۆقەی سەر کامپی شەهید ڕۆستەم جودی  لە مەخموور  کە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە لە تەممووزی ٢٠١٩دا سەپێنرا هێشتا بەردەوامە و ئەم ئابڵۆقەیە زانیاری و پەروەردەی کامپەکە تووشی گەورەترین زیان دەکات. ماوەی ٨ ساڵە خوێندکارانی کامپەکە لە خوێندنی زانکۆ بێبەش کراون، وەزارەتی پەروەردەی عێراقیش ئەو ئەرک و بەرپرسیارێتییەی کە لەسەر شانیەتی بۆ خوێندکارانی کامپی مەخموور جێبەجێی ناکات.

 

بەپێی یاسای ژمارە ٥١ی مافی پەنابەرانی سیاسی، خوێندکارانی کامپەکە مافی ئەوەیان هەیە لە زانکۆکانی عێراق بخوێنن و ئەو پسپۆڕییانە بەدەستبهێنن کە خۆیان دەیانەوێت، بەڵام بەهۆی ئەو سیاسەتەوەی کە بەرامبەر بە کامپی مەخموور پەیڕەو دەکرێت، خوێندکارانی کامپەکە لەم مافەی خۆیان بێبەش دەکرێن. لە ساڵی ٢٠١٩وە خوێندکارانی کامپەکە ناتوانن بەشداری لە تاقیکردنەوەکانی زانکۆدا بکەن و لە زانکۆکان وەرناگیرێن.

 

ژمارەی ئەو خوێندکارانەی کە تا ئێستا قۆناغی ئامادەیییان تەواو کردووە و نەیانتوانیوە بچنە زانکۆ بەم شێوەیەیە: لە ساڵی ٢٠١٩-٢٠٢٠: ١٣٧ خوێندکار،لە ساڵی ٢٠٢٠-٢٠٢١: ١٥٢ خوێندکار،لە ساڵی ٢٠٢١-٢٠٢٢: ٩٦ خوێندکار،لە ساڵی ٢٠٢٢-٢٠٢٣: ٨٦ خوێندکار لە ساڵی ٢٠٢٥-٢٠٢٦: ١١٠ خوێندکار دەرچوون.

 

بە گشتی خوێندکاران قۆناغی ئامادەیییان تەواو کردووە، بەڵام لەگەڵ کۆتاییهاتنی خوێندنی ئامادەیییاندا، خەونەکانیشیان بۆ داهاتوو کۆتاییان پێدێت.

 

ئارژین ئورپەر  یەکێکە لەو ١١٠ خوێندکارانەی کە ئەمساڵ قۆناغی ئامادەیی تەواو کردووە، خەونی ئەو لە منداڵییەوە ئەوە بووە لە زانکۆ بخوێنێت، ببێتە خاوەن پیشە، خۆی پێشبخات و ببێتە کەسێکی بەسوود بۆ کۆمەڵگەکەی. ئارژین ئورپەر سەبارەت بە خەونەکانی خۆی و ئەو ئابڵۆقەیەی لەسەر پەروەردەی کامپی مەخموور هەیە، بۆ ئاژانسەکەمان دوا و وتی: هەر منداڵێک کاتێک دەست بە خوێندن دەکات، خەون و ئامانجەکانی ئەوەیە ببێتە خاوەن پیشەیەک و کەسێکی بەسوود بێت. لە منداڵییەوە هەمیشە خەونی من ئەوە بوو لە بەشێکدا بخوێنم و لە ڕووی زانستییەوە پیشەیەک فێربم. نەبوونی زانکۆ دەبێتە هۆی ئەوەی خەونەکانمان بشکێن. نزیکەی ٨ ساڵە حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق دەرگای زانکۆکانیان بەڕووی خوێندکارانی کامپەکەدا داخستووە و ڕێگەمان پێنادەن بەشداری لە تاقیکردنەوەکانی زانکۆدا بکەین.

