"خراپ بوونی خواردن بووەتە هۆی ژەهراوی بوون لە کەرتی غەززە"

لە کەرتی غەززە بەهۆی بەردەوامی شەڕ و نەبوونی خواردنی پێویست و خواردنی لەقوتونراوی خراپبوو ژەهراویی لەناو هاوڵاتیاندا بڵاوبووەتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

لە کاتێکدا ئیسرائیل بەردەوامە لە هێرشەکانی و ڕێگرە لە چوونە ناوەوەی بەرهەمە خۆراکییەکان بۆ کەرتی غەززە، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بارودۆخی مرۆڤ خراپتر دەبێت، لە بەیاننامەیەکدا کە حکومەتی فەڵەستین لە غەززە بڵاویکردووەتەوە، ئاماژەی بەوەکردووە، خەڵکی غەززە خواردنی لە قوتوونراو دەخۆن کە ماوە بەسەرچووە، ئەمەش وایکردووە خەڵکێکی زۆر ژەهراوی ببن.

 

"برسێتی و نەخۆشییە درمیەکان زیاتر تووشی منداڵ دەبن"

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، برسێتی و نەخۆشییە درمیەکان لە کەرتی غەززە بەتایبەتی کاریگەری لەسەر منداڵان هەیە، ئیسرائیل بە شێوەیەکی سیستماتیک سیاسەتی برسێتی جێبەجێ دەکات و ڕێگری دەکات لە دەستگەیشتنی پێداویستییەکان بۆ خەڵکی مەدەنی لە غەززە.

 

"بەرپرسانی شارەوانی دەکرێنە ئامانج"

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: سوپای داگیرکەری ئیسرائیل ڕاستەوخۆ بەرپرسانی شارەوانی دەکاتە ئامانج کە هەوڵی کردنەوەی بیرە ئاوییەکانی کەرتی غەززە دەدەن، ئیسرائیل ڕاستەوخۆ تیمەکانی بەرگری شارستانی کردووەتە ئامانج.

 

٣٧هەزار و ٥٩٨ فەڵەستینی گیانیان لەدەستدا

بەپێی دوایین ڕاگەیەندراو لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە، ١٥ هەزار و ٦٩٤ منداڵ، ١٠ هەزار و ٢٧٩ ژن، لەناو ٣٧  هەزار و ٥٩٨ فەڵەستینین کە گیانیان لەدەستداوە و ٨٦ هەزار و ٣٢ کەسیش برینداربوون.