خەتەنەکردنی مێینە زیانی جەستەیی و دەروونی بۆ زیاتر لە ٢٣٠ ملیۆن ژن و منداڵ لە جیهاندا دەگەیەنێت

بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشدارییان دا کە خەتەنەکردنی مێینە زیانی هەمیشەیی جەستەیی و دەروونی بە زیاتر لە ٢٣٠ ملیۆن کچ و منداڵی لە سەرانسەری جیهان گەیاندووە.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەو ژن و منداڵە کچانەی کە خەتەنە دەکرێن، ڕووبەڕووی ئاڵۆزییە کورتخایەنەکان دەبنەوە وەک ئازارێکی زۆر، شۆک، خوێنبەربوونی زۆر و هەوکردن، شێوازەکانی خەتەنەکردن هەموو ئەو ڕێکارانە دەگرێتەوە کە گۆڕینی ئەندامی زاوزێی مێینە لەخۆدەگرێت.

 

بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی خەتەنەکردنی مێینە، بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتووەکان دوێنێ ٥ی شوبات لە ڕاپۆرتێکدا هۆشدارییان دا کە خەتەنەکردنی مێینە پێشێلکارییەکی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤە، بەو پێیەی زیانی جەستەیی و دەروونی هەمیشەیی بە زیاتر لە ٢٣٠ ملیۆن منداڵی کچ و ژن لە سەرانسەری جیهاندا دەگەیەنێت.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، ئەگەر ڕێکاری بەپەلە نەگیرێتەبەر، ڕەنگە تا ساڵی ٢٠٣٠،  ٢٧ ملیۆن منداڵی کچی دیکە بەرکەوتەی ئەم پێشێلکارییانە ببن.

 

بەرپرسان پابەندبوونی خۆیان بە کارکردن لەگەڵ وڵاتان و کۆمەڵگەکان بۆ کۆتاییهێنان بەم کارە زیانبەخشە دووپاتکردەوە، ئاماژەیان بەوەدا کە پێشکەوتنی بەرچاو لە وڵاتانی وەک کینیا و ئۆگەندا هەبووە، کە هەوڵە هاوبەشەکان و دەستپێشخەرییە کۆمەڵایەتییەکان بووەتە هۆی کەمبوونەوەی ڕێژەی خەتەنەکردنی ژنان.

 

ئەوەشخراوەتەڕوو، لە کۆی ٣١ وڵات کە زانیاری لەسەر بڵاوبوونەوەی خەتەنەکردنی مێینەیان تێدا کۆدەکرێتەوە، تەنها ٧ وڵاتیان لەسەر ڕێڕەوی گەیشتن بە ئامانجی گەشەپێدانی بەردەوامن کە کۆتاییهێنان بەو پراکتیزەیە تا ساڵی ٢٠٣٠، داوای خێراکردنی بەپەلەی پێشکەوتنەکان دەکات.

 

بەرپرسان ڕوونیان کردەوە کە گەیشتن بەو ئامانجە پێویستی بە بەهێزکردنی هاوپەیمانی نێوان سەرکردەکان و ڕێکخراوە بنەڕەتییەکان و کەرتە جیاوازەکانی وەک تەندروستی و پەروەردە و پاراستنی کۆمەڵایەتی هەیە.