خوێندکارانی هەرێمی کوردستان لەسەر شەقامن و پشتیوانی یەکدی دەکەن

ماوەی سێ ڕۆژە خوێندکارانی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان لەسەر شەقامن و داوای خەرجکردنی دەرماڵە و پێدانی مافەکانیان دەکەن، لەبەرامبەردا دەسەڵات هێرش دەکاتە سەریان.

سلێمانی

 

لە ساڵی ٢٠١٤ەوە دەرماڵەی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سەرجەم زانکۆکانی هەرێمی کوردستان پێدانی دەرماڵە بە خوێندکاران وەستێنراوە، بێبەشی خوێندکاران لە مافەکانیان، سیستمی خراپی خوێندن و شکاندنی شکۆی زانکۆ، بووەتە هەوێنی ناڕەزایەتییەکان و خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی ماوەی سێ ڕۆژە لەسەر شەقامن و لە زانکۆ و پەیمانگاکانی دوکان، کۆیە، سۆران و هەولێرەوە پشتیوانیان لێدەکرێت.

 

دوێنێ لە دووەم ڕۆژی گردبوونەوەدا لە بەردەم زانکۆی سلێمانی کامپی کۆن و نوێیەکە، خوێندکاران ڕێگەیان نەدا مامۆستایان بچنە ناو زانکۆوە، دواتر لەلایەن پۆلیسی چالاکییە مەدەنییەکاندا گرژی دروستبوو بە گازی فرمێسکڕێژ و داری کارەبایی هێرشکرایە سەر خوێندکاران.

 

هەر دوێنێ سەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێکدا پشتیوانی لە خوێندکاران کرد، "ئەم داواکارییەی خوێندکاران بەڕەوا دەبینین و پشتگیری تەواوی دابینکردنی دەرماڵەی مانگانەی خوێندکارانی زانکۆ دەکەین"، ئاماژەی بەوەشدا کە وەک سەرۆکایەتی زانکۆ و ئەنجومەنی زانکۆی سلێمانی جەختدەکەینەوە لەسەر پاراستنی حەرەمی زانکۆ و ئیدانەی هەر پێشێلکارییەک و توندوتیژییەک دەکەینەوە کە لە دەرەوەی یاسا و رێنماییەکان ئەنجامدرابێت.

 

وەزارەتی دارایی و ئابوریش سەبارەت بە دەرماڵەی خوێندکاران لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، "بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران ژمارە(١٠١٨) لە بەرواری ١١/٢/٢٠١٤ بەهۆی قەیرانی داراییەوە خەرجكردنی دەرماڵەی خوێندكاران ڕاگیراوە، وەزارەتەکە ئەوەشی ڕونکردووەتەوە "پێش ٢٠١٤ دوای په‌سه‌ندكردنی بودجه‌ له‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ تخصيصات بۆ دەرماڵەی خوێندكاران دانراوه‌ و هه‌ر لە وەزارەتی خوێندنی باڵاوه‌ خه‌رجكراوه‌ و به‌ هیچ جۆرێك نه‌هاتۆته‌وه‌ بۆ وه‌زاره‌تی دارایی و په‌یوه‌ندی به‌ داراییه‌وه‌ نییه".

 

خوێندکارانی زانکۆی کۆیە پشتیوانی زانکۆی سلێمانییان کرد و بۆ گەڕاندنەوەی دەرماڵەکانیان شەوی ڕابردوو ڕێگای سەرەکی شارۆچکەکەیان لە هەیبەت سوڵتان داخست،  داواش دەکەن دەرماڵەکانیان بۆ بگەڕێتەوە و خزمەتگوزاریان بۆ دابین بکرێت.

 

ئەمڕۆ بۆ سێیەم ڕۆژ، خۆپیشاندانی خوێندکاران دەستیپێکردەوە، لەبەردەم زانکۆی سلێمانی خوێندکاران گردبوونەوە و جەخت لەسەر داوا و مافەکانی خۆیان دەکەنەوە، هەروەها خوێندکاران لە شارو شارۆچکەکانی دیکە گردبوونەتەوە، لە هەڵەبجە ڕێگای سەرەکی شارەکەیان گرتووە، لە هەولێر لەبەردەم وەزارەتی خوێندنی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان، خۆپیشاندانی بەرفراوانی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان دەستیپێکردووە و وێنەی ژنە خوێندکارە برینارەکەی دوێنێی سلێمانییان بەرز کردووەتەوە.

 

لە شارۆچکەی سۆران و دوکانی و زانکۆی گەرمانیش گردبوونەوەی خوێندکاران بەردەوامە و بڕیارە ئەمڕۆ دەرچووانی دانەمەزراو بەشداری خۆپیشاندانەکان بکەن و لە بەیاننامەکەیدا شەوی ڕبردوو رایانگەیاند لە پێناو مافی هەمووان  کە دابینکردنی دەرماڵەیە بۆ خوێندکاران و دامەزراندنی  دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان، داوا لە سەرجەم دەرچووانی دانەمەزراو و وانەبێژان و خۆبەخشان و کارمەندانی کەرتی تایبەت دەکەین بەشداری کارایان هەبێت و چیتر  قبوڵی  يئەو بێڕێزی و سوکایەتیە نەکەن کە بەپرۆسەی خوێندن و بڕوانامە دەکرێت.

ت.پ