تەمنا زەریاب پەریانی: دوای بەسەربردنی ڕۆژانی ناخۆش لە زیندان، ڕۆحم لە ئازاردا مایەوە

تەمنا زەریاب پەریانی کە لەگەڵ سێ خوشکەکەی دوای هاتنە سەر دەسەڵاتی تاڵیبان دەستگیرکران و ئەشکەنجە دراون، لە تویتێکدا نووسیویەتی: برینەکانی سەر پێستم نەما، بەڵام ئازارێکی قووڵ لە دڵمدا جێگیر بوو و بەجێی نەهێشتم.

ناوەندی هەواڵ

 

ساڵێک دوای دەستگیرکردنی تەمنا زەریاب پێریانی، چالاکوانی مافی ژنان کە لە ساڵی ڕابردوودا لەگەڵ سێ خوشکەکەی لەلایەن هێزەکانی تاڵیبانەوە دەستگیرکران، لە تویتێکدا نووسیویەتی: " ساڵی ڕابردوو لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا لەلایەن گروپی دژە ژنانی تاڵیبانەوە زیندانی کرام، ئازارەکان بە بەسەربردنی ڕۆژانی ناخۆش لە زیندان کۆتایی نەهات، ڕۆحم لە ئەشکەنجە و زنجیردا مایەوە، برینەکانی سەر پێستم نەما، بەڵام ئازارێکی قووڵ لە دڵمدا جێگیر بوو و بەجێی نەهێشتم، ژیانی لە چاومدا بێمانا کرد و منی گەیاندە بۆشایی ئەو ئازارەی کە بووەتە هاوڕێم."

 

لەو کاتەی کە تاڵیبان هاتبوو بۆ ڕفاندنیان، تەمنا پێریانی گرتەیەکی ڤیدیۆیی خۆی بڵاوکردبووەوە کە لە دۆخێکی ترسناکدایە و هاوار دەکات بۆ یارمەتی، گرتە ڤیدیۆییەکەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و لەسەر ئاستی جیهانی بڵاوکرایەوە، دەستگیرکردنی پاش چەند ڕۆژێک دوای بەشداریکردنی لە خۆپیشاندانێک بۆ بەرگریکردن لە مافی خوێندن و کارکردنبوو.

 

تەمنا پێریانی و خوشکەکانی دوای سێ هەفتە دەستبەسەرکردنیان ئازادکران، دوای ئەوەی ئەفغانستان بەجێدەهێڵن، گەیشتنە ئەڵمانیا و ئێستا لەوێ دەژین.

 

تەمنا زەریاب پێریانی لە دوایین قۆناغی ڕژێمی کۆماریدا لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانیدا کاندید بوو، هەروەها لە ناڕەزایەتییەکانی خوێندن، کار و دژ بە حیجابی ناچاری چالاک بووە.