 

"بەهۆی نەبوونی زانکۆوە، داهاتووی گەنجان دەکەوێتە مەترسییەوە"

ئارژین ئورپەر سەبارەت بە کاریگەرییە نەرێنییەکانی نەبوونی زانکۆ لەسەر داهاتووی کۆمەڵگە و ئەو بۆشاییەی کە گەنجان دەکەونە ناوێ، سەرنج و بۆچوونەکانی خۆی بەم شێوەیە دەربڕی: پێویستە هەر کۆمەڵگەیەک ڕۆشنبیر و زانای خۆی هەبێت، مافی هەر کۆمەڵگەیەکە کە منداڵەکانیان بە زمانی دایکی خۆیان پەروەردە ببن و لە زانکۆ بخوێنن، بەڵام ئێمە وەک منداڵانی مەخموور لەم مافی خوێندنەمان بێبەش دەکرێین. بەهۆی نەبوونی زانکۆوە، داهاتووی گەنجان دەکەوێتە مەترسییەوە. بەهۆی نەبوونی دەرفەت لە کامپەکەدا، ڕێژەیەکی زۆری گەنجان لە بۆشاییدا دەژین. ڕەنگە هەندێک کەس بچن لە پەیمانگادا بخوێنن، بەڵام پەیمانگاکەی ئێمە لە ڕووی زانستییەوە تێرکەر نییە و ئەستەمیشە ١١٠ خوێندکار پێکەوە بچن لە پەیمانگاکەدا بخوێنن. لەبەر ئەوەش زۆرێک لە خوێندکاران واز لە خوێندنەکەیان دەهێنن و دەچن دەگەڕێن بەدوای کاردا تاوەکو داهاتووی خۆیان مسۆگەر بکەن.

 

ئارژین ئورپەر بانگەوازێکی ئاراستەی حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق کرد و وتی: وەک هەر منداڵێکی تری ئەم جیهانە، مافی خۆمانە کە ئێمەش لە زانکۆ بخوێنین و خەونەکانمان بەدی بهێنین. هیوادارم حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق دەرگای زانکۆکانمان بەڕوودا بکەنەوە بۆ ئەوەی بتوانین خەونەکانمان بێنینە دی.

 

"ئەگەر زانکۆش نەبێت، ئێمە هەر بەدوای خەونەکانماندا دەڕۆین"

هەلیز ئیلهان یەکێکی تر لەو خوێندکارانەی کە لە بەشی زانستیی قۆناغی ئامادەیی دەرچووە، سەبارەت بە خەونەکانی خۆی و نەبوونی زانکۆ وتی: وەک هەر خوێندکارێک کە قۆناغی ئامادەیی تەواو کردووە، خەونی منیش ئەوەیە لە داهاتوودا ببمە پزیشک و بتوانم خزمەتی کۆمەڵگەکەم بکەم. بەڵام داخی گرانم، ئەمساڵیش ئێمە وەک ١١٠ خوێندکار لە ڕەواترین مافی خۆمان کە خوێندنە بێبەش دەبین. بەڵام نەبوونی زانکۆ بەو مانایە نییە کە ئێمە دەست لە خەونەکانمان هەڵبگرین. ڕەنگە دوای ساڵێک یان دوو ساڵی تر دۆخەکە بگۆڕێت و بتوانین خەونەکانمان بەدی بهێنین. لەبەر ئەوە پێویستە گەنجان هەمیشە لەپێناو خەونەکانیاندا تێبکۆشن و کۆڵ نەدەن. سەرەڕای نەبوونی زانکۆش، ئێمە هەر بەدوای خەونەکانماندا دەڕۆین.

 

هەلیز ئیلهان داوای لە بەرپرسانی حکومەت کرد کە ڕێگەیەک بۆ خوێندنی ئەوان بکەنەوە و وتی: هیوادارین لە کاتێکی نزیکدا ڕێگە بۆ ئێمەی خوێندکاران بکرێتەوە و بتوانین لە زانکۆ بخوێنین.

 

شایانی بیرهێنانەوەیە کە لیژنەی پەروەردەی کامپی مەخموور بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی زانکۆ، بە دەیان جار سەردانی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراقی کردووە، بەڵام تا ئێستا ئەم کێشەیە چارەسەر نەکراوە.

 

هەروەها لە ساڵی ٢٠٢٥دا، شاندێک لە وەزارەتی پەروەردەوە سەردانی کامپەکە و قوتابخانەکانیان کرد. پرۆگرامی پەروەردەیی کامپەکە لەسەر بنەمای پرۆگرامی پەروەردەی عێراق نوێ کراوەتەوە، بەڵام هێشتا نە لەلایەن وەزارەتی پەروەردەی عێراق و نە لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە هیچ هەنگاوێک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی خوێندن نەنراوە، و ڕۆژ بە ڕۆژیش ژمارەی ئەو گەنجانەی لە مافی خوێندنی زانکۆ بێبەش دەبن ڕوو لە زیادبوون دەکات